زووم:
بە گوێرەی راپۆرتێکی بی بی سی لەبارەی هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتیی تورکیاوە، “ئەردۆغان لەبەردەم تاقیکردنەوەیەکی گەورەدایە، ئەگەر هەڵبژاردن بکەوێتە خولی دوومەوە، ئەوا بە ئەگەرێکی زۆرەوە هەدەپە ئەنجامەکە یەکلادەکاتەوە”.
بی بی سی، ئاماژەیبەوەداوە، هەڵبژاردنەکانی تورکیا لە دۆخێکی سەختدا ئەنجامدەدرێت “لە دۆخێکدا کە ژیان زۆر قورس بووە، رێژەی هەڵاوسان بەگوێرەی ئامارە فەرمییەکان گەیشتووەتە 57٪، کرێی خانوویەکی ئاسایی چوار هەزار و 500 لیرەیە و مووچە لە ئاستێکی نزمدایە.. ئەردۆغان تاقیدەکرێتەوە”.
“ئەگەرچی ئەردۆغان هەوڵی زیادکردنی مووچەی کارمەند و خانەنشینانی داوە و سەرقاڵی بەدەستهێنانی زیاتری وزەی سروشتییە” بەڵام بی بی سی، گوتەی هاوڵاتییەکی تورکیای بەبیرهێناوەتەوە کە لە میدیاکاندا بڵاوبووەتەوە و دەڵێت “ئەمساڵ لەناکاو هەژار بووین.. لەچاوی ئێمەدا رێژەی هەڵاوسان لە بازاڕدا 600٪ی تێپەڕاندووە، بەڵام مووچەی خانەنشینی تەنیا 30٪ زیادی کردووە، ئەمەش دۆخی خراپی هاوڵاتیان نیشاندەدات”.
ئەنجامی هەڵبژاردنەکان بەدەست “هەدەپە”ـیە
لە راپۆرتەکەی بی بی سیدا هاتووە، “شەش لایەنەکەی هاوپەیمانیی گەل بەڵێنیان بە هاوڵاتیان داوە سیاسەتی ئابووریی وڵات بگۆڕن و سەربەخۆیی بانکی ناوەندی مسۆگەر بکەن، کە پێدەچێت کاندیدەکەیان کەمال کلچدارئۆغلۆ سەرۆکی جەهەپە بێت، بەڵام بەگوێرەی هەموو پێشبینییەکان، سێیەم پارتی تورکیا کە (هەدەپە)یە دەتوانێت ئەنجامی هەڵبژاردنەکان یەکلابکاتەوە”.
داخستنی هەدەپە کاریگەریی لەسەر هەڵبژاردنەکان نابێت
بی بی سی لێدوانی هۆشیار ئوزسوری پەرلەمانتاری هەدەپە و یاریدەدەری هاوسەرۆکانی پارتەکەی لەبارەی پرسی بڕینی بودجەی پارتەکەیان لە گەنجینەی دەوڵەت و داخستنی پارتەکە وەرگرتووە.
ئۆزسوی دەڵێت، “ئەگەر هەدەپە دابخەن، رێگەی دیکە هەیە کە بەشداری لە هەڵبژاردنەکاندا بکەین، بۆیە داخستنی هەدەپە و بڕینی بودجەکەی کاریگەری لەسەر ئەنجامی هەڵبژاردنەکان دروست ناکەن”.
کۆتاییەکانی مانگی رابردوو دادگای دەستووریی تورکیا بڕیاریدا بە شێوەیەکی کاتیی بودجەی هەدەپە ببڕێت، دواتریش یەکەم دانیشتن لەبارەی دۆسیەی داخستنی هەدەپەوە بەڕێوەچوو، بەرلەوەی دانیشتنەکە بۆ کاتێکی دیکە دوابخرێت