بێرتراند راسل (1872-1970) فەیلەسوفێکى فرەبوارى بەریتانى بوو. بە تايبەت لە فەیلەسوفە دیارەکانى قوتابخانەى “شیکارى” بوو.
ئەو لە خێزانێکى خەمۆکدا گەورەدەبێت کە ژمارەیەک لە ئەندامانى خێزانەکەى خۆیان کوشتووە؛ بۆیە دەگوترێت “کەیف و شادیی راسل لەسەر حسێبى ئەو خەمۆکییەى چواردەورى بووە”.
راسل لە بوارى فەلسەفە و لۆژیکەوە تاوەکو هاوسەرگیرى و کاتى پشوودان شتى دەنوسى. ئەو لە ساڵى 1950 خەڵاتى نۆبڵى بۆ ئەدەبیات بەدەستهێنا. لە کتێبەکانى: مێژووى فەلسەفەى خۆرئاوا، دەستبەسەرگرتنى بەختەوەرى، زانست و دین، داهاتووى مرۆڤ، ئەو دونیایەى من دەیناسم، لۆژیک و عیرفان…
راسل لە 6ـى ئازارى ساڵى 1927 گوتارێکى درێژى لە هۆڵى شارەوانيی باتێرسى لە لەندەن پێشکەش کرد، بەناوى “بۆچى مەسیحى نیم؟”.
گوتارەکە لە دەوروزەمانى خۆیدا قەناعەتى زۆرێک لە گەنجان و گوماندارانى دەرهەق بە دینى مەسیحى گۆڕیوە.
راسل گوتەیەکى بەناوبانگى لەمەڕ عەقڵى مرۆڤ و خودا هەیە کە تۆنێکى کۆمیکى هەیە و دەڵێت “گەر زیندووببمەوە، بە خودا دەڵێم یان بەڵگەى بەهێزترت خەڵق بکردایە بۆ ئەوەى باوەڕ بێنم یان عەقڵى منت بەهێزتر بخوڵقاندایە بۆ ئەوەى باوەڕ بە بەڵگەکانت بێنم”.
راسل لە گوتارى “بۆچى مەسیحى نیم” دەڵێت: خەڵک بۆ ئەوەى باوەڕ بە بوونى خودا بێنن، هۆکارێک بۆ درووستبوونى ئەم جیهانە دێننەوە، بەڵام پێویست ناکات جیهان هۆکارێک و سەرەتایەکی هەبێت. مەسەلەى هۆکار مەسەلەیەکى “پووچە” کە دینەکان بۆ قۆرخکردنى زەینى خەڵکى دایانڕشتووە. ناکرێت خوداش هۆکارێکى هەبێت، گەرنا عەقڵ یەکسەر دەپرسێت ئەى هۆکارى پێش ئەو هۆکارە چى بووە؟ ئەمە هەمان حەکایەتە کە دەڵێت دونیا لەسەر پشتى فیلێک راگیراوە، فیلەکەش لەسەر پشتى کیسەڵێک، کاتێک دەڵێیت ئەى کیسەڵەکە لەسەر چى وەستاوە، دەڵێن وازى لێ بێنە. ئێمەش وازى لێ دێنین.
راسل دەڵێت: زۆریی دینەکان خۆى بەڵگەیە بۆ ئەوەى هیچیان “راست نین”. رەنگە کارێکى باش لە مەسیحییەت بوەشێتەوە، بەڵام کارى باش لەسەر مەسیحییەت تاپۆ نەکراوە. خەون بە دونیایەکەوە دەبینم کینە و ئیرەیی دەستەوتاقمەکانى تێدا نەبێت.
راسل دەشڵێت: ئەمڕۆ ئەو مەسیحییەتەى جاران نەماوە، بەڵام هێشتاش بۆ ئەوەى مەسیحى بیت دەبێت بڕوات بە خودا و زیندووبوونەوەش هەبێت. من خۆم بڕوام بە “خودا و نەمرییەکەشى نیە” گەرچى رێز لە پلەبەندییە ئەخلاقییەکانى مەسحییەت دەگرم، بەڵام مەسیح بە باشترین و ژیرترین کەس نازانم.
راسل لەو کەسانە بوو کە بەرگریی لەوە دەکرد زانین ببەسترێت بە بەختەوەریی مرۆڤەکانەوە. ئەو دەیگوت: مرۆڤ بە نەزانى لەدایکدەبێت نەک گەمژەیی، ئەوە پەروەردەیە مرۆڤ “گەمژە” دەکات (پەروەردەى دینى یەکێک بوو لەوانە).
ئەو رێزى لە “گومان” دەگرت و دەیگوت: بەرگەگرتنى نادڵنیایی قورسە، بەڵام یەکێکیشە لە چاکە و فەزیلەتە گەورەکان.
راسل لەڕووى سیاسییەوە هەمیشە چالاک بوو. لیبراڵێک بوو کە ئایدۆلۆژیاکانى سەردەمیشى رەتدەکردەوە. ئەو لەوانە بوو ئیمزاى دژى چەکى ئەتۆمى کۆدەکردەوە.
لە تەمەنى پیریشدا بۆ مافەکانى ئینسان هەر لەسەر جادەبوو. رۆژى دووى شوباتى 1970 بەهۆى ئەنفلۆنزاوە کۆچى دواییکرد و لەسەر راسپاردەى خۆى، خۆڵەمێشەکەى لە شاخەکانى وێڵز درایە دەم باوە.