زووم، ئاژانسەکان
ژمارەى قوربانیانى بومەلەرزەکە زیاتر بەرزبووەوە، تاوەکو ئێستا نزیکەى چوار هەزار و 400 کەس لە باکورى کوردستان و تورکیا رۆژئاڤاى کوردستان و سوریا گیانیان لەدەستداوە. تەندروستى جیهانى پێشبینى دەکات ژمارەى گیانلەدەستدان بۆ چوار هێندەى ئێستا بەرزببێتەوە.
بەگوێرەى دواین ئامارى دەزگاى کارەسات و فریاگوزارى تورکیا، ژمارەى گیانلەدەستدان بەهۆى بومەلەرزەکە بەزربووەوە بۆ دوو هەزار و 921 کەس، ژمارەى بریندارانیش گەیشتە 15 هەزار و 834 کەس.
هاوکات ژمارەى گیانلەدەستدان بەهۆى بومەلەرزەکە لە رۆژئاڤاى کوردستان و سوریا بەرزبووەوە بۆ هەزار و 504 کەس، سێ هەزار و 548 کەسیش بریندارن.
تیمەکانى فریاگوزارى ناوخۆ و دەرەکیى بە بەردەوامى لە هەوڵى دەرهێنانى ئەوانەدان کە لە ژێر داروپەردوى بینا و خانووە روخاوەکاندان.
دواى 16 کاتژمێر لە بومەلەرزەکە تیمەکانى فریاگوزرارى لە شارۆچکەی پازارجکى سەر بە پارێزگاى مەڕەش ژنێکیان لەژێر داروپەردوى بینایەکى روخاودا دەرهێنا و دەژی و گوزارایەوە بۆ نەخۆشخانە.
لەدواى بومەلەرزە بەهێزەکەى یەکەم کە بەرەبەبانى دوێنێ رویدا، چەندین بومەلەرزەى دیکە رویانداوە، دواینیان کاتژمێر 6:15 خولەکى بەرەبەیانى ئەمڕۆ بوو، کە گوڕەکەى 5.3 پلەى رێختەر بوو، لە باکورى کوردستان رویدا.
کاترین سمۆڵوود، بەرپرسی باڵای فریاگوزاری رێکخراوی تەندروستی جیهانیی بۆ ئەوروپا بە ئاژانسی هەواڵی فرانس پرێسی راگەیاند، پێشبینی دەکەن ژمارەی گیان لەدەستدان بەهۆی بومەلەرزەکەی تورکیا و سوریا، بگاتە 20 هەزار کەس.