نیکول پاشینیان، سەرۆکوەزیرانی ئەرمینا داوای لە ڤلادیمیر پوتین، سەرۆکی روسیا کرد، هەوڵی چارەسەرکردنی کێشەی رێڕەوی لاچین بدات کە لەلایەن ئازەربایجانەوە دەستی بەسەردا گیراوە.
حکومەتی ئەرمینیا راگەیەندراوێکی لەبارەی دۆخی هەرێمی لاچینی ناگورنۆ – قەرەباخ (کوردستانی سوور) بڵاوکردەوە کردەوە و ئاماژەی بەوەکرد، نیکول پاشینیان سەرۆکوەزیرانی ئەو وڵاتە لە پەیوەندیەکی تەلەفونیدا، لەبارەی دۆخی مرۆیی خەلکی لاچین و رێرەوی ئەو هەرێمە لەگەڵ ڤلادیمیر پوتین سەرۆکی روسیا قسەی کردووە.
بەگوێرەی راگەیەندراوەکە، پاشینیان داوای لە پوتین کردووە، بە زوترین کات، چارەسەرێک بۆ دۆخی هەرێمی لاچین بدۆزرێتەوە و ئاماژەی بە ڕۆڵی نێوەندگیری روسیاشی کردووە لە کێشەکانی نێوان ئەرمینیا و ئازەربایجاندا.
لەلایەکی دیکەوە کۆشکی کرینلینیش لەبارەیەوە راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە. کریملین ئاماژەی بە پەیوەندی تەلەفونی نێوان پوتین و پاشینیان کردووە و دەڵێت، هەردوولا قسەیان لەسەر دۆخی قەرەباخ بە گشتی کردووە و پوتین تەئکیدی لەسەر جێبەجێکردنی رێککەوتنی سێ قۆڵی نێوان روسیا، ئەرمینیا و ئازەربایجان کردووە.
رێڕەوی لاچین تەنیا رێگەی زەمینی پەیوەندی ئەرمینیایە لەگەڵ هەرێمی چیایی قەرەباخ. لە 12ی کانوونی یەکەمی 2022دا گروپێک لە خەڵکی ئازەری کە لەژێر ناوی “رێکخراوی ژینگەپارێزی” رێڕەوەکەیان داخستووە کە لەو هەرێمەکە هێزێکی ئاشتیپارێزی روسیاش جێگیر کراوە.
بەگشتی نزیکەی 120 هەزار هاوڵاتی ئەرمەنی لە ناوچەی ناگۆرنۆ قەرەباخدا دەژین، رێرەوی لاچینیش تاکە رێگەیە کە حکومەتی ئەرمینیا بتوانێت لەو رێگەیەوە، خواردن، دەرمان، کەلوپەل و سووتەمەنی بگەیەنێتە هاوڵاتیەکانی، بەڵام ناوچەکە لەرووی نێودەوڵەتیەوە، وەک بەشێک لە خاکی ئازەربایجان هەژمار دەکرێت.
لە سەردەمی یەکێتی سۆڤیەتەوە، ئازەری و ئەرمەنەکان لەسەر کوردستانی سوور کە ناوەندەکەی لاچینە، ناکۆکن. هەرچەندە هەرێمەکە خاکی کوردە، بەڵام بەهۆی هێرشە یەک لەوا یەکەکانی ئەرمەن و ئازەریەکان، لە ئێستادا کوردی تێدا نەماوە و ئەگەر مابێت خۆیان بیدەنگ کردووە.
لەدوای روخانی یەکێتی سۆڤیەت لە ساڵی 1989، وردە وردە گرژییەکان لەو هەرێمە زیادی کرد. لە ساڵی 1993دا، ئاڵۆزیەکانی گەیشتە بەرزترین ئاست و شەڕێکی گەورە لەنێوان ئەرمینیا و ئازەربایجان روویدا. شەڕەکە لە بەرژەوەندی ئەرمینیا کۆتایی هات و کوردستانی سوور بە تەواوی کەوتە ژێر دەسەڵاتی ئەرمینیا.
دۆخەکە تاوەکو ساڵی 2022 بەو شێوەیە بەردەوام بوو. لە ناوەڕاستی ئەو ساڵەدا، ئازەربایجان بە پشتگیری تورکیا، پەلاماری هەرێمەکەیدا. سوپای ئازەربایجان لە ماوەی 44 رۆژدا پێنج شار و چوار ناوچە و 286 گوندی کۆنترۆڵکردەوە، کە گرنگترینیان شار و ناوچە و گوندە کوردییەکانی وەک، لاچین (ناوەندی کوردستانی سوور)، کەلبەجار، قوبادلی، شوشە، بەردە و زەنگلان بوون.