دوای کاردانەوەکانى تورکیا بەرامبەر بە سوید و بەتایبەتى پاش سووتاندنی قورئان لە بەردەم باڵیۆزخانەى تورکیا لە ستۆکهۆڵم، وڵاتانی رۆژئاوا، دیپلۆماتکار و کونسوڵخانەی وڵاتانی رۆژئاوا ریوشوێنێکی توندی خۆپارێزیان لە تورکیا گرتووەتەبەر.
لە ماوەی دوو رۆژی رابردوودا، ئەمریکا، بەریتانیا، ئەڵمانیا، فەڕەنسا و هۆڵەندا رایانگەیاند، لە تورکیا “ئەگەری هێرشی تیرۆریستی لە ئارادایە” و داوایان لە هاوڵاتیەکانیان کرد سەردانی تورکیا نەکەن و ئەوانەشی کە لە تورکیان بگەڕێنەوە یان خۆیان بپارێزن.
دوای ئەو هەنگاوە، پێنج وڵاتەکە، بەشێوەکەی کاتی کونسوڵخانەکانیان لە ئەستەنبوڵ داخست.
“شەڕی دەروونیمان لەگەڵدا دەکەن”
دوای ئەو هەنگاوەی پێنج وڵاتەکە، سولەیمان سۆیلۆ، وەزیری ناوخۆی تورکیا لە کۆنفڕانسێکی رۆژنامەنووسیدا لە ئەنقەرەی پایتەخت رەخنەی “توند”ـی لەو وڵاتانە گرت و رایگەیاند، لەدژی تورکیا دەستیان بە شەڕی دەروونی کردووە.
سۆیلۆ گوتی “هەموو شتێک روون و ئاشکرایە. ئەگەر نائارامیەکیش لە تورکیا هەبێت. نابێت بەمشێوەیە هەڵسوکەوت بکەن.”
وەزیری ناوخۆی تورکیا ئاماژەی بەوەکرد کە 15 کەس بەتۆمەتی هەوڵی تێکدەری دەستگیرکران، پێنجیان رەوانەی زیندان کراون. کارمەندێکی هەواڵگریان تێدابوو. هەموو کەسێک دەزانێت سەر بە کوێ بوون و گوتی “ئاشکرایە کە باڵیۆزەکان لەدژی تورکیا دەستیان بە ئۆپراسیۆنێک کردووە.”
دوای ناکۆکییەکانی فینلەندا و سوید لەگەڵ تورکیا لەبارەی ئەندامێتی هەردوو وڵات لە رێکخراوی ناتۆدا، مانگی رابردوو، راسمۆس پالودان، چالاکی سویدیدانیمارکی کە پێشتریش بەتۆمەتی رەگەزپەرستی تۆمەتبارکرابوو، بە بەرچاوى پۆلیسەوە لەبەردەم باڵیۆزخانەى تورکیا لە ستوکهۆڵم قورئانی سوتاند و ئەوەش بووەهۆی تێکچوونی پەیوەندیەکانی نێوان سوید و تورکیا و ئیستا پرسی ئەندامێتی سوید و فینلەندا لە ناتۆدا بە هەڵواسراوی ماوەتەوە.