زووم، ئاژانسەکان
توێژینەوەیەک کە لە گۆڤاری زانستی “نەیچەر”دا بڵاوکراوەتەوە، سروشتی ئەو ماددانە ئاشکرا دەکات کە میسرییە کۆنەکان لە پرۆسەی مۆمیاکردنی لاشەی مرۆڤدا بەکاریانهێناوە، لەڕێگەی ئەو نوسینانەی بە زمانی هیرۆگلیفی لەسەر ئەو گۆزانە نوسراون کە لە پرۆسەکە بەکارهاتووە.
لێکۆڵینەوەکە ئاماژەی بەوەکردووە، تیمێکی ئەڵمانی بە هاوکاری سەنتەری توێژینەوەی نیشتمانی لە میسر، لێکۆڵینەوەیان لەو ماددە ئۆرگانی و کیمیاییانە کردووە کە لە ساڵی 2018 لەناو یەکێک لە گۆڕەکانی سەردەمی ساوی(600 ساڵ پێش زایین) دۆزراونەتەوە لە ناوچەی سەقارە لە باشووری جیزە.
تیمەکە چەندین دەفر و گۆزەی جۆراوجۆریان دەستکەوتبوو کە لە پرۆسەی مۆمیاکردن بەکارهێنراوە، 31 دانەیان هەڵبژێردران بۆ لێکۆڵینەوە لەو پێکهاتەیەی کە هەزاران ساڵە هەڵگیراون لەناویاندا.
وەزارەتی گەشتوگوزار و شوێنەواری میسر رایگەیاند، تیمێکی شوێنەوارناسی ئەڵمانی لە میانی کار و توێژینەوەکانیان ناوی ئەو پاشماوە ئۆرگانییانەیان دۆزیوەتەوە کە لە پرۆسەی مۆمیاکردندا بەکارهێنراون، بە زمانی میسری کۆن لەسەر ڕووی گۆزەکان نووسراون، هەروەها ناوی ئەو ئەندام و بەشانەی لاشەی مردووەکە نوسراون کە ماددە ئۆرگانییەکان بۆ بەکارهێنراوە لە پرۆسەی مۆمیاکردنەکەدا.
هەروەها تیمەکە توێژینەوەیان لەسەر ماددە ئۆرگانییەکە کردووە و گەیشتونەتە پێکهاتەی کیمیاییەکەی، لە رێگەی دیاریکردنی ئەو ماددەیەی کە میسرییە کۆنەکان بۆ مۆمیاکردن بەکاریانهێناوە توانیویانە لە تایبەتمەندیەکەی تێبگەن.
بە پێی توێژینەوە بۆ یەکەمجارە سێ زانیاری گرنگ دەربارەی مۆمیاکردن لە یەک شوێندا کۆبکرێتەوە، ئەویش خودی ماددەکە، ناوی ماددەکە لە کۆندا لەلای میسرییەکان و ئەو شوێنانەی لاشە کە تیایدا بەکارهێنراوە.
دکتۆر محمد ئیبراهیم، ئەندامی تیمی توێژینەوەی سەر بە سەنتەری توێژینەوەی نیشتمانی میسڕ لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی بی بی سی، باس لەوە دەکات کە بۆ یەکەمجارە کەلوپەلی مۆمیاکردن بە تەواوی دۆزراوەتەوە و لەسەر هەر دەفرێک و گۆزەیەک وشەیەک نووسراوە، تیمی توێژینەوەکە ئەو ناوانەی کە لەسەر ڕووی دەرەوەی گۆزەکان نوسراوە بەراورد کرد لەگەڵ پێکهاتە کیمیاییەکانی ناوەکەی.
ئیبراهیم ئاماژەی بەوەشکرد، چینە دەرەکیەکان لابراون، پاشان ماددە ناوەکییەکان بە بەکارهێنانی توێنەرە ئۆرگانیکییەکان دەرهێنراون.
گۆڤاری زانستی “نەیچەر” لە زاری سوزانا بێک، ئەندامی تیمی توێژینەوەی ئەڵمانی بڵاویکردەوە، توێژینەوەکە لە رێگەی تەکنیکی “کرۆماتۆگرافی گازی” و ئامێری “سپێکترۆمێتری بارستایی” ئەنجامدراوە، کە ئەمەش یەکەمجارە ئەم تەکنیکە بەکارهێنراوە بۆ شیکردنەوەی پاشماوەی ئەو ماددە ئۆرگانییانەی کە لەناو گۆڕێکی میسرییە کۆنەکان دۆزراونەتەوە.
زەیتی پیرۆز
توێژینەوەکە ئاشکرایکردووە، هەندێک زەیتی ئۆرگانیک و چەوری ئاژەڵ و زەیتیهەندێک ڕووەک، لە پرۆسەی مۆمیاکردندا بەکارهێنراوە.
محەمەد ئیبراهیم بە بی بی سی راگەیاندووە، “زەیتی پیرۆز” کە لە مۆمیاکردن بەکارهێنراوە تایبەتمەندییەکانی ناسراو نەبووە، بەڵام ئەم لێکۆڵینەوەیە توانیویەتی بزانێت کە چەوری ئاژەڵە.
سوزانا بێک، توێژەرە ئەڵمانیەکە رایگەیاند ماددەی “ئەنتیۆ”، کە زۆر لە بواری مۆمیاکردن ناوی دەهێنرا و بە “لکێنەری بۆنخۆش” ناسرابوو، پێکهاتەکەیمان بۆ ئاشکرابوو کە لە هەندێک زەیتی روەکی و چاوری ئاژەڵ پێکدێت.
ئەنجوومەنی باڵای شوێنەوارەکانی میسر باس لەوە دەکات کە ئەم توێژینەوەیە گرنگییەکی تایبەتی هەیە، چونکە بۆ یەکەمجارە ناوی ئەو ماددە ئۆرگانی و کیمیاییانە ئاشکرا دەکات کە لە مۆمیاکردندا بەکارهێنراون، کە هەندێکیان تا ئێستا نەزانراون.
ئەنجومەنەکە دەشڵێت، ئەم دۆزینەوە زانستییە نوێیە بوونی پەیوەندی و ئاڵوگۆڕی بازرگانی لە نێوان دەوڵەتی میسری کۆن و زۆرێک لە ناوچە دەرەکییەکانی وەک ناوچەی دەریای ناوەڕاست و دارستانە باراناوییە گەرمەکان لە ئەفریقا و باشووری ڕۆژهەڵاتی ئاسیا دەردەخات کە کەرەستەی جۆراوجۆری مۆمیاکردن لەو شوێنانەوە هاوردە کراوە، بەو پێیەی هەندێکیان لە ژینگەی میسردا بوونیان نەبوە.
محەمەد ئیبراهیم، ئەندامی سەنتەری توێژینەوەی نیشتمانی ڕوونیکردەوە، تیمی توێژینەوەی هاوبەشی نێوان میسر و ئەڵمانیا بەردەوام دەبن لە لێکۆڵینەوە لەسەر کاریگەری ئەو ماددە کیمیایی و ماددە ئۆرگانییانەی دۆزراونەتەوە لەسەر شانەکانی جەستە، کە ڕەنگە ببێتە هۆی دۆزینەوەی هۆکارەکانی مانەوەی ئەو لاشانەی هەزاران ساڵە مۆمیا کراون.