زووم، ئاژانسەکان
رۆژی هەینی بەرپرسانی کشتوکاڵی ئەمریکا رایانگەیاند، خەریکی ئامادەکردنی پرۆپۆزەڵێکن بۆ سنوردارکردنی رێژەی شەکر لە ژەمی قوتابخانەکاندا، بە تایبەت لە خواردنەکانی وەک سرییاڵ، ماست، شیر و مەحکەرۆنیدا.
پلانەکە لەلایەن تۆم ڤیلساکی، وەزیری کشتوکاڵی ئەمریکاوە لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەرەوە راگەیەندرا. بەگوێرەى پلانەکە، تاوەکو ساڵی 2029، رێژەی سۆدیۆمیش بەشێوەیەکی بەرچاو لەو خواردنانەدا کەمدەکرێتەوە کە لە گەنم، جۆ و گەنمەشامی دروستدەکرێن.
Access to healthy school meals is about so much more than what’s on the plate. It’s about setting up our children – tomorrow’s leaders – for success in the classroom and beyond. pic.twitter.com/TYCVuYkEGo
— Secretary Tom Vilsack (@SecVilsack) February 3, 2023
ئامانجی پلانەکە بۆ بەرەوپێشبردنی تەندروستیی ژەمی بەیانیانی زیاتر لە 15 ملیۆن منداڵ و ژەمی نیوەڕۆی زیاتر لە 30 ملیۆن منداڵە لە سەرانسەری ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکادا. لە چاوپێکەوتنێکدا، وەزیری کشتوکاڵ رایگەیاند: “خواردنی قوتابخانەکان بەرزترین بەهای خۆراکییان هەیە کە منداڵان لە دەرەوەی ماڵەکانیان پەنای بۆ دەبەن.”
پلانەکە بۆ ساڵی خوێندنی 2025 بۆ 2026 دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە
پلانەکە بۆ ساڵی خوێندنی 2025 بۆ 2026 دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە و سەرەتاش لەو خواردنانەوە دەستپێدەکەن کە رێژەی زۆری شەکریان تێدا بەکاردەهێنرێت. بەگوێرەى رێنماییەکان، بۆ هەر 226 گرامێک لە شیر، نابێت لە 10 گرام شەکر زیاتر بکرێتە ناوی. بەشێکی دیکەی پلانەکە ئەوەیە کە هەندێک جۆر شیرنەمەنی وەک دۆونەت و کێک، نابێت هەفتانە لە دووجار زیاتر لە ژەمی بەیانیاندا پێشکەش بە منداڵان بکرێن.
نابێت رێژەی شەکر لە خواردنەکانی بەیانیان و نیوەڕۆدا 10%ی کۆی کالۆرییەکانی هەفتەیەک پێک بهێنێت
تاوەکو پایزی ساڵی 2027، نابێت رێژەی شەکر لە خواردنەکانی بەیانیان و نیوەڕۆدا 10%ی کۆی کالۆرییەکانی هەفتەیەک پێک بهێنێت، هەروەها تاوەکو ساڵی 2029، رێژەی بەکارهێنانی سۆدیۆم لە خواردنەکاندا بە رێژەی 30% کەمدەکرێتەوە. ئەم بڕیارانەی بەرپرسانی ئەمریکا لەکاتێکدایە، کە شارەزایانی بواری تەندروستی دەڵێن، کەمکردنەوەی شەکر و خوێ دەبێتە هۆی کەمکردنەوەی مەترسیی زۆر نەخۆشی لە منداڵاندا، لەوانەش: قەڵەوی، شەکرە، فشاری بەرزی خوێن و چەندین نەخۆشی دیکە کە دەشێت لەگەڵ گەورەبوونی منداڵاندا بمێننەوە.
شارەزایەکی تەندروستیی خۆراک لە زانکۆی درێکسێل دەڵێت، رەنگە جێبەجێکردنی بڕیارەکە تۆزێک قورس بێت، چونکە منداڵان حەز بە خواردنی ژەمە کەم شەکرەکان ناکەن، بەڵام ئەم خواردنانە تەندروستترن و منداڵام پێی رادێن.