هەرچەندە تاوەکو ئێستا هاوپەیمانی کۆماری دەسەڵاتدار لە تورکیا، کاندیدەکەى بۆ هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتى ئاشکرانەکردووە، بەڵام هەموو ئاماژەکان بۆ ئەوەن کە جارێکى دیکە رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری ئێستا و سەرۆکی گشتی پارتی داد و گەشەپێدان (ئاکەپە)، دەبێتەوە بە کاندیدی بەرەی دەسەڵات.
خۆکاندیدکردنی ئەردۆغان، مشتومڕێکی زۆری لە شەقامی سیاسی تورکیادا دروستکردووە، ئێستا پرسێکی گرنگى وڵاتەکە و ئۆپۆزسیۆن و دەسەڵات قسەی لەبارەوە دەکەن.
هەرچەندە بەگوێرەی دەستووری تورکیا، هیچ کەسێک بۆی نییە لە دوو جار زیاتر ببێتە سەرۆکی وڵات، بەڵام ئاکەپە سوورە لەسەر ئەوەی جارێکی دیکە ئەردۆغان کاندید بکاتەوە، بەو پێیەی بەر لە دوایین هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیدا کە لە ساڵی 2018دا ئەنجامدرا، هەندێک مادەی دەستووری بە تایبەتی مادەی 101ی دەستوور گۆڕانکاری بەسەردا هاتووە.
دەسەڵات دەڵێت، بەر لە هەڵبژاردنەکانی 2018، ئەردۆغان یەکجار بووەتە سەرۆککۆمار و پاش هەموارکردنەوەى دەستووریش جارێکی دیکە بووەتەوە بە سەرۆککۆمار، مادەی 101 دەڵێت، کەسێک بۆی هەیە دوو جار خۆی هەڵبژێرێتەوە و بۆیەش سەرۆکایەتی ئەردۆغان بەر لە ساڵی 2018 هەژمارناکرێت، چونکە ئەو کاتە یاسایەک هەبوو و ئێستاش یاسایەکی دیکە هەیە و بەگوێرەی یاسا نوێیە ئەردۆغان بۆی هەیە خۆی کاندید بکاتەوە.
ئەردۆغان خۆشى لەسەر ئەم پرسە قسەى هەیە و دەڵێت: ” هاوشێوەی کرۆنۆمەتر (کاتڕاگر) لە ساڵی 2018دا زۆربەی یاساکان “سفر” کرانەوە و کار بە یاسای نوێ کراوە”. ئەردۆغان بەم لێدوانە تەئکیدی لەسەر ئەوەکردەوە کە یاساکانی پێشوو کاریان پێناکرێت، بەگوێرەی یاسا نوێیەکە، یەکجار بووەتە سەرۆککۆمار و یاساکەش دەڵێت، بۆی هەیە بۆ جاری دووەم خۆی کاندید بکاتەوە.
گوتەکانی ئەردۆغان کاردانەوەی توندی ئۆپۆزسیۆنی لێکەوتەوە و ئەوان ئەم هەنگاوەی ئەردۆغان وەکو پێشێلکارى زەقى دەستووری تورکیا لە قەڵەم دەدەن.
لەو بارەیەوە موحەڕەم ئەرکەک، جێگری سەرۆکی گشتی پارتی گەلی کۆماری (جەهەپە) رایگەیاند، لە 2017دا کاتێک دۆخی نائاسایی هەبوو، ریفراندۆمیان کرد، دۆخەکە زۆر ئاڵۆزبوو و بەگوێرەی خۆیان دەستکاری دەستووریان کرد، بەڵام لە ئێستادا هیچ هێزێک ناتوانێت دەستوور پێشێل بکات.

موحەڕەم ئەرکەک، جێگری سەرۆکی گشتی پارتی گەلی کۆماری (جەهەپە)
بەهادر ئەردەم، بەرپرسی ناوەندی یاسا و دادپەروەری پارتی باشیش لەم بارەیەوە دەڵێت، ئەردۆغان لە ساڵی 2017دا بە دڵی خۆی و بۆ بەرژەوەندی خۆی هەندێک مادەی دەستوورى گۆڕیوە و ئێستاش هەستاوە و دەڵێت، هاوشێوەی کرۆنۆمەتر (کاتڕاگر) یاساکان سفر کراونەتەوە، بەڵام پارتی باش ئەم نادادپەروەرییە هیچ کاتێک قبوڵ ناکات.

بەهادر ئەردەم، بەرپرسی ناوەندی یاسا و دادپەروەری پارتی باش
ئیدریس شاهین، گوتەبێژی پارتی دیموکراسی و پێشکەوتن (دەڤا) نارەزایەتی بەرامبەر خۆکاندیدکردنەوەی ئەردۆغان پیشاندا و گوتی: “ئەردۆغان ناتوانێت سەربەخۆ هەندێک بڕیار بدات، پێویستبوو کاتێک مادەی 101ی دەستووریان گۆڕی ئاماژەیان بەوە بکردایە کە بەگوێرەی سیستمی نوێ، هەموو شتێک لە سفرەوە دەستپێدەکات، بۆیەش ئەو کەسانەی دەستکاری دەستووریان کردووە، ئێستا دەزانن کە هەڵەیان کردووە، بەدوای دەرچەیەکدا دەگەڕێن بۆ دەربازبوون و دەیانەوێت بە زۆر ئەردۆغان کاندید بکەنەوە.”

ئیدریس شاهین، گوتەبێژی پارتی دیموکراسی و پێشکەوتن (دەڤا)
هەر لەبارەى پرسى کاندیدکردنەوەى ئەردۆغان بۆ سێیەمجار نەسلیخان چەڤیک، گوتەبێژی پارتی دیموکرات لەم بارەیەوە دەڵێت، ” ئەردۆغان ناتوانێت خۆی کاندید بکاتەوە، یاساکە گرنگە، لە مادەکەدا ئاماژە بە سیستمی (5+2) دەکات، (واتە کەسێک دەتوانێت دوو جار ببێت بە سەرۆک و هەر جارێکیش دەتوانێت پێنج ساڵ لەسەر دەسەڵات بێت)، وەکو ئەو دەڵێت پێویست بوو یاساناسەکانیان لە ماددەکەدا ئاماژەیان بەوە بکردایە کە یاساکانی پێشوو سفر دەبنەوە، ئێستاش تۆپەکە لە گۆڕەپانی کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکاندایە”.

نەسلیخان چەڤیک، گوتەبێژی پارتی دیموکرات
سەلچوک ئوزداغ، جێگری سەرۆکی گشتی پارتی دوارۆژیش دەڵێت: “دیارە کە مێشکی ئەردۆغان لە شوێنێکی دیکەیە و دەستووری نەخوێندووەتەوە، مادەی 101 زۆر روون و ئاشکرایە، ئەردۆغان ناتوانێت جارێکی دیکە خۆی کاندید بکاتەوە، ئەمە شتێکی مەحاڵە”.

سەلچوک ئوزداغ، جێگری سەرۆکی گشتی پارتی دوارۆژ
لەلایەکی دیکەوە، سەڵاحەدین دەمیرتاش، هاوسەرۆکی پیشووی پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە) توێتێکی لەبارەی قسەکانی ئەردۆغان بڵاوکردەوە.

سەڵاحەدین دەمیرتاش، هاوسەرۆکی پیشووی پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە)
دەمیرتاش نووسیویەتی، ئەردۆغان دەڵێت هاوشێوەی کرۆنۆمەتر (کاتڕاگر) لە ساڵی 2018دا زۆربەی یاساکان سفر کرانەوە و کار بە یاسای نوێ کراوە، بەڵام پێویستە بزانێت کە ئێوارەی هەڵبژاردن گەلی تورکیا کاتڕاگرەکەی ئەردۆغان دەوەستێنن.