زووم، ئاژانسەکان
ئامارى گیانلەدەستدان بەهۆى بومەلەرزەکانەوە لە باکورى کوردستان و تورکیا و رۆژئاڤاى کوردستان و سوریا هەشت هەزار کەسی تێپەڕاند و بریندارەکانیش 37 هەزارى تێپەڕاند، نەتەوەیەکگرتووەکانیش داواى هاوکارى بەپەلە بۆ گەلى سوریا دەکات.
بەگوێرەى دواین ئامارى بومەلەرزەکانى باکورى کوردستان و تورکیا، پێنج هەزار و 894 کەس گیانیان لەدەستداوە، 34 هەزار و 810 کەس بریندارن.
هاوکات بەگوێرەى دواین ئامار لە رۆژئاڤاى کوردستان و سوریا، دوو هەزار و 370 کەس گیانیان لەدەستداوە، دوو هەزار و 554 کەس بریندارن.
ئامارەکان بەردەوام روو لە بەزبوونەوەن و هێشتا سەدان کەس لەژێر داروپەردوى بینا روخاوەکاندان.
زیاتر لە 80 وڵات ئامادەى هاوکارییان بۆ تورکیا دەربڕییوە، بەڵام دۆخەکە بۆ رۆژئاڤاى کوردستان و سوریا بەوشێوەیە نییە، نەتەوەیەکگرتووەکانیش لە بەیاننامەیەکى هاوبەشیدا پابەندبوونى خۆى بە پشتیوانیکردنی گەلی سوریا لە دوای بوومەلەرزەکە دووپاتکردەوە.
بەگوێرەى بەیاننمانەى هاوبەشى نەتەوەیەکگرتووەکان، ئەوانەى بەهۆى بومەلەرزەکەوە زیانیان بەرکەوتووە پێویستیان بە هاوکاریکردنى بەپەلەیە، بوومەلەرزەکە زۆر کەسی بێ خواردن و شوێنی حەوانەوە کردووە، پێویستیان بە هاوکاری پزیشکی و دەرونی هەیە و بانگەوازی هاوکاری لە خێرخوازان دەکات.
لە بەیاننامەى هاوبەشى نەتەوەیەکگرتووەکاندا هاتووە، قەیرانی سوریا کە 12 ساڵە بەردەوامە، وڵاتەکەی وێرانکردووە و ملیۆنان کەسیش پێویستیان بە هاوکاری مرۆییە.
رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆمارى تورکیا بارى نائاسایی بۆ ماوەى سێ مانگ لە 10 پارێزگا راگەیاند، کە بەهۆى بومەلەرزەکەوە زیانیان بەرکەوتووە.