زووم
ساڵانە لە یەکی شوباتدا نزیکەی 116 وڵاتی جیهان یادی “رۆژی جیهانیی حیجاب” دەکەنەوە. بیرۆکەی دیاریکردنی ئەو رۆژە جیهانییە دەگەڕێتەوە بۆ هەوڵەکانی “نازیمە خان”، کە چالاکێکی موسوڵمانی بەنگلادیشییە و لە نیویۆرکی ئەمریکا دەژی.
نازیمە خان، بۆیەکەمجار لە ساڵی 2013دا پێشنیازیکرد یەکی شوبات بکرێتە رۆژی جیهانیی حیجاب، ئەوکات داوای لە سەرجەم خانمانی جیهان کرد بە موسڵمان و نا-موسڵمانەوە کە “لەو رۆژەدا حیجاب بپۆشن”.
لە ساڵی یەکەمی بانگەوازەکەی نازیمە خاندا، خانمانی 50 وڵات بەدەمیەوە چوون، ئێستاش پاش تێپەڕبوونی 10 ساڵ، لە 116 وڵاتی جیهانەوە ئەو یادە دەکرێتەوە. بەشێک لە ژنان حیجاب دەپۆشن و وێنەکانیشیان لەنێو یاریگا، لەکاتی کارکردن، پێشکەشکردنی سیمینار و ئیڤێنتەکاندا بڵاودەکەنەوە.
ئەمساڵیش بەو بۆنەیەوە کۆنفرانسێکی ئۆنلاین بەڕێوەچوو، نازیمە خان رێکخەری گفتوگۆیەکی کراوەی نێوان خانمان بوو لەبارەی حیجابەوە.
ئەمە ساڵی دەیەمە لەسەریەک نازیمە خان بانگەشە بۆ رۆژی جیهانیی حیجاب دەکات، وادەردەکەوێت کەسانێکی زۆر بەدەم پەیامەکەوە هاتبن، بەوپێیەی هاشتاگی تایبەت بەو رۆژە بە چەند زمانێکی جیاواز لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بەشێوەیەکی فراوان بڵاودەبێتەوە.
بەشێک لە خانمان ئەم هەلە دەقۆزنەوە، تاوەکو لەو رێگەیەوە باس لە هۆکاری پۆشینی حیجابەکەیان بکەن، خانمێک بە ناوی سارە لە تویتەر وێنەی چەند خانمێکی لە ئاینە جیاوازەکان بڵاوکردووەتەوە، کە سەرپۆشیان بەسەرەوەیە، وەکو ئاماژەیەک بۆ بەربڵاویی ئەو نەریتە. سارە نوسیویەتی، “من موسڵمانم و هیچ کەسێک زۆری لێنەکردووم حیجاب بپۆشم، حیجاب بەلای منەوە زیاترە لە پارچە قوماشێک بۆ داپۆشینی سەرم، ئەمە ناسنامە و مافی خۆمە، زۆر سوپاسی ئەوانە دەکەم کە بەفیعلی پشتیوانیم دەکەن”.
هاوکات بانگەوازەکەی نازیمە خان بەدەر نەبووە لە رەخنە، هەندێک پێیانوایە هێز لەوەدایە کە روبەڕوی حیجاب ببیتەوە، نەوەکو بانگەوازی بۆ بکەیت.
خانمێک لە هیندستانەوە لە هەژماری تویتەرەکەیدا هاشتاگی رۆژی جیهانیی حیجابی بڵاوکردووەتەوە و لەگەڵیدا نووسیویەتی “حیجاب تەنها پارچە قوماشێکە، کە دەتوانیت بیکڕیت و بیفرۆشیت، هیچ پەیوەندیی بە بابەتی دیکەوە نییە، ئەو خانمانەی حیجاب دەپۆشن بەهێزنین، بەڵکو ئەوانە بەهێزن کە روبەڕوی دەوەستنەوە”.
سەرباری پاڵپشتی و رەخنەکان، بەڵام نازیمە خان بەردەوامە لەسەر بانگەوازەکەی، ئەو لە گرتەیەکی ڤیدیۆییدا دەڵێت، لەپێناو کۆتاییهێنان بە رق و کینە لەجیهاندا، پێویستە فێری ئەوەبین یەکدی قبوڵبکەین و جیاوازییەکان وەلا بنێین. داوا لە خانمانی جیهانیش دەکات لە یەکی شوباتدا حیجاب بپۆشن، وەکو هاوسۆزییەک بۆ ئەو خانمانەی بەهۆی پۆشینی حیجابەوە روبەڕوی جیاکاریی دەبنەوە. نازیمە خان دەڵێت، لە ژێر ئەو حیجابەوە، مرۆڤێک، دڵێک و رۆحێک هەیە.