لە زیندانی تورکئۆغلۆی شاری هاتای دوای بومەلەرزەکەی شەشی ئەم مانگە، ژمارەیەک زیندانی هەوڵی هەڵهاتنیاندا و بەهۆی دەستوەردانی هێزە ئەمنیەکانەوە سێ زیندانی کوژران و 12 زیندانیش بریندار بوون.
دوای بومەلەرزەکەی شەشی ئەم مانگە کە پارێزگای هاتای باکوری کوردستانی گرتووە و زیانیکی زۆری بە پارێزگاکە گەیاند، بەشێک لە زیندانیانی زیندانی تورکئۆغلۆ راپەڕین.
بەگوێرەی بەشێک لە میدیاکانی تورکیا، هێزە ئەمنيیەکان و پاسەوانەکانی زیندنەکە، روبەڕوی زیندانییەکان بوونەتەوە و بەو هۆیەوە سێ زیندانی کوژراون و 12 زیندانی دیکە بریندار بوون.
بەڕێوەبەریەتی گشتی زیندانەکانی سەر بە وەزارەتی دادی تورکیا، لەم بارەیەوە راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و پشتڕاستی کردەوە کە ژمارەیەک زیندانی هەوڵی هەڵهاتنیانداوە.
بەڕێوەبەرایەتیەکە ئاماژەی بەوەکرد کە بەشێک لە زیندانیان، دۆخەکەیان قۆزتووەتەوە و هەوڵیانداوە هەڵبێن، بەڵام پاسەوانانی زیندانەکە و هێزی جەندرمە دۆخەکە کۆنتڕۆڵ کردووە و هیچ زیندانیەک نەیتوانیوە هەڵبێت.
بەڕێوەبەریەتی گشتی زیندانەکان هەواڵی کوژرانی زیندانیانی رەتکردەوە و رایگەیاند، هیچ زیندانیەک لە پرۆسەی کۆنتڕۆڵکردنەوەی دۆخەکەدا زیانی بەرنەکەوتووە.
لە شەشی ئەم مانگەدا کە چەند بومەلەرزەیەکی بەهێز لە چەند شارێکی باکوری کوردستان و تورکیا روویاندا و بەدەیان هەزار هاوڵاتی گیانیان لەدەستدا و بریندار بوون، زیندانیانی زیندانی تورکئۆغلۆی هاتای داوایان کردبوو کە پەیوەندی بە کەسوکاریانەوە بکرێت کە لە دۆخی تەندروستیان دڵنیا ببنەوە، بەڵام داواکاریەکەیان رەتکرایەوە.