زووم:
ئەمڕۆ هاوپەیمانی گەل بەرنامەى حکومەتەکەی ئاشکرا کرد، ئەگەر لە هەڵبژاردنەکانى ئەمساڵى تورکیادا سەربکەون، دەیانەوێت جێبەجێی بکەن.
هاوپەیمانى گەل پێکهاتووە لە پارتی گەلی کۆماری (جەهەپە)، پاری باش، پارتی دوارۆژ، پارتی دیموکراسی و پێشکەوتن (دەڤا)، پارتی دیموکرات و پارتی سەعادەت.
لە هۆڵی جانگرەسیومی ئەنقەرە، بە بەشداری سەرۆک، پەرلەمانتاران، سەرۆک شارەوانی و ئەندامە باڵاکانى شەش پارتەکە بەرنامەکەیان راگەیاند.
بەرنامەکە چی تێدایە؟
بەرنامەى حکومەتەکەی ئەو شەش لایەنەی ئۆپۆزسیۆن لە نۆ تەوەر پێکهاتووە، کە زیاتر لە دوو هەزار ماددەیە؛ تەوەرەکان ئەمانەن:
- دادپەروەری، یاسا و دەسەڵاتی دادوەری
- کارگێڕی گشتی
- بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی، شەفافی و چاودێری
- ئابوری، دارایی و دامەزراندن
- زانست، توێژینەوە و پەرەپێدان، داهێنان، کارگێڕی و گۆڕانکاری دیجیتاڵی
- سیاسەتی کەرتە حکومییەکان
- پەروەردە و فێرکردن
- سیاسەتی کۆمەڵایەتی
- سیاسەتی دەرەوە، بەرگری، ئاسایش و سیاسەتی هێز
هەندێک ماددەی گرنگی نێو تەوەرەکان ئەمانەن:
1- دادپەروەری، یاسا و دەسەڵاتی دادوەری
- نهێنیەکانی دەوڵەت و بازرگانی، نابێت لە پەرلەمان بشاردرێتەوە و پێویستە لەژێر چاودێری پەرلەماندا بن.
- پێویستە پەرلەمان پرسی کشانەوە لە رێککەوتننامە نێودەوڵەتیەکان یەکلایی بکاتەوە.
- سەرۆککۆمار بۆ ماوەی حەوت ساڵ هەڵبژێردرێت و دوای ئەوەی وەک سەرۆککۆمار هەڵبژێردرا، لە پارتەکەی دوور بکەوێتەوە و دوای کۆتاییهاتنی ئەرکەکەی لە سیاسەتی چالاک دووربکەوێتەوە.
- کۆتایی بە بڕیارەکانی باری نائاسایی دەهێندرێت و ماوەی باری نائاسایی لە شەش مانگەوە بۆ دوو مانگ کەمدەکرێتەوە.
- کۆتایی بە سیستمی زۆری سەندیکاکانی پارێزەران دەهێندرێت.
- کۆتایی بەو بڕیارانە دەهێندرێت کە لە چوارچێوەی بارە نائاساییەکاندا دەدرێن.
- بەندی هەڵبژاردنەکان بۆ 3٪ کەم دەکرێتەوە، کە ئێستا 7%.
2-کارگێڕی گشتی
- سندوقی سامانی تورکیا دادەخرێت.
- سیستمی یاریدەدەری وەزیرەکان نامێنێت و سیستمی راوێژکاری دادەنرێت.
- سیستمی (قەیوم) کە مافی دەنگدەر و هەڵبژاردن پێشێل دەکات لە شارەوانییەکاندا، کۆتایی پێدەهێندرێت.
- دەستە و ئۆفیسەکانی سەر بە سەرۆکایەتی کۆمار هەڵدەوەشێندرێنەوە و ئەرک و دەسەڵاتەکانیان دەگوازرێتەوە بۆ وەزارەت و دامودەزگا پەیوەندیدارەکان.
- وەزارەتی خێزان و خزمەتگوزاری کۆمەڵایەتی وەک وەزارەتی ئافرەتان و خێزان و منداڵان رێکدەخرێتەوە.
- وەزارەتی ژینگە، شارنشینی و گۆڕانی کەشوهەوا وەک وەزارەتی کەشوهەوا و ژینگە و دارستان رێکدەخرێتەوە.
- وەزارەتی پلاندانانی شارەکان و بەڕێوەبردنی کارەساتەکان دادەمەزرێندرێت.
- گەنجینەی دەوڵەت لە وەزارەتی دارایی جیا دەکرێتەوە و وەک وەزارەتێکی جیاوازی بۆ دادەنرێت.
- وەزارەتی بازرگانی بۆ وەزارەتی بازرگانی و کاروکاسبی دەگۆڕدرێت.
- وەزارەتی زانیاری و داهێنان دادەمەزرێندرێت.
- شێوازی هەڵبژاردنی ئەندامانی ئەنجومەنی باڵای رادیۆ و تەلەفزیۆن دەگۆڕدرێت و بێلایەنی و سەربەخۆیی دەستەی کارگێڕی ئەنجومەنەکە گەرەنتی دەکرێت.
- دەستوەردان لە ژینگەی بازاڕەکانی سەرمایە رێگەپێدراو نابێت.
- دەستەی رێکخستنی بازاڕی تووتن و بەرهەمەکانی تووتن و خواردنەوە کحولیەکان دادەمەزرێندرێت.
- دامەزراوەی شەکری تورکی دادەمەزرێت.
3-بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی، شەفافی و چاودێری
- کۆمیسیۆنی لێکۆڵینەوە لە گەندەڵی لە پەرلەمانی تورکیا دادەمەزرێندرێت.
- یاسای ئەخلاقی سیاسی دەردەچێت، لیژنەی ئەخلاقی سیاسی لە پەرلەمانی تورکیا پێکدەهێندرێت، هەروەها لیژنەی ئەخلاقی سیاسی لەناو فراکسیۆنەکانی نێو پەرلەمان پێکدەهێنرێت.
4-ئابوری، دارایی و دامەزراندن
- سەنتەرێکی دیجیتاڵی دادەمەزرێندرێت و تێیدا وەبەرهێنان، دامەزراندن ئەنجامدەدرێت و سەنتەرەکە دەکرێتە ناوەندێک بۆ داهات بۆ تورکیا.
- رێژەی هەڵاوسان لە ماوەی دوو ساڵدا بۆ نزمترین ئاست دادەبەزێندرێت و هەمیشەیی دەکرێت.
- لە کۆتایی پێنج ساڵدا داهاتوودا، داهاتی تاک بە دۆلار لانیکەم دوو هێندە زیاد دەکات.
- لیرەی تورکی شکۆ و سەقامگیری خۆی بەدەست دەهێنێتەوە.
- گەندەڵی لەڕادەبەدەر کە لە دوای ساڵی 2018 زیاد بووە، سفر دەکرێتەوە.
- کۆمیتەی سەقامگیری دارایی کە هیچ کارایییەکی نییە و دەستوەردان لە سەربەخۆیی بانکی ناوەندی دەکات، هەڵدەوەشێندرێتەوە.
- ژمارەی ئەو فڕۆکانەی لە سەرۆکایەتی کۆمار بەکار دەهێندرێن کەمدەکرێنەوە.
5-زانست، توێژینەوە و پەرەپێدان، داهێنان، کارگێڕی و گۆڕانکاری دیجیتاڵی
- دامودەزگاکانی پەروەردەیی، بەتایبەتی توبا، توبتاک و دامەزراوەکانی خوێندنی باڵا، بەشێوەیەکی سەربەخۆ و دوور لە دەستوەردانی سیاسی دادەڕێژرێنەوە.
- لە هەموو پرۆسەکانی فێربوون و توێژینەوە کە لە زانکۆکان ئەنجامدەدرێن، زانست، بنەمای ئازادی، قووڵی و کراوەیی دەبێت و داهێنان دەکرێتە پێوەری بنەڕەتی.
- بەشداریکردن لە دامەزروە نێودەوڵەتیەکانی توێژینەوەی زانستی زیادی دەکرێن.
- ماف و ئەرکەکانی پلاتفۆرمەکانی سۆشیال میدیا دیاری دەکرێن و بڕگەکانی سانسۆرهەڵدەوەشێندرێنەوە.
6-سیاسەتی کەرتە حکومییەکان
- وەزارەتی کشتوکاڵ و دارستان وەک “وەزارەتی کشتوکاڵ و ئاسایشی خۆراک” دادەڕێژرێتەوە.
- هەر پێنج ساڵ جارێک سەرژمێری کشتوکاڵی و ئاژەڵداری ئەنجام دەدرێت.
- باجی سەر گازۆیل بۆ کەرەستەی بەرهەمهێنان و ئەو ئامێرانەی کە لە کشتوکاڵدا بەکاردەهێنرێن، هەڵدەگیرێت.
- پەرە بە بانکی تۆوی کشتوکاڵی دەدرێت و بە جۆرێک کە تۆوی خۆماڵی بێت.
- گرنگی بە هاوکاریی نێوان حکومەت، زانکۆ، پیشەسازی و کۆمەڵگەی مەدەنی دەدرێت.
- دەسەڵات و بەرپرسیارێتییەکانی پیشەسازی بەرگری لەژێر چاودێری سەرۆکایەتی پیشەسازییەکانی بەرگریدا کۆدەکرێنەوە، دوور لە کاریگەری لایەنە سیاسیەکان دەبێت.
- ناوەندێک دادەمەزرێندرێت بۆ چاودێریکردنی سکاڵای بەکاربەرانی کارەبا، غازی سروشتی و سووتەمەنی.
- میکانیزمی پاڵپشتیکردنی سەرچاوەکانی وزەی بەگوێرەى گۆڕانی بارودۆخی بازاڕ و نرخەکان دیزاین دەکرێتەوە.
- بیمەی کرێکارانی کانەکان فراوانتر دەکرێت.
- پرۆژەی کەناڵ ئیستەنبوڵ هەڵدەوەشێنێتەوە، ئەو کار و مامەڵانەی تائێستا کراون لە رووی یاسایی، ئابوری، ژینگەیی و تەکنیکییەوە پێداچوونەوەیان بۆ دەکرێتەوە.
7-پەروەردە و فێرکردن
- بواری پەروەردەی لە ململانێی ئایدیۆلۆژی دووردەخرێتەوە.
- شیر، ئاو و نانی نیوەڕۆ بەخۆڕایی بۆ خوێندکارانی قوتابخانە حکومییەکان دابین دەکرێت.
- دەستکاری تاقیکردنەوەکان دەکرێت و سیستمی سەرەتایی، ناوەندی، دواناوەندی گۆڕانکاری بەسەردا دێت.
- بەربەستەکانی بەردەم ئازادی رادەربڕینی کەسانی ئەکادیمی هەڵدەگیرێن.
- زەوی زانکۆکان ناکرێنە قوربانی پرۆژە حکومییەکان.
- دامەزراندنی مامۆستاکان بەشێوەی سیستمی چاوپێکەوتن نامێنێت.
- بە تێگەیشتنی “هەموو شوێنێک خوێندنگا، پەروەردە لە هەموو ساتێکدا”، سیستەمی پەروەردە بەشێوەیەک داڕێژراوە کە لە تەمەنی سێ ساڵیەوە دەستپێدەکات و بە درێژایی تەمەن بەردەوام دەبێت.
8-سیاسەتی کۆمەڵایەتی
- بنەمای موچەی یەکسان بۆ کارێکی یەکسان پیادە دەکرێت.
- دادگای رێگەپێدراوی تایبەت کە مامەڵە لەگەڵ کەیسەکانی توندوتیژی دژی ژنان دەکەن و ژورێکی تایبەت بەم پرسە لە دادگای باڵا دەکرێتەوە.
- لە رۆژی 8ی مارس واتە رۆژی جیهانی ژنان، ئەو ژنانەی لە کەرتی گشتی و تایبەتدا کاردەکەن مۆڵەتیان پێدەدرێت.
- رێگری لە کارکردنی منداڵان دەکرێت.
- مافی منداڵانی ساوا بە دابینکردنی پێداویستییەکانیان دەپارێزرێت و رێگری لە دەستدرێژیەکانی سەر منداڵان دەکرێت.
- پاسپۆرت بە بێبەرامبەر بە گەنجان دەدرێت و هەموو مانگێک پێنج گێگابایت ئینتەرنێتی خۆڕایی بۆیان دابین دەکرێت.
9-سیاسەتی دەرەوە، بەرگری، ئاسایش و سیاسەتی هێز
- پێداچوونەوە بە پێدانی رەگەزنامە بە کۆچبەران دەکرێت؛ ئەوانەی کە بەیاننامە، زانیاری و بەڵگەنامەکانیان ناڕاستە رەگەزنامەیان لێ وەردەگیرێتەوە.
- لەگەڵ وڵاتان و بەتایبەتی لەگەڵ حکومەتی سوریا، کۆتایی بە ئازاری خەڵکی سوریا دەهێندرێت و لە چوارچێوەی هەوڵەکانی نەتەوەیەکگرتووەکاندا کار بۆ چارەسەری کێشەی پەنابەرانی سوریا دەکرێت.
- پێداچونەوە بە هەیکەلی وەزارەتی بەرگری دەکرێت و هەموو هێزەکان دەخرێنەوە سەر ئەرکانی گشتی.
- هاوکاری لەگەڵ وڵاتانی ناوچەکە و جیهان و دامەزراوە نێودەوڵەتییەکان لەدژی “تیرۆریستی بیانی، قاچاخچێتی مرۆڤ و ماددە هۆشبەرەکان، تاوانە ئەلیکترۆنییەکان و کۆچبەران” زیاد دەکرێت.
- رێگە نادرێت تورکیا وەک “ناوچەی ئارامی” هەندێک وڵات مامەڵەی لەگەڵدا بکرێت.
- بەتەواوی هەوڵی ئەندامێتی لە یەکێتی ئەوروپادا دەدرێت.
- بە ئەندامبوون لە کۆنسەی ئەوروپادا، هەموو یاساکانی ئەوروپا و دادگای مافەکانی مرۆڤی ئەوروپا جێبەجێ دەکرێن.
- هەوڵی چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان تورکیا و ئەرمینیا دەدرێت.
شەش لایەنەکە هیچییان بۆ کورد پێنییە!
لە 29ی تشرینی دووەمی ساڵی رابردووشدا، هاوپەیمانی گەل، پەیڕەو و پرۆگرامی خۆیان بۆ داهاتووی تورکیا ئاشکرا کردبوو، کە لە هەموارکردنی 84 مادەی دەستووری لە کۆی 177 مادەی دەستووری پێکدێت. پەیڕەو و پرۆگرامەکە چەندین پرسی تێدابوو، تەنیا پرسی کورد نەبێت کە بە سەرەکیترین کێشەی دیموکراسی، ئازادی، ئابوریی، سیاسی، کۆمەڵایەتی و دیپلۆماسی تورکیا دادەنرێت.
مادەکانی یەک، دوو، سێ، چوار، پێنج و شەشی دەستووری بنەڕەتی تورکیا، ئاماژە بەوە دەکەن کە، کۆماری تورکیا، کۆمارێکی نەتەوەیی و سەر بە بیر و ئایدۆلۆژیای ئەتاتورک دامەزراوە و لە یەک دەوڵەت، یەک گەل، یەک ئاڵا و یەک زمان پێکدێت و بەهیچ شێوەیەک گۆڕانکاری بەسەردا نایەت و پارچە ناکرێت.
شەش لایەنەکەی ئۆپۆزسیۆنیش نە لە پەیڕەو و بەرنامەکەیاندا بۆ گۆڕانکاری ماددە دەستووریەکان و نە لە بەرنامەی حکومەتەکەیاندا، دەستیان بۆ ئەو مادە سەرەکیانە نەبردووە کە تاوەکو گۆڕانکارییان تێدا نەکرێت “ئەستەمە” مافی کورد لە تورکیا بناسرێت.
رەنگە ئەمە وابکات پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە) زیاتر لە هاوپەیمانی گەلی ئۆپۆزسیۆن دووربکرێتەوە. هەدەپە یەکێک لە دروشمەکانی “کۆماری دیموکراسی و هاوبەشی گەلانە”.