زووم، رۆیتەرز
ئاژانسی هەواڵیی رۆیتەرز، دەڵێت هەژموونی سەربازیی تورکیا لە نێو خاکی هەرێمی کوردستاندا زیادیکردووە. بەرپرسێکی پێشووی وەزارەتی پێشمەرگە گوتوویەتی، ژمارەی بنکە سەربازییەکانی تورکیا لەنێو خاکی هەرێمدا بۆ دوو هێندە و نیو زیادبوون.
تورکیا 87 بنکەى سەربازى لە هەرێمى کوردستان هەیە
جەبار یاوەر، ئەمینداری پێشووی وەزارەتی پێشمەرگە
جەبار یاوەر ئەمینداری پێشووی وەزارەتی پێشمەرگە بە رۆیتەرزی راگەیاندووە، لە ساڵی 2019دا تورکیا 29 بنکەی سەربازیی لەنێو خاکی هەرێمدا هەبووە، بەڵام ئێستا 87 بنکەیان هەیە.
بەرپرسێکی دیکەی سەربازیی کورد، کە نەیویستووە ناوەکەی ئاشکرابکرێت، بە رۆیتەرزی گوتووە، تەنها لە دوو ساڵی رابردوودا، تورکیا زیاتر لە 50 بنکە و بارەگای دیکەی سەربازیی لەنێو خاکی هەرێمی کوردستاندا دامەزراندووە، تاوەکو دێت زیاتر هەست بەوە دەکرێت کە مانەوەی تورکیا لە هەرێمی کوردستان “هەمیشەییە”.
بنکە و بارەگا سەربازییەکانی تورکیا بە قوڵایی 30 کیلۆمەتر و بە درێژایی 150 کیلۆمەتر لە ناوچە سنوورییەکاندا درێژبوونەتەوە.
شەڕی سوپای تورکیا و پەکەکە فراوانتر بووە. رۆیتەرز دەڵێت، رۆژ بە رۆژ سوپای تورکیا بنکە و بارەگای تازە دادەمەزرێنێت، ژمارەیەکی زۆر تانک و ئۆتۆمبێلی زرێپۆشی جێگیرکردووە.
رۆیتەرز دەشڵێت، زیادبوونی هەژموونی تورکیا لە نێو خاکی هەرێمی کوردستاندا سەرنجێکی کەمی لەسەرە، بەڵام مەترسییەکی زۆری لەسەر سەقامگیریی ناوچەکە دروستکردووە.
بە گوێرەی راپۆرتەکەی رۆیتەرز، بەراورد بە دەستوەردانەکانی تورکیا لە سووریا، لەسەر ئاستی جیهانیدا گرنگییەکی کەمتر بە هەژموونی تورکیا لە هەرێمی کوردستان دەدرێت.
چەند بەرپرسێکی کورد، کە رۆیتەرز ناوەکانی ئاشکرانەکردوون، گوتوویانە هەندێک لایەن هێرشدەکەنە سەر بنکە سەربازییەکانی تورکیا لە نێو خاکی هەرێمی کوردستاندا، هەربۆیە تورکیا دەستوەردانەکانی زیاتردەکات. دەستوەردانەکانی تورکیا هانی ئێران دەدات لەلایەن خۆیەوە دەست بە کردەوەی سەربازیی بکات، دژی ئەو گروپ و رێکخراوانەی کە پێیوایە هۆکارن بۆ ناسەقامگیریی ناوچەکە.
رویتەرز پەیوەندیی بە وەزارەتی بەرگریی تورکیاوە کردووە، پرسیاری لێکردوون لەبارەی ژمارەی بنکە و بارەگاکانی سوپای تورکیا لەنێو خاکی هەرێمی کوردستاندا، بەڵام ئامادە نەبوون هیچ زانیارییەک لەوبارەیەوە ئاشکرابکەن.
وەزارەتی بەرگریی تورکیا تەنها ئەوەندەی بە رۆیتەرز گوتووە، کە بەگوێرەی مادەی 51ی میساقی نەتەوە یەکگرتووەکان، دەتوانن لە بەرامبەر هەموو هێرشێکدا بەرگری لەخۆیان بکەن. وەزارەتی بەرگریی تورکیا، گوتوویەتی هەنگاوەکانی تورکیا لە ناوچەکەدا لە چوارچێوەی هەماهەنگی و هاوکارییەکانی نێوان تورکیا و عێراقدایە.
لەبارەی قوربانیانی هێرشە سەربازییەکانی تورکیاوە، رویتەرز پشتی بە ئاماری رێکخراوەکانی مافەکانی مرۆڤ و کۆمەڵگەی مەدەنی بەستووە. رۆیتەرز ئاشکرایکردووە، لە ساڵی 2015ەوە کە بۆردومانەکانی تورکیا بۆ سەر ناوچەکە زیادی کردووە، زیاتر لە 98 هاوڵاتی مەدەنی گیانیان لەدەستداوە و هەزاران هاوڵاتی دیکە ماڵ و حاڵی خۆیان جێهێشتووە.
رویتەرز بۆچوونی جوتیار عادل گوتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستانی وەرگرتووە. جوتیار عادل، رایگەیاندووە، کە داوا لە هەموو گروپ و رێکخراوەکان دەکەن بە پەکەکەشەوە، کە هەرێمی کوردستان نەکەنە گۆڕەپانی ململانێ و گرژی و ئاڵۆزییەکان.
گوتەبێژی حکومەتی هەرێم، ئاماژەی بەوەداوە کە پەکەکە هۆکارە بۆئەوەی تورکیا بێتە نێو خاکی هەرێمەوە، گوتوویەتی “پێمانوایە پێویستە پەکەکە خاکی هەرێم بەجێ بهێڵێت، ئێمە لایەنێک نین لەم ناکۆکییە دەیان ساڵەیە و نیازیشمان نییە لایەنگری بکەین”.
ناکۆکی تورکیا و پەکەکە مەترسیدارە، بەڵام وەک داعش نییە
مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان
سەرباری ئەمانە، مەسرور بارزانی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان بە رۆیتەرزی راگەیاندووە، کە “ناکۆکی نێوان تورکیا و پەکەکە مەترسیدارە، بەڵام هاوشێوەی ئەو هەڕەشەیە نییە کە داعش لەسەر هەرێم دروستی کردبوو”.