زووم:
کێشە ناوخۆییەکانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان گەیشتووەتە دادگاکانی هەرێم و ناوەندەکانی بڕیار لە بەغداد، هەریەک لە کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق و دادگای لێکۆڵینەوەی ئاسایشی هەولێر قسەی جیاوازیان لەبارەی ئەو پرسەوە کردووە.
کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق، جەختدەکاتەوە، کە بافڵ تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتییە و سیستەمی هاوسەرۆکی لە حزبەکەدا هەڵوەشاوەتەوە. لەبەرامبەردا دادگای لێکۆڵینەوەی ئاسایشی هەولێر ئاماژەبەوەدەدات سیستەمی هاوسەرۆکی لەنێو یەکێتیدا هەڵنەوەشاوەتەوە و هەریەکە لە (بافڵ تاڵەبانی و لاهور شێخ جەنگی) هاوسەرۆکن.
کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان لە 30ی کانوونی دووەمی ئەمساڵدا، رایگەیاند، کە داواکارییەکی پارێزەرەکەی لاهور شێخ جەنگییان رەتکردووەتەوە، جەختیانکردووەتەوە کە سیستەمی هاوسەرۆکی لەنێو یەکێتیدا هەڵوەشاوەتەوە و بافڵ تاڵەبانی سەرۆکی حزبەکەیە.
پێشتر پارێزەرەکەی لاهور شێخ جەنگی داوایەکی چوار خاڵیی پێشکەش بە کۆمسیۆنەکە کردبوو، لە یەکێکیاندا داوایکردبوو بڕیاری دەرکردنی لاهور شێخ جەنگی هەڵبوەشێنرێتەوە. بەڵام ئەنجومەنی کۆمسیاران لە 30ی کانوونی دووەمدا بڕیاردەدات، داواکارییەکانی پارێزەرەکە رەتبکاتەوە.
کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکان لەم بڕیارەیدا پشتی بەستووە بە بڕیارێکی دادگای سلێمانی، کە لە 9ی تشرینی یەکەمی 2022دا دەرچووە.
لە بەرامبەردا دادگای لێکۆڵینەوەی ئاسایشی هەولێر، دەڵێت ئەو بڕیارەی دادگای سلێمانی (کە کۆمسیۆن پشتی پێ بەستووە) بڕیارێکی “ناڕاستە”.
دادگای لێکۆڵینەوەی ئاسایشی هەولێر بەپێچەوانەی کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانەوە، لە نووسراوێکدا کە رۆژی 1ی شوبات دەریکردووە، ئاماژەبەوەدەدات سیستەمی هاوسەرۆکی لەنێو یەکێتیدا هەڵنەوەشاوەتەوە و لاهور شێخ جەنگی یەکێکە لە هاوسەرۆکان.
دادگاکە، ئەمڕۆ پێنجشەممە نووسراوەکەی لە رێگەی نوێنەرایەتیی حکومەتی هەرێمەوە بۆ کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکان ناردووە، فارس عیسا سەرۆکی نوێنەرایەتیی حکومەتی هەرێم لە لێدوانێکیدا بۆ زووم، گوتی، “بەڵێ، راستە ئێمە نووسراوەکەمان بۆ کۆمسیۆن ناردووە”.
نوسراوەکەی دادگای لێکۆڵینەوەی ئاسایشی هەولێر، هانی پارێزەرەکەی لاهور شێخ جەنگی داوە تانە لە بڕیارەکەی کۆمسیۆن بدات.
سەیوان سیروان، پارێزەری لاهور شێخ جەنگی، بە میدیاکانی گوتووە، ئەمڕۆ پێنجشەممە 2ی شوباتی 2022 لە دادگای پێداچوونەوەی بەغداد تانەیان لە بڕیارەکەی کۆمسیۆن داوە، نوسراوەکەی دادگای لێکۆڵینەوەی ئاسایشی هەولێریشیان هاوپێچ کردووە.
لە تازەترین پێشهاتیشدا، تیمی پارێزەرانی بافڵ تاڵەبانی، پێیانوایە دۆسیەکە لە تایبەتمەندیی دادگای لێکۆڵینەوەی هەولێردا نییە “ئەو نوسراوەی بڵاوکراوەتەوە تەنیا رونکردنەوەیە نەک بڕیاری دادگا، بۆ زانیاریی هەموو لایەکیش؛ جارێکی تر بڕیار لەو داوایە نادرێت بە هۆکاری ئەوەی پێشتر ئەم داوایە حەسم بووە و پلەی کۆتایی وەرگرتووە”.