زووم، ئاژانسەکان
محەمەد شیاع سودانى سەرۆکوەزیرانى عێراق بۆیەکەمجار ئاشکرایدەکات کە بەغداد و هەولێر بەرەو رێککەوتنێک لەگەڵ ئێران هەنگاو دەنێن لەسەر کێشەکانى سنوور.
سودانى لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ رۆژنامەى شەرقولئەوسەت کە لە ژمارەى ئەمڕۆ (9ى شوباتى 2023) بڵاوبووەتەوە، تیایدا ئاشکرایدەکات کە گفتوگۆ و دانوستان لە نێوان عێراق و ئێران هەیە لەسەر کێشەکانى سنوور و لیژنەى ئەمنى هاوبەش کە هەرێمى کوردستان و بەغدادى تێدایە، بەرەو واژۆکردنى رێککەوتنێک لەگەڵ لایەنى ئێرانى هەنگاو دەنێن.
سودانى ئاشکرایکردووە کە رێککەوتنەکە سێ ئەرکى سەرەکى جێبەجێ دەکات ئەوانیش:
یەکەم، هێزە فەرمییەکانى حکومەتى فیدراڵى (بەغداد) کۆنتڕۆڵى سنورەکان نێوان عێراق-ئێران بکەن.
دووەم، رادەستکردنەوەى داواکراوەکان بەگوێرەى یاسا.
سێیەم، رێگەنەدان بە هیچ لایەک سەربازگە دروستبکات یاخود چەکى پێبێت.
سودانى دەشڵێت: تۆ حزبێکى ئۆپۆزسیۆنى و وەکو پەنابەر لێرەى بەگوێرەى یاساکانى عێراق.
لە وەڵامى پرسیارى رۆژنامەکەدا سودانى دەڵێت: بەڵێ، مەبەستم پارتى کرێکارانى کوردستان و حزبى دیموکراتى کوردستانى ئێرانى ئۆپۆزسیۆنە، بوونى ئەوان لێرە کۆنە، بەڵام بە “سیفەتى پەنابەر” نەک بوونى سەربازگە و چەک و راهێنان، وەکو ئەوەى لە کەناڵە ئاسمانییەکانەوە دەردەکەون.
لەبارەى ئەوەى کە ئایا هەرێمى کوردستان رازییە هێزەکانى عێراق کۆنتڕۆڵى سنوورەکان بگرنەدەست؟ سودانى دەڵێت: بەڵێ، شاندێک لە ئێرانەوە دێن بۆ واژۆکردنى رێککەوتنەکە لە بەغداد.
سەرکوەزیرانى عێراق راشیگەیاندووە، تائێستا چەند کۆبوونەوەیەکى ئەو لیژنە هاوبەشەیان کردووە بۆ پاراستنى سنوورەکان لە چوارچێوەیەکى یاساییدا تاوەکو رێگە بگرین لە هەر توندوتیژییەک.
محەمەد شیاع سودانى، سەرۆکوەزیرانى عێراق رایگەیاند، لەگەڵ هەرێمى کوردستان لەسەر شێوازى بەڕێوەبردنى نەوت و ناردنى پارە رێککەوتوون و لە یاساى بودجەدا جێگیرکراوە.
سودانى لە چاوپێکەوتنەکەدا دەڵێت، بە نەخشەرێگایەک بۆ چارەسەرکردنى کێشەکانى نێوان بەغداد و هەولێر دەستمان پێکرد، هەوڵماندا لە رێگەى بودجەى ساڵەکانى پێشووەوە پارە بۆ هەرێمى کوردستان بنێرین، بەڵام لەگەڵ بڕیارێکى دادگاى فیدراڵى بەریەککەوتین و ئەوە وایکرد بەرەو رێکارى دیکە لە چوارچێوەى یاسا و دەسەڵاتەکاندا هەنگاو بنێین.
سودانى دەشڵێت، ئێستا لە سەروبەندى پێشکەشکردنى بودجەداین، پاش پەسەندکردنى بودجە، راستەوخۆ بەرەو دەرکردنى یاساى نەوت و گاز دەڕۆین، ئەمە یەکێکە لە گرنگترین دەستکەوتەکان لەوکاتەوەى دەستوور نوسراوەتەوە لە دواى ساڵى 2003ەوە.
سەرۆکوەزیرانى عێراق، راشیگەیاندووە، تەنها هەرێمى کوردستان چاوەڕوانى یاساى نەوت و گاز ناکات، بەڵکو هەموو پارێزگا بەرهەمهێنەرەکانى نەوت چاوەڕێى پەسەندکردنى دەکەن تاوەکو دەسەڵاتەکانى خۆیان بزانن.