زووم:
100 رۆژ بەسەر دەستبەکاربوونى کابینەکەى محەمەد شیاع سودانى سەرۆکوەزیرانى عێراقدا تێپەڕى، پاش 100 رۆژ کابینەکەى سودانى لە بەردەم سێ ئاڵنگاریی گەورەدایە کە تائێستا لە هیچیان بە سەرکەوتوویی دەربازى نەبووە کە ئەوانیش قەیرانى دۆلار و بودجەى 2023 و “دزى سەدەیە”.
قەیرانى دۆلار
لە کۆتاییەکانی ساڵی 2022 قەیرانى دۆلار بەرۆکى کابینەکەى سودانى گرت، بەهای دینار بەرامبەر دۆلار بە خێرایی رووى لە دابەزین کردو بووە هۆى بەرزبوونەوەى نرخى کاڵا و شتومەک لە بازاڕدا کە ئەمەش راستەوخۆ دەنگى ناڕەزایی بەرامبەر کابینەکەى سودانى بەرزکردەوە.
پاش مانگێک لە سەرهەڵدانى قەیرانەکە سودانى لە 23ی کانوونی دووەمی ئەمساڵ پارێزگاری بانکی ناوەندی لە کارەکەی دورخستەوە و رایگەیاند هەر بەرپرسێک چارەسەری بۆ کێشەکان پێنەبێت لە کارەکەی دوردەخرێتەوە.
سەربارى بڕیارەکانى حکومەت و بانکى ناوەندی تائێستاش قەیرانى دۆلار بەردەوامە و هەفتەی رابردووش خۆپیشاندان و ناڕەزایەتى لە بەغدادى پایتەخت ئەنجامدرا، جوڵانەوەی “ئیمتیداد” کە فراکسیۆنێکى ئۆپۆزسیۆنە لە پەرلەمان، داوای دەستلەکارکێشانەوەی سودانی کرد.
بودجەى 2023
پەسەندکردنى بودجەى 2023 ئاڵنگارییەکى دیکەى بەردەم کابینەکەى سودانییە، پاش 100 رۆژ تائێستا رەشنووسى یاساکە لە ئەنجومەنی وەزیرانە و رەوانەى پەرلەمان نەکراوە، لەکاتێکدا دەبێت پێش کۆتایی هەموو ساڵێک بودجە رەوانەى پەرلەمان بکرێت و پەسەند بکرێت.
بیانوی دواکەوتنەکەی بودجە لای سودانى و ئەنجومەنی وەزیران ئەوەیە کە دەیانەوێت بودجەیەکى جیاواز لە ساڵانى رابردوو ئامادەبکەن .
“دزیی سەدە”
“دزیی سەدە” کە چەند رۆژێک پێش دەستبەکاربوونی کابینەکەى سودانی وەک بۆمبێکى گەورە لە عێراق تەقییەوە، تائێستاش لێکەتەکانى بەردەوامە و بووەتە ئاڵنگارییەکى گەورە لە بەردەم حکومەتەکەى سودانى.
“دزی سەدە”دیارنەمانی 3 ترلیۆن و حەوت سەد ملیار دیناربوو لە هەژمارى دەستەى باج لە بانکى رافیدەین، کە بەدۆلار دەکاتە دوو ملیار و 500 ملیۆن دۆلار.
هەرچەندە هەنگاوەکان بە خێرایی دەستیانپێکرد و بەشێک لە تۆمەتباران دەستگیرکران، بەڵام تائێستا دۆسیەکە بە کراوەیی ماوەتەوە نە هیچ تۆمەتبارێک سزادرا و نە پارەکە بە تەواوى گەڕێنراوەتەوە جگە لە بڕێکى کەم نەبێت کە نزیکەى 400 ملیار دینارە.
لەبارەى کێشەکانى هەولێر و بەغدادەوە هێشتا بەرهەمی ئەو رێککەوتنە دیار نییە کە لایەنە شیعیەکان و پارتی و یەکێتی پێش پێكهێنانی حکومەت لە چوارچێوەى هاوپەیمانێتى ئیدارەى دەوڵەت لەسەرى رێککەوتن.
ئەمەش لەو کاتەدا بەروونی دەرکەوت کە سودانی بڕیاریدا بە ناردنی 400 ملیار دینار بۆ هەرێم، بەڵام بڕیارێکی دادگای فیدراڵی لە 25ی کانونی دووەمی ئەمساڵ ئاسۆی چارەسەربوونی ناکۆکییەکانی نێوان هەولێر و بەغدادی بە نادیاری هێشتەوە، دادگاکە دەڵیت، بڕیارەکانی حکومەت بۆ ناردنی پارە بۆ هەرێم “نادروستن”.
سودانى لە کارنامەى حکومەتەکەیدا چەندین پڕۆژەیاساى دەستنیشانکردووە کە دەبێت لە ماوەیەکى دیاریکراودا پەسەند بکرێن، یەکێک لەوانە هەموارى یاساى هەڵبژاردنى پارێزگاکانى عێراقە، بەگوێرەى کارنامەکە دەبوو لە ماوەى سێ مانگدا یاساکە هەمواربکرێتەوە، بەڵام زیاتر لە سێ مانگ تێپەڕیوە و هێشتا یاساکە هەموارنەکراوەتەوە لەکاتێکدا هەر بەگوێرەى کارنامەى کابینەکەى سودانى، دەبێت تا مانگى ئۆکتۆبەرى ئەمساڵ هەڵبژاردنى ئەنجومەنى پارێزگاکان لە تەواوى عێراق بکرێت بە پارێزگاى کەرکوکیشەوە.