ئۆڵف کریستیرسۆن، سەرۆکوەزیرانی سوید رایگەیاند، ئەوانەی قورئانیان سووتاند، “گەمژەیەکی بەسوود” بوون بۆ هێزە دەرەکیەکان کە دەیانەوێت زیان بە سوید بگەیەنن.
دوای کۆبوونەوەیەکی داخراو لەگەڵ سەرۆکی پارتە جیاوازەکانی سوید، ئۆڵف کریستیرسۆن، سەرۆکوەزیری ئەو وڵاتە بۆ میدیاکان قسەی کرد و ئاماژەی بە رووداوەکانی ئەم دواییەی پەیوەست بە وڵاتەکەی کرد.
ئەو رایگەیاند، هەندێک لایەنی دەرەکی و بەرپرسانی دەوڵەتان هەوڵی قوڵکردنی کێشەکان دەدەن بۆ ئەوەی سوید زیانی بەربکەوێت، هەندێک کەسی “گەمژە”ش بە کردوەکانیان بوونە هۆکار کە دەستی دەرەکی “مەرامەکانیان” جێبەجێ بکەن و گوتی “حکومەتی سوید بەردەوامە لە دەستپێشخەرییە دیپلۆماسییەکان بۆ کەمکردنەوەی گرژییەکان.
گوتیشی، بۆ ئەوە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیم لەگەڵ ئەنتۆنیۆ گۆتێرێس، سکرتێری گشتی نەتەوەیەکگرتووەکان ئەنجامداوە.”
لە واشنتن گفتوگۆ لەبارەی ئەندامێتی سوید لە ناتۆ دەکرێت
کریستیرسۆن باسی “گرنگ”ـی ئەندامێتی سویدی لە رێکخراوی ناتۆدا کرد و بەمشێوەیە بەردەوامی بە قسەکانیدا “سوید لەدوای جەنگی جیهانی دووەمەوە، یەکەمجارە کە روبەڕوی مەترسیەکی بەمشێوەیە دەبێتەوە، هەرچەندە هێشتا هەندێک رێکار ماون، بەڵام تارادەیەکی زۆر 28 وڵاتی ئەندامی ناتۆ سویدیان لە رێکخراوەکەدا قبوڵکردووە و ئەمەش ئاسایشی سوید دەپارێزێت. لەم رۆژانەشدا سەردانی ئەمریکا دەکەین و لەگەڵ بەرپرسانی واشنتن گفتوگۆ لەبارەی ئەندامێتی سوید لە ناتۆدا دەکەین.”
بەرپرسێکی ئەنجومەنی پیرانی ئەمریکا: بەمشێوەیە ناتوانین فڕۆکەی ئێف16 بە تورکیا بفرۆشین
لەلایەکی دیکەوە، ڤان هۆلین سەرۆکی کۆمیتەی پەیوەندیەکانی دەرەوەی ئەنجومەنی پیرانی ئەمریکا، لە ئاهەنگێکدا لە واشنتۆن رایگەیاند، ئێمە زیاتر لەگەڵ هاوبەشەکەمان هەماهەنگی دەکەین و ئەگەر رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆککۆماری تورکیا بەردەوام بێت لەسەر رێگریکردن لە ئەندامێتی سوید و فینلەندا لە ناتۆدا، پێویستی بە سزای نوێ دەبێت کەبەسەر تورکیادا بیسەپێنین. ڤان هۆلی باسی ئەوەشی کردووە، بەم شێوەیە ناتوانن فڕۆکەی ئێف16 بە تورکیا بفرۆشن.
ئەردۆغان: ئێمە رێگە نادەین سوید ببێتە ئەندامی ناتۆ
رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا و سەرۆکی ئاکەپە، ئەمڕۆ لە کۆبونەوەی حەفتانەی پارتەکەیدا، ئاماژەی بە پرسی ئەندامێتی سوید و فینلەندا لە ناتۆ کرد و گوتی “لە کاتێکدا کە لە سوید لەبەرچاوی هێزە ئەمنیەکان، کتێبە پیرۆزەکەمان “قورئان” دەدڕێنن و دەسووتێنن، ئێمە رێگە نادەین سوید ببێتە ئەندامی ناتۆ. بڕیاری ئێمە بۆ فینلەندا ئەرێنیە، بەڵام بۆ سوید بە پێچەوانەوەیە.
چاوشئۆغلۆ: بەمشێوەیە بە هیچ شێوەیەک ئەندامێتی سوید لە ناتۆدا قبوڵ ناکرێت
مەولود چاوشئۆغلۆ، وەزیری دەرەوەی تورکیا کە سەردانی هەنگاریای کردووە، لە کۆنفڕانسێکی رۆژنامەنووسیدا لەگەڵ هاوتا هەنگاریەکەیدا ئاماژەی بە پرسی ئەندامێتی سوید لە ناتۆدا کرد و گوتی “ئێمە لە نیگەرانیەکانی سوید و فینلەندا تێدەگەین و دەزانین کە پێویستیان هەیە ببنە بەشێک لە ناتۆ، بەڵام پێویستە ئەو دوو وڵاتە، لە نیگەرانیەکانی تورکیاش تێبگەن کە ئەویش شەڕی دژی ‘تیرۆرە’. دەبێت بە تایبەتی سوید هەنگاوی جددی بنێت، بەم شێوەیە بە هیچ شێوەیەک ئەندامێتی سوید لە ناتۆدا قبوڵ ناکرێت.”
هەنگاریا: ئەگەر سوید دەیەوێت ببێتە ئەندامی ناتۆ دەبێت هەڵوێستێکی جیاوازتری هەبێت
لەلایەکی دیکەوە، پیتەر سیجارتۆ وەزیری دەرەوەی هەنگاریاش لە هەمان کۆنفڕانسی رۆژنامەنووسیدا، ئاماژەی بە پرسی ئەندامێتی سوید لە ناتۆدا کرد و رایگەیاند، سوتاندنی کتێبی قورئان لە بەردەم باڵیۆزخانەی تورکیا لە ستۆکهۆڵم قبوڵ ناکرێت و گوتی، ” ئەگەر سوید دەیەوێت رەزامەندی تورکیا بەدەست بهێنێت، پێویستە هەڵوێستی جیاوازتری هەبێت.”
چی روویدابوو؟
لە مانگەکانى سەرەتاى ساڵی رابردوودا، پرسى ئەندامبوونى سوید و فینلەندا لە ناتۆ هاتەئاراوە، تورکیا بە توندى ناڕەزایی نیشاندا و رایگەیاند، ناکرێت ئەو دوو وڵاتە ببنە ئەندام لەکاتێکدا بە داڵدەدانى هەزاران کەس کە لەلایەن ئەنقەرەوە داواکراون، مەترسییان لەسەر وڵاتێکى ئەندامى رێکخراوەکە دروستکردووە کە ئەویش تورکیایە.
بۆ رەوینەوەى نیگەرانییەکانى تورکیا، لە 28ى حوزەیرانى ساڵی رابردوودا، لە میانی کۆبوونەوەى لوتکەی ناتۆ لە مەدریدى پایتەختى ئیسپانیا، تورکیا و سوید و فینلەندا رێککەوتنێکى سێ قۆڵیان واژۆکرد.
بەگوێرەى هەندێک لە بەندەکانى رێککەوتننامەکە تورکیا بەو مەرجە رازى دەبێت سوید و فینلەندا ببنە ئەندامى ناتۆ، هەردوو وڵات ئەو داواکراوانە رادەستى تورکیا بکەنەوە کە لەلایەن ئەنقەرەوە داواکراون.
11ى ئەیلولى 2022، هەڵبژاردنى پەرلەمانى لە سوید بەڕێوەچوو، سەرۆکوەزیرانى پێشوو شکستیهێنا و بەرەى راستڕەوەکان لە 17ى تشرینى یەکەم حکومەتیان پێکهێنا. پاش دەستبەکاربووتى ئوڵف کریستێرسۆن، سەرۆکوەزیرانی نوێی سوید رایگەیاند، پابەندین بە رێککەوتنەکەیان لەگەڵ تورکیا و دەربارەی ئەم بابەتە لەگەڵ حکومەت و بەرپرسانی تورکیا کۆدەبنەوە.
دانوستانەکانی تورکیا و بە تایبەتی ئاسایی بەڕێوەدەچوون تاوەکو 11ى کانوونى دووەمى 2023 کە لە ستۆکهۆڵم لەلایەن چالاکانى کوردەوە خۆپیشاندانێک رێکخرابوو و تێیدا بوکەڵەیەک هاوشێوەی ئەردۆغان بە قاچ هەڵواسرا.
دواتر راسمۆس پالودان، چالاکی سویدی-دانیمارکی کە پێشتریش بە تۆمەتی رەگەزپەرستی تۆمەتبارکرابوو، بە بەرچاوى پۆلیسەوە لەبەردەم کونسوڵخانەی تورکیا لە ستوکهۆڵم قورئانی سوتاند و ئەوەش بووە هۆی تێکچوونی پەیوەندیەکانی نێوان سوید و تورکیا و لە ئیستادا پرسی ئەندامێتی سوید لە ناتۆدا بە هەڵواسراوی ماوەتەوە.