دوو رۆژە شەپۆلێکی بەفر و سەرما چەند پارێزگایەکی باکوری کوردستانی گرتووەتەوە، بەگوێرەی زانیارییەکان بەفر رێگەی زیاتر لە هەزار گوندی داخستووە.
شەپۆلەکە پارێزگاکانی، جۆلەمێرگ، ئێلح، ئەرزەروم، ئەردەخان، مووش، بەتلیسی، شرنەخ، خارپێت و چەولگی باکوری کوردستانی گرتووەتەوە.
لە شاری جۆلەمێرگ رێگەی 176 گوند گیراوە، لە بەدلیس 282 گوند، لە موش رێگەی 225 گوند و لە شڕنەخ، خارپێت و چەولگ رێگەی نزیکەی 372 گوند بەهۆی بەفرەوە داخراون.
سەرلەبەیانیی ئەمڕۆ دووشەممە 30ی کانوونی دووەمی 2023، بەفرێکی زۆر لە پارێزگای ئێلحی (باتمان) باریوە و رێگەی 24 گوندی داخستووە. تیمەکانی شارەوانی، دەستیان بە پاککردنەوەی رێگەکان کردووە.
هاوکات تۆڕەکانی کارەبا و ئاو لە هەندیک گوند پچڕاون و گوندنشینان روبەڕوی کێشەی کارەبا، ئاو و سووتەمەنی بونەتەوە.
ئەمە لە کاتێکدایە لە ئەرزەرومی باکوری کوردستان، بۆ یەکەمجار ئامادەکاری دەکرێت بۆ بەڕێوەچوونی پیشبڕکێی نێودەوڵەتی خلیسکێنەی سەر بەفر.
پێشبڕکێ نێودەوڵەتییەکە، یەکەمجارە لە شارێکی باکووری کوردستان ئەنجام بدرێت و بۆ ئەو مەبەستەش وەرزشکاران لە وڵاتانی وەک، ئەفغانستان، چین، چیللی، کرواتیا، بەریتانیا، ئەسیوپیا، فەرەنسا، هۆنگ کۆنگ، رۆمانیا، سلۆڤاکیا، ئیسپانیا، تایلەند و ئۆکراینەوە سەردانی تورکیایان کردووە.