یەکێتیی تۆپی پێی نێودەوڵەتیی “فیفا” چوارەم گۆرانیی مۆندیالی 2022ی بڵاوکردەوە
“ئاسمان رووناک بکەنەوە” ناوی گۆرانییەکەیە کە لەلایەن چوار گۆرانیبێژ دەوترێتەوە، یەکێک لە گۆرانیبێژەکان رەحمە ریاز-ی عێراقییە.
رەحمە ریاز تەمەنی 35 ساڵە و سەرەتای دەرکەوتنی دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی 2010، ئەوکاتەی بەشداریی لە بەرنامەی ستار ئەکادیمی دا کرد لە کەناڵی LBC، ساڵی رابردوو ئەندامی لیژنەی دادوەریی بوو لە بەرنامەی عەرەب ئایدڵ.
خاوەنی 12 گۆرانییە و لە یوتیوب سەدان ملیۆن بینەری هەیە، ئەمجارەیان رەحمە ریاز لەگەڵ سێ گۆرانیبێژی دیکەی عەرەبدا، گۆرانی بۆ مۆندیالی 2022 دەڵێن کە مانگی داهاتوو دەستپێدەکات.
تێکستی گۆرانییەکە تێکەڵەیەکی ئینگلیزی و عەرەبییە، لە مۆندیالی 1962ی چیللییەوە گۆرانی مۆندیال بوەتە نەریت، هەموو چوار ساڵ جارێک گۆرانییەکی تایبەت بە مۆندیال بڵاودەکرێتەوە.
پێشتر گۆرانییەکان لەلایەن یاریزانانەوە دەگوترانەوە، بەڵام ساڵی 1998 ریکی مارتن گۆرانی تایبەت بە مۆندیالی فەرەنسای گوتەوە.
لەوکاتەیشەوە فیفا بۆ گۆرانییەکانی مۆندیال پەنا بۆ دیارترین گۆرانیبێژەکانی جیهان دەبات.