ساڵێک دوای بڕیارەکەی دادگای فیدڕاڵی کە فرۆشتنی نەوت و غازی هەرێمی بە نادەستوری لە قەڵەمدا، دیوانی چاودێریی دارایی عێراق بە ئاڕاستەی جێبەجێکردنی بڕیارەکەی دادگای فیدڕاڵی هەنگاو دەنێت.
دیوانی چاودێریی دارایی عێراق کە دامەزراوەیەکی سەر بە پەرلەمانی عێراقە رایگەیاند، پێویستە هەرێمی کوردستان تەواوی نەوتەکەی رادەستی بەغداد بکات.
چاودێریی دارایی عێراق چەند رێکاری بۆ جێبەجێکردنی بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی لەبارەی “نادەستووریبوونی یاسای نەوت و گازی هەرێم”ەوە دەرکرد و دەڵێت، پێویستە حکومەتی هەرێم پابەندی بڕیارەکانی دادگای فیدراڵیی بێت و وەزارەتی نەوت و دیوانی چاودێریی داراییش پێداچوونەوە بە سەرجەم گرێبەستە نەوتییەکانی هەرێمدا بکەن.”
لەبارەی بودجەی هەرێمەوە، چاودێری دارایی دەڵێت، پشکی هەرێمی کوردستان لە بودجەی گشتیی عێراقدا دیاریدەکرێت و مافی هاوڵاتیانی پارێزگاکانی هەرێم پارێزراو دەبن و بەشە بودجەکەش بەبێ دواکەوتن رەوانەی هەرێمی کوردستان دەکرێت”.
سۆران عومەر پەرلەمانتاری عێراق لەبارەی ئەم بڕیارەوە دەڵێت، چاودێری دارایی عێراق دەیەوێت پاکتاوی ئەو پارانە بکات کە لە ساڵی 2005 تاوەکو ئێستا نێردراوە بۆ هەرێمی کوردستان.
ئەمە لەکاتێکدایە کە 25ى مانگی رابردوو دادگای فیدڕاڵی لەسەر سکاڵای پەرلەمانتارێک بڕیای راگرتنی ئەو 400 ملیارەی دەرکرد کە سودانی هەوڵیدا بینێرێت بۆ هەرێمی کوردستان.
کێشەکانی بەغداد و هەولێر لە دادگای فیدڕاڵی هەر بودجە و نەوت و غاز نییە، بەڵکو کێشەیەکی دیکەش هەیە کە درێژکردنی تەمەنی پەرلەمانی کوردستانە و رەنگە سبەی ئەم دۆسیەش بەلایەکدا بخات.
بەگوێرەی راگەیەندراوی دادگاکە، سبەی سێشەممە دادگای فیدڕاڵی جارێکی دیکە لەسەر درێژکردنەوەی ماوەی پەرلەمانی کوردستان کۆدەبێتەوە.
ئەمە لەکاتێکدایە کە سێشەممەى رابردوو دانیشتنەکەی دادگا بەهۆی ئامادەنەبوونی تیمی پارێزەرانی سەرۆکی پەرلەمانی کوردستانەوە دواخرا و بڕیارە سبەی دانیشتنەکە بە کراوەیی ئەنجامبدرێت.
کۆبوونەوەکەی دادگای فیدڕاڵی لەسەر سکاڵای هەریەکە لە، یوسف محەمەد سەرۆکی پێشووی پەرلەمانی کوردستان، شاسوار عەبدولواحید سەرۆکی جوڵانەوەى نەوەی نوێ، سروە عەبدولواحید پەرلەمانتاری عێراق و کاوە عەبدولقادر پەرلەمانتاری کوردستان بووە.
ناوەرۆکی سکاڵاکە لەبارەی تەمەنی خولی پێنجی پەرلەمانی کوردستانەوەیە کە 6-نۆڤەمبەری 2022 کۆتایی هات، بەڵام بە دەنگی زۆرینە، تەمەنی خولى پێنجەمى پەرلەمان تاوەکو ٣١ی ١٢ی ٢٠٢٣ درێژکرایەوە.
سکاڵاکاران ئەمە بە پێشێلکردنی دەستور و یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دەزانن و لە رێگەی چەند ماددەیەکی دەستوری عێراقەوە دەیانەوێت، دادگای فیدڕاڵی قەناعەت پێبکەن کە درێژکردنەوەی ماوەی پەرلەمان نایاساییە.