زووم، ئاژانسەکان
بەگوێرەى داتاکانی کۆمپانیای مێتا، کە خاوەندارێتی فەیسبووک دەکات، لە کۆتا مانگی ساڵی رابردوودا، ژمارەی بەکارهێنەرانی فەیسبووک لە جیهاندا رۆژانە زیادی کردووە و گەیشتووەتە دوو ملیار کەس، کە دەکاتە یەک لەسەر چواری کۆی دانیشتوانی سەرزەوی.
ئەم گەشە چاوەڕواننەکراوەی فەیسبووک وەک هەنگاوێکی ئەرێنی لەلایەن کۆمپانیاکەوە سەیر دەکرێت، بە تایبەت لەم دواییانەدا خەرجى کۆمپانیاکە زیادی کردووە و داهاتی ریکلامەکانیشی کەمیکردووە.
پشکەکانی کۆمپانیای مێتا لە دوای کاتژمێرەکانی کارکردنی دەوامی ئاسایی کۆمپانیاکە بۆ زیاتر لە 15% بەرزبوونەتەوە.
ساڵێکە سەختمان بەڕێکرد
مارک زوکەربێرگ، خاوەن و سەرۆکی کۆمپانیاى مێتا
مارک زوکەربێرگ، خاوەن و سەرۆکی کۆمپانیاکەش ساڵی 2023ی بە “ساڵی کارایی” بۆ کۆمپانیاکە راگەیاندووە و لە هەوڵدایە بۆ کەمکردنەوەی خەرجى کۆمپانیاکە.
زوکەربێرگ لەبارەی داهاتی کۆمپانیاکەی رایگەیاند، ساڵی رابردوو بۆ فەیسبووک جیاواز بوو، چونکە لە ساڵی 2022دا، بۆ یەکەمجار لە مێژووی کۆمپانیاکەدا داهاتی دابەزی، ئەمەش دوای چەندین ساڵ دێت لە گەشەکردنی بەرچاوی کۆمپانیاکە.
گوتیشی “پێشبینی ناکەین ئەو دابەزینە بەردەوام بێت، بەڵام پێموانییە بگەڕێتەوە بۆ ئەو گەشەکردنەی کە کۆمپانیاکە پێشتر هەیبووە.”
کۆمپانیای مێتا، کە هاوکات خاوەنی ئینستاگرام و واتسئەپیشە، ساڵی رابردوو هەیکەلی دامەزراوەکەی سەرلەنوێ داڕشتەوە، دیارترین گۆڕانکاری کەمکردنەوەی ئۆفیس و دوورخستنەوەى 11 هەزار کارمەند بوو، کە دەکاتە 13%ی کۆی کارمەندانی کۆمپانیاکە.
قازانجى ساڵى رابردووى مێتا بۆ نیوە کەمیکردووە
بەگوێرەى ئامارى کۆمپانیاکە، خەرجى ئەو هەنگاوانەی ساڵی رابردوو ناوییەتى چوار ملیار و 600 ملیۆن دۆلار بووە؛ قازانجی ساڵى رابردووشى 23 ملیار و 200 ملیۆن دۆلار بووە، کە نیوەى قازانجى ساڵانى پێشووترى کۆمپانیاکەیە.
زوکەربێرگ دەڵێت “ساڵی 2022 ساڵێکی سەخت بوو، بەڵام پێموایە بە پێشکەوتنێکی باش کۆتاییمان پێهێنا.”
ساڵی رابردوو، ژمارەى بەکارهێنەرانى رۆژانەى فەیسبووک کەمیکردبوو، بەڵام لە کۆتا مانگى ساڵەکەدا بە رێژەی 4% بە بەراورد بە ساڵی پێشووتر زیادکردووە؛ بەکارهێنەرانی لە ئەوروپا، ئەمریکا و کەنەدا زیاتر بووە.
کۆمپانیاى مێتا ئاماژەی بەوەشکردووە، ژمارەی ئەو کەسانەی کە لە سەرجەم ئەپەکانیدا چالاکی رۆژانەیان هەیە، ساڵانە بە رێژەی 5% زیاد دەکات.
زوکەربێرگ دەڵێت، کۆمپانیاکە پێشکەوتنی زیاتری لە بەرهەمە ڤیدیۆییەکانی – Reels -دا بینیوە، کە وەک رکابەڕێکی سەرەکی تیک تۆک دادەنرێت و بەتایبەتی لەنێو بەکارهێنەرانی گەنجدا بڵاوە.
زوکەربێرگ گوتی، ئەو هەوڵانە لە ئێستادا داهات بۆ کۆمپانیاکە زیاد دەکات و خەڵکێکی زۆریش لە رێگەی ریکلامی ڤیدیۆکانەوە پارەی دەستدەکەوێت.
مێتا دەیەوێت پشەکانى بکڕێتەوە
ئەو وەبەرهێنەرانەی کە لە پلاتفۆرمەکانی مێتادا ریکلام دەکەن بۆیان دەرکەوتووە بڵاوکردنەوی ریکلامەکان لە مێتادا تێچووی کەمترە و فرۆشیان باشترە لەوەی کە چاوەڕێیان دەکرد، هەر ئەمەش یارمەتیدەرە بۆ ئەوەی نرخی پشکەکانی ئەو کۆمپانیایە بەرزتر ببێتەوە.
کۆمپانیاکە دەیەوێت دووبارە بە بەهای 40 ملیار دۆلار ئەو پشکانە بکڕێتەوە کە پێشتر بەهۆی خراپی باری داراییی کۆمپانیاکە فرۆشتبوونی.