100 رۆژ بەسەر دەستبەکاربوونى کابینەکەى محەمەد شیاع سودانى سەرۆکوەزیرانى عێراقدا تێپەڕى، پاش 100 رۆژ کابینەکەى سودانى لە بەردەم سێ ئاڵنگاریی گەورەدایە کە تائێستا لە هیچیان بە سەرکەوتوویی دەربازى نەبووە کە ئەوانیش قەیرانى دۆلار و بودجەى 2023 و “دزى سەدەیە”.
لە کۆتاییەکانی ساڵی 2022 قەیرانى دۆلار بەرۆکى کابینەکەى سودانى گرت، بەهای دینار بەرامبەر دۆلار بە خێرایی رووى لە دابەزین کرد، بووە هۆى بەرزبوونەوەى نرخى کاڵا و شتومەک لە بازاڕدا ئەوەش دەنگى ناڕەزایی بەرامبەر کابینەکەى سودانى بەرزکردەوە.
پاش مانگێک لە سەرهەڵدانى قەیرانەکە سودانى لە 23ی کانوونی دووەمی ئەمساڵ پارێزگاری بانکی ناوەندی لە کارەکەی دورخستەوە و رایگەیاند هەر بەرپرسێک چارەسەری بۆ کێشەکان پێنەبێت لە کارەکەی دوردەخرێتەوە.
سەربارى بڕیارەکانى حکومەت و بانکى ناوەندی تائێستاش قەیرانى دۆلار بەردەوامە و هەفتەی رابردووش دەنگی ناڕەزایی و خۆپیشاندان لە بەغدادى پایتەخت بەرزبۆوە، جوڵانەوەی “ئیمتیداد” کە فراکسیۆنێکى ئۆپۆزسیۆنە لە پەرلەمان، داوای دەستلەکارکێشانەوەی سودانی کرد.
پەسەندکردنى بودجەى 2023 ئاڵنگارییەکى دیکەى بەردەم کابینەکەى سودانییە، پاش 100 رۆژ تائێستا رەشنووسى یاساکەى رەوانەى پەرلەمان نەکراوە، لەکاتێکدا دەبێت پێش کۆتایی هەموو ساڵێک بودجە رەوانەى پەرلەمان بکرێت و پەسەند بکرێت، سودانى و وەزیرەکانى کابینەکەى دەڵێن دەیانەوێت بودجەیەکى جیاواز لە ساڵانى رابردوو ئامادەبکەن هەر ئەوەشە کە وایکردووە لە وادەى خۆى دوابکەوێت.
“دزیی سەدە” کە چەند رۆژێک پێش دەستبەکاربوونی کابینەکەى سودانی وەک بۆمبێکى گەورە لە عێراق تەقییەوە، تائێستاش لێکەتەکانى بەردەوامە و بووەتە ئاڵنگارییەکى گەورە لە بەردەم حکومەتەکەى سودانى.
“دزی سەدە” بریتی بوو لە دیارنەمانی 3.7 ترلیۆن دینار کە دەکاتە 2.5 ملیار دۆلار، لە هەژمارى دەستەى باج لە بانکى رافیدەین، هەرچەندە هەنگاوەکان بە خێرایی دەستیانپێکرد و بەشێک لە تۆمەتباران دەستگیرکران، بەڵام تائێستا دۆسیەکە بە کراوەیی ماوەتەوە نە هیچ تۆمەتبارێک سزادرا و نە پارەکە بە تەواوى گەڕێنراوەتەوە جگە لە بڕێکى کەم نەبێت کە نزیکەى 400 ملیار دینارە.
لەبارەى کێشەکانى نێوان هەولێر و بەغدادیش سودانی نزیکبوو لە رێکەوتن لەگەڵ هەرێمى کوردستان، وەک پیشتر لایەنە شیعیەکان و کورد لەسەرى رێکەوتنبوون، لەو چوارچێوەیەدا سودانی بڕیاریدا بە ناردنی 400 ملیار دینار بۆ هەرێم، بەڵام بڕیارێکی دادگای فیدراڵی لە 25ی کانونی دووەمی ئەمساڵ ئاسۆی چارەسەربوونی ناکۆکییەکانی نێوان هەولێر و بەغدادی بە نادیاری هێشتەوە، بەو پێیەی دادگای فیدراڵی دەڵێت بڕیارەکانی حکومەت بۆ ناردنی بڕە پارەیەک بۆ هەرێم “نادروستن”.