پارتى دیموکراتى گەلان (هەدەپە) دەیەوێت لەماوەى هەفتەیەکدا کاندیدى خۆى بۆ پۆستى سەرۆککۆمارى تورکیا ئاشکرا بکات. پەرلەمانتارێکی پارتى گەلى کۆمارى (جەهەپە)ش دەڵێت، کەمال کلچدارئۆغلۆ، سەرۆکی جەهەپە کاندیدی هاوپەیمانی گەل دەبێت.
پەروین بوڵدان، هاوسەرۆکی گشتی پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە) لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ بەشی تورکی بی بی سی رایگەیاند، پێکهاتەکانی نێو هاوپەیمانی رەنج و ئازادی، بەردەوامن لەسەر گفتوگۆکانیان بۆ دیاریکردنی کاندیدی هاوبەشی سەرۆککۆمار. ئەو گوتی “لە ماوەی هەفتەیەکدا کاندیدی هاوپەیمانێتیەکە ئاشکرا دەکرێت.”
پێشتر چەند جارێک بوڵدان باسی لەوە کردبوو کە کاندیدەکەیان ژن دەبێت و ئاماژەی بە کاندیدکردنی گوڵتەن کشاناک، هاوسەرۆکی پێشووی گەورەشارەوانی ئامەد کردبوو، کە هەشت ساڵە لە زینداندایە، بەڵام لە وڵامی پرسیاری رۆژنامەنووسەکەی بی بی سی، کە ئایا کاندیدەکەیان ژن دەبێت یان نا؟ بوڵدان گوتی، تاوەکو ئێستا یەکلایی نەبووەتەوە.
بەگوێرەی هەندێک سەرچاوە ئەگەر هاوپەیمانی گەل، کەمال کلچدارئۆغلۆ بە فەرمی کاندیدی بکات پێدەچێت هاوپەیمانی رەنج و ئازادی، هیچ کاندیدێک دیار نەکات یان ئەگەر دیاریشی بکات دواتر بیکشێنێتەوە.
لەلایەکی دیکەوە، سەزگین تانرکولو، پەرلەمانتاری شاری ئامەدی پارتی گەلی کۆماری (جەهەپە) رایگەیاند، 13ی ئەم مانگە کاندیدی هاوپەیمانی گەل (شەش لایەنی ئۆپۆزسیۆن) ئاشکرا دەکرێت.
تانرکولو لە بەرنامەیەکی تەلەڤزیۆنیدا ئاشکرای کرد، پێنج لایەنەکەی دیکەی هاوپەیمانی گەل، لەسەر کاندیدکردنی کەمال کلچدارئۆغلۆ، سەرۆکی پارتەکەی رەزامەندیان دەربڕیوە و ئەگەر هیچ پێشهاتێکی جیاواز روونەدات، 13ی مانگ کۆتایی بە پرسی کاندیدی هاوپەیمانێتیەکە دەهێنن.
لەبارەی کاندیدی دەسەڵاتیش کە هاوپەیمانی کۆماریان پێکهێناوە، هەرچەندە کاندیدکردنی ئەردۆغان بە هەنگاوێکی “نایاسایی” دادەنرێت، بەڵام دەسەڵات سوورە لەسەر کاندیدکردنەوەی.
بەو پێیەش ئەگەر هەدەپە و هاوپەیمانەکانیشی دەنگ بە کلچدارئۆغلۆ بدەن پێشبینیدەکرێت لە خولی یەکەمی هەڵبژاردنەکاندا کۆتایی بە پێشبڕکێی هەڵبژاردنەکان بهێندرێت و دەسەڵاتی 20 ساڵەی ئاکەپە بە سەرۆکایەتى ئەردۆغان کۆتایی پێبهێندرێت.