زووم، ئاژانسەکان
دانیمارک، ئەڵمانیا و هۆڵەندا لە راگەیەندراوێکى هاوبەشدا رایانگەیاند، بودجەی پێویستیان ئامادەکردووە بۆ نۆژەندکردنەوەی 100 تانکی لیۆپارد1 بۆئەوەى ئامادەى بکەن و رەوانەى ئۆکراینى بکەن.
بۆریس پیستۆریەس، وەزیری بەرگریی ئەڵمانیا، لە سەردانێکی چاوەڕواننەکراودا بۆ کیێڤ رایگەیاند، 20 بۆ 25 تانکی لیۆپارد1 لە وەرزی هاویندا دەگەنە ئۆکراین و 80 دانەش لە کۆتایی ساڵدا دەگەن، سەرەڕای ئەوەش، 100 تانکی دیکە لە ساڵی 2024دا دەگاتە ئەو وڵاتە.
رۆبێرت هابێک، جێگری راوێژکاری ئەڵمانیا رایگەیاند، لەکاتێکدا پێویستە ئۆکراین لە چارەکی یەکەمی ئەمساڵدا، دەیان تانکی لیۆپارد1ی دروستکراوی ئەڵمانیای پێبگات، هێشتا دیارنییە کەی ئەو 178 تانکەی وڵاتەکەی بەتەواوی بۆ ئۆکراین دەنێردرێن.
ناردنی تانکەکان دوای چەندین فشاری نێودەوڵەتی بوو بۆ سەر ئەڵمانیا. لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بەوەی ناردنی تانک بۆ ئۆکراین بڕیارێکی درەنگوەخت بووە، هابێک رایگەیاند: “خۆزگە بڕیارەکە لەکاتی خۆیدا رابگەیەندرایە “چونکە سەرەرای درەنگکەوتنی تانکەکان، مەشق و راهینان، پاڵپشتی لۆجیستی، ناردنی پارچەی یەدەگ و چەک و تەقەمەنیش چەندین مانگی دیکەی پێویستە.
چاوەڕوانی ئۆکراین بۆ تانکەکان لەکاتێکدایە کە ئێستا جەنگی سەخت لەنێوان سوپای روسیا و سوپای ئەو وڵاتە بەردەوامە. لە دوایین پێشهاتەکانی ئەم چەند رۆژەی دواییدا، سوپای ئۆکراین رۆژی سێشەممە رایگەیاند، تەنها لە ماوەی 24 کاتژمێری رابردوودا، زیاتر لە هەزار سەربازی روسیان کوشتووە.
بەگوێرەی ئامارەکانی ئۆکراین، تاوەکو ئێستا زیاتر لە 133 هەزار سەربازی روسی لە جەنگەکەدا کوژراون. سەرەڕای ئەمەش، سوپای ئۆکراین بانگەشەی ئەوە دەکات کە 3245 تانک، 6443 زرێپۆشی سەربازیی، 2232 بنکەی تەقاندنی هاوەن و 294 فڕۆکە و هێلیکۆپتەری روسیایان تێکشکاندووە.
لە لایەکی دیکەوە، ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرز رایگەیاند، ئەو بانگەشانەی کە ئۆکراین دەیکات، جێگەی پشت پێبەستن نین و تاوەکو ئێستا لەلایەن روسیاوە پشتڕاست نەکراونەتەوە.
ئەم دەنگۆیانە لە کاتێکدایە وەزیری بەرگری بەریتانیا رایگەیاند، ئێستا روسیا کێشەی کەمی چەک و تەقەمەنی هەیە بۆ بەردەوامیدان بە هێرشەکانی بۆ سەر ئەو ناوچانەی کە لە دۆنێتسکی رۆژهەڵاتی ئۆکراین ماون کۆنتڕۆڵیان بکات.
لە کاتێکدا تەنها دوو هەفتەی ماوە بۆ ساڵیادی دەستپێکردنی هێرشەکانى روسیا، ئۆلێکسی دانیلۆڤ، بەرپرسی باڵای ئاسایشی نیشتیمانی ئۆکراین بە رۆیتەرزی راگەیاند، لە پێشهاتێکی نوێدا کرێملین بەنیازە هێرشبکاتە سەر ناوچەکانی باکوری رۆژهەڵاتی خارکیڤ و زاپۆریژیا.
پێشتر ڤۆلۆدیمێر زێلێنسکی، سەرۆکی ئۆکراین رایگەیاند، روسیا بەنیازە لە ساڵیادی دەستپێکردنی هێرشەکەی بۆ سەر ئۆکراین، هێرشی بەرفراوان دەستپێبکات و وەک نمایشێک نیشانی خەڵکەکەی بدات کە پێشڕەوی گەورەیان ئەنجامداوە.