زووم:
کۆبوونەوە و گفتوگۆى لایەنە سیاسییەکانى هەرێمى کوردستان لەبارەى هەڵبژاردنى خولى شەشەمى پەرلەمان دەستیان پێکردەوە و دوێنێ پارتى دیموکراتى کوردستان لەسەر ئەو پرسە سەردانى هەریەکە لە یەکگرتووى ئیسلامى و کۆمەڵى دادگەریی کرد و ئەمڕۆش سەردانى چەند لایەنێکى دیکە دەکات.
تەمەنى هەر خولێکى پەرلەمانى کوردستان چوار ساڵە، تەمەنی خولی پێنجەمیش لە 6ى نۆڤەمبەری 2022 کۆتایی هات، بەوپێیە دەبوو ساڵى رابردوو پێش مانگى نۆڤەمبەر هەڵبژاردنى خولى شەشەم ئەنجام بدرایە هەرچەندە سەرۆکی هەرێم یەکی ئۆکتۆبەری بۆ رۆژی هەڵبژاردنەکە دیاریکردبوو، بەڵام بەهۆى ناکۆکى نێوان لایەنەکان هەڵبژاردنەکە نەکرا و تەمەنى ئەم خولەى پەرلەمان درێژکرایەوە.
پەرلەمانى کوردستان لەو یاسایەى کە بە زۆرینەى دەنگ پەسەندى کرد و تەمەنی خولى پێنجەمى تاوەکو 31ـی 12ـی 2023 درێژکردەوە، ئاماژەى بەوەداوە کە دەبێت لەو ماوەیەدا واتە پێش کۆتایی ئەمساڵ، هەڵبژاردن ئەنجام بدرێت.
بەربەستەکانى بەردەم ئەنجامدانى هەڵبژاردن چین؟
ئەو کێشە و بەربەستانەى کە ساڵى رابردوو بوونە هۆکارى ئەنجام نەدان و دواخستنى هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان، هێشتا وەکو خۆیانن کە لە دوو بەربەستى سەرەکییدا خۆیان دەبیننەوە: هەموارکردنەوەى یاساى هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان و کاراکردنەوەى کۆمسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردن و راپرسى.
بەربەستى یەکەم: هەموارکردنەوەى یاساى هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان
لایەنە سیاسییەکانى هەرێمى کوردستان ساڵى رابردوو زنجیرەیەک کۆبوونەوەیان لەسەر هەموارکردنەوەى یاساى هەڵبژاردن ئەنجامدا، بەڵام نەگەیشتنە رێککەوتنى کۆتایی، یەکێک لەو مادانەى کە لە یاساکەدا ناکۆکی لەسەرە، ناوچەکانى دەنگدان یاخود بازنەى دەنگدانە، بەگوێرەى مادەى نۆى یاساکە هەرێمى کوردستان بە یەک بازنەى دەنگدان دیاریکراوە، بەڵام بەشێک لە لایەنەکان داواى هەموارکردنەوەى ئەم مادەیە دەکەن و داوا دەکەن هەڵبژاردنەکە بە فرەبازنەیی ئەنجام بدرێت هاوشێوەی دوایین هەڵبژاردنی پەرلەمانى عێراق، واتە هەرێمی كوردستان دابەشبكرێت بەسەر چوار بازنەدا و هەر پارێزگایەك بازنەیەكی هەڵبژاردن بێت.
ئەو لایەنانەى کە داواى فرەبازنەیی دەکەن لە هەریەکە لە یەکێتى، گۆڕان، نەوەى نوێ، یەکگرتوو و کۆمەڵ پێکدێن، هەرچى پارتییە لە گفتوگۆکانى ساڵى رابردوودا لە سەرەتادا دژى ئەوە بوو سیستمى هەڵبژاردنەکە بکرێت بە فرەبازنەیی بەڵام دواتر نەرمییەک بە هەڵوێستەکانییەوە دیاربوو داواى دەکرد ئەو فرەبازنەییە روون بکرێتەوە، ئەمڕۆش لە زارى گوتەبێژەکەیەوە گوتى: لارییان نییە هەرێم بکرێتە چوار بازنەى هەڵبژاردن.
کورسى پێکهاتەکان یەکێکى دیکەیە لە خاڵە ناکۆکەکانى نێوان لایەنەکان، بەگوێرەى مادەى 36ـى یاساى هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان کورسى پێکهاتەکان لە 11 کورسى پێکدێت بە جۆرێک پێنج کورسى بۆ کلدان و ئاشورى و پێنج کورسى بۆ تورکمان و یەک کورسى بۆ ئەرمەن.
جگە لە پارتى، لایەنەکانى دیکە داوا دەکەن لەکاتى هەموارکردنەوەى یاساى هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان پێداچوونەوە بەم کورسیانەدا بکرێت، یەکێک لە پێشنیازەکان ئەوەیە کاتێک شێوازى هەڵبژاردنەکە دەکرێت بە سیستمى فرەبازنەیی لەو 11 کورسییە چوار کورسییان بۆ پارێزگاى سلێمانى تەرخان بکرێت، پێشنیازێکى دیکە ئەوەیە ژمارەى کورسییەکان کەم بکرێنەوە بۆ حەوت کورسى، بەڵام پارتى بە توندى دژى هەر دەستکاریکردنێکى کورسى پێکهاتەکانە.
بەربەستى دووەم: کاراکردنەوەى کۆمسیۆن
ئەندامانى ئەنجومەنى کۆمسیاران لە کۆمسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردن و راپرسى کە لە نۆ ئەندام پێکدێن، زیاتر لە سێ ساڵە وادەى کارکردنیان بەسەرچووە، پەرلەمانى کوردستان دەبوو متمانە بە ئەندامانى نوێى ئەنجومەنەکە ببەخشێت تاوەکو پێنج ساڵى دیکە لە ئەرکەکانیان بەردەوامبن، بەڵام پەرلەمان تائێستا هیچ هەنگاوێکى لەوباریەوە نەناوە ئەویش بەهۆى ناکۆکى لایەنەکان لەسەر شێوازى کاراکردنەوەى کۆمسیۆن.
پێشتر لە نۆ ئەندامەکەى ئەنجومەنى کۆمسیاران، پارتى سێ ئەندام و یەکێتى و گۆڕان هەریەکەو دوو ئەندام و یەکگرتوو و کۆمەڵیش هەریەکەو ئەندامێکیان هەبوو، بەڵام ئێستا بۆچوونى جیاواز دروستبووە و هەندێک لە لایەنەکان داوا دەکەن یاساى کۆمسیۆنەکە هەمواربکرێتەوە و هەموو ئەندامەکانى بکرێن بە دادوەر و دوور دەبن لە ئینتیما و پشک پشکێنەى حزبى.
پاشئەوەى لایەنەکان لەسەر شێوازى کاراکردنەوەى کۆمسیۆن دەگەنە رێککەوتن و لە پەرلەمانى کوردستانەوە ئەندامانى نوێى ئەنجومەنى کۆمسیاران متمانە وەردەگرن، ئەوکاتە کۆمسیۆن بەگوێرەى ستانداردە نێودەوڵەتییەکان پێویستى بە شەش مانگە بۆ ئامادەکارییەکان و ئەنجامدانى هەڵبژاردن لەو وادەیەى کە دیارى دەکرێت.