زووم، ئاژانسەکان
تیبا عەلی، تەمەن 22 ساڵ، کچە یوتیوبەری بەناوبانگی عێراقی خەڵکی دیوانییە، لە 31ی مانگی رابردوو بەتۆمەتی “شەرەف” لەلایەن “باوکییەوە” کوژرا. رووداوێک کە کاردانەوەیەکی زۆری لە تۆڕەکۆمەڵایەتییەکاندا لێکەوتەوە.
سەعد مەعن، گوتەبێژی وەزارەتی ناوخۆی عێراق، لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر رایگەیاند، تیبا لە تورکیا دەژیا، بەڵام مانگی رابردوو بۆ یەکلاییکردنەوەی چەند ناکۆکییەک لەگەڵ خزم و کەسە نزیکەکانی گەڕابووەوە بۆ عێراق.
بە گوتەی پۆلیس، باوکی تیبا ناڕازی بووە لەوەی کە کچەکەی بەتەنها لە تورکیا بژی و پۆلیس چەند جارێک هەوڵیداوە ناوبژیوانی لە نێوانیاندا بکات، بەڵام بێ سود بووە.
مەعن دەڵێت: “دوای ئەوەی پۆلیس لەگەڵ خێزانەکەی تیبادا قسەیکردووە، گوتویانە کە باوکی کچەکەی کوشتووە. ئێمە بەو هەواڵە توشی شۆک بووین، باوکی لە لێکۆڵینەوەی سەرەتاییدا دانی بە تاوەناکەیدا ناوە.”
وقد وردت معلومات من خلال أحدى صديقاتها بقيام المرحومة بالتوجه الى محافظة الديوانية، وعلى اثر ذلك وبعد اخذ الضمانات توجهت الشرطة المجتمعية في محافظة الديوانية برئاسة مدير الشعبة الى منزل هذه الأسرة وجرى اللقاء بينهم والوصول الى حلول مناسبة ترضى الجميع لحل الخلاف العائلي بشكل نهائي
— سعد معن – Saad Maan (@saadmaanoficial) February 3, 2023
سەرەڕای ئەوەی کە پۆلیس هیچ وردەکارییەکی لەبارەی ناکۆکییەکانی نێوان تیبا و خێزانەکەی ئاشکرا نەکردووە، تیبا لە رێگەی ڤیدیۆوە، رۆتینی ژیانی رۆژانەی خۆی لە یوتیوب بڵاوکردووەتەوە و چەند جارێکیش خۆشەویستەکەی لە ڤیدیۆکاندا دەرکەتووە.
سەرچاوەیەکی پۆلیس، کە نەیویستووە ناوی ئاشکرا بکرێت، بە ئاژانسی هەواڵی فرانس پرێسی راگەیاندووە، ناکۆکییەکانی نێوان یوتیوبەرەکە و خێزانەکەی بۆ چەندین ساڵ لەمەوبەر دەگەڕێتەوە.
دەشڵێت، تیباو خێزانەکەی لە ساڵی 2017 لە گەشتێکدا سەردانی تورکیا دەکەن، بەڵام تیبا رەتیکردبووەوە لەگەڵ خێزانەکەیدا بگەڕێتەوە بۆ عێراق و هەر لە تورکیا ماوەتەوە.
کوشتنی تیبا کاردانەوەی زۆری تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی بەدوای خۆیدا هێنا. ئاڵا تاڵەبانی، راوێژکارى سەرۆکوەزیرانى عێراق بۆ کاروبارى ژنان لە تویتەر نوسیویەتى “ژنان لە کۆمەڵگاکانماندا، بەهۆی نەبوونی رێگری یاسایی و رێوشوێنی حکومی، بوونەتە دیلی نەریتە کۆنەکان.”
دەشڵێت یاساکان “لە ئاستی قەبارەی تاوانەکانی توندوتیژی خێزانیدا نین. بەڵێ بۆ یاسادانان دژی توندوتیژی خێزانی.”
Women in our societies are hostage to backward customs due to the absence of legal deterrents & gov measures – which currently are not commensurate with the size of domestic violence crimes. Yes to legislating the Anti-Domestic Violence Law. #طيبة_العلي
— Ala Talabani آلا طالباني (@TalabaniAla) February 2, 2023
هانا ئێدوار، چالاکوانی بواری مافەکانی مرۆڤ، بە ئاژانسی فرانس پرێسی راگەیاندووە لە نامەی دەنگی تیبادا ئاشکرابووە “ئەو کچە بۆیە خێزانەکەی جێهێشتووە چونکە پێشتر لەلایەن براکەیەوە روبەڕوی دەستدرێژى سێکسی بووەتەوە.”
سەرەڕای ئەوەی رێکخراوی چاودێری مافەکانی مرۆڤی عێراق ئەم بابەتەی پشتڕاستکردووەتەوە، ئاژانسی هەواڵی فرانس پرێس دەڵێت نەیانتوانیوە گوتەی هیچ بەرپرسێک لەبارەی دروستی نامە دەنگییەکان پشتڕاست بکەنەوە.
دواى بڵاوبوونەوەی هەواڵەکە، رێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی ئیدانەی ئەو کوشتنە “ترسناکەی” کرد و رایگەیاند: “یاسای سزادانی عێراقی هێشتا بە نەرمی مامەڵە لەگەڵ ئەو تاوانانەدا دەکات، کە پێیان دەگوترێت تاوانی شەرەف.”
ئایە مەجزووب، جێگری سەرۆکی رێکخراوەکە بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکوری ئەفریقا رایگەیاند “تاوەکو دەسەڵاتدارانی عێراق یاسای بەهێز بۆ پاراستنی ژنان و کچان پەسەند نەکەن، بەردەوام شایەتحاڵی کوشتنی ترسناک دەبین.”