تاوەکو دوێنێ هیوایەک بۆ چارەسەرى لەئارادا نەبوو، بەڵام ئاماژەکان بۆ ئەوەن چیدیکە مرۆڤ لەبەردەم سەرەکیترین دوژمنیدا دەستوپێسپی نابێت، ئەو دوو زانایەی کە (هاوسەرى یەکترین)، ڤاکسینى فایزەرى کۆرۆنایان دۆزییەوە بە مژدانەیەکى نوێوە دەرکەوتنەوە.
دوو زاناکە دەڵێن ڤاکسینى شێرپەنجە بەرهەمدەهێنن ، ئۆغۆر شاهین و ئۆزلەم تورەچی، کە بە رەگەز تورکن و دانیشتوى ئەڵمانیان، لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ بی بی سی ئاشکرایانکرد، تەکنەلۆژیایەکی نوێیان بۆ چارەسەری شێرپەنجە دۆزیوەتەوە، ئەوان بەهۆى سەرکەوتنیان لە بەرهەمهێنانى ڤاکسینى فایزەر متمانەى جیهانیان بەدەستهێناوە، بۆیە هەوڵە نوێکەیان بۆ ڤاکسینى شێرپەنجە مانشێتى میدیاکانى جیهانە.
ئۆغۆر و ئۆزلەم ، ساڵی 2008 کۆمپانیای بایۆنتێکیان دامەزراند، لە دوای سەرهەڵدانى کۆرۆنا، بە هاوبەشی لەگەڵ کۆمپانیای فایزەری ئەمریکی، ڤاکسینی کۆرۆنای جۆری فایزەریان بەرهەمهێنا.
دوو زاناکە دەڵێن، ئەو ڤاکسینەى بۆ شێرپەنجە بەرهەمى دەهێنن بەرگرى دروستدەکات لە توشبوونى شیرپەنجەی پێست و ریخۆڵە و جۆرەکانی دیکەى وەرەم.
کۆمپانیاکەیان چەندین تاقیکردنەوەی لە قۆناغی جێبەجێکردندایە
لەنێویاندا تاقیکردنەوەیەک، کە نەخۆش ڤاکسینێکی تایبەتی پێدەدرێت بۆئەوەی سیستمی بەرگری لەشی هان بدات بۆ هێرشکردنە سەر نەخۆشییەکە و بنەبڕی بکات.
دۆزینەوەکە لەرێگەی بەکارهێنانی تەکنەلۆژیایەی mRNAەوە دەبێت، کە بەکاردەهێنرێت بۆ ناردنی رێنمایی یان نەخشەیەک بۆ خانەکان بەمەبەستی بەرهەمهێنانی دژە تەن یان پرۆتین دژی خانەی نەناسراو و زیانگەیەنەر بە جەستەی مرۆڤ.
هەرچەندە کاتی بەرهەمهێنانی ئەم ڤاکسینە دیارینەکراوە، بەڵام بەگوتەی دوو زاناکەن تاوەکو پێش ساڵی 2030 ڤاکسینی شێرپەنجە ئامادە دەکرێت.
بەگوێرەى ئاماری رێکخراوی تەندروستی جیهانیی، شێرپەنجە یەکێکە لە هۆکارە سەرەکیەکانی مردنی مرۆڤ، باوترین جۆرەکانى شێرپەنجەی مەمک، سییەکان، کۆڵۆن، دوانزەگرێ و پرۆستاتە.
داوایین ئامارى تەندروستى جیهانیی، کە شوباتی ئەمساڵ بڵاویکردەوە، دەریدەخات لە ساڵی 2020دا 10 ملیۆن کەس لە جیهان بە شێرپەنجە مردون، ژمارەی توشبووانیش زیاتر لە 18 ملیۆن کەس بووە، ساڵانە نزیکەی 400 هەزار منداڵ توشی نەخۆشیەکە دەبن .