زووم
دادگای شۆڕشی تاران بە تۆمەتی بانگەشە دژی دەوڵەت سزای دوو ساڵ زیندانی بەسەر نازیلا مەعروفیان کچە رۆژنامەنووسی کورددا سەپاند. نازیلا لە رۆژانى دواى گیانلەدەستدانى ژینا ئەمینى چاوپێکەوتنى لەگەڵ باوکى ژینا کردبوو.
تۆڕی مافەکانی مرۆڤی ئێران رایگەیاند، 26مین دادگای شۆڕشی تاران، بە تۆمەتی بانگەشە دژی دەوڵەت، سزای دوو ساڵ زیندانی، 15 ملیۆن تومەن و قەدەغەکردنی گەشتی دەرەوەی وڵات بۆ ماوەی پێنج ساڵ، بەسەر نازیلا مەعروفیان کچە رۆژنامەنووسی کوردی خەڵکی شاری سەقز سەپاندووە.
تۆڕەکە باس لەوە دەکات، رێگە نەدراوە نازیلا مەعرەفیان پارێزەری هەبێت.
نازیلا مەعروفیان چاوپێکەوتنێکی بۆ سایتی موستەقێل ئۆنلاین لەگەڵ باوکی ژینا ئەمینی کردبوو، دواتر بە فەرمانی داواکاری تاران دەستگیرکرا و رەوانەی زیندانی ئەڤینی تاران کرا.
ئەم کچە رۆژنامەنووسە، لە زینداندا دوو جار تووشی جەڵتەی دڵ بووە. بەو هۆیەشە بە کەفالەتی 600 ملیۆن تومەن ئازادکرا.
خۆپیشاندان و ئاڵۆزیەکانی ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان کە لە ناوەڕاستی مانگی ئەیلول دەستیان پێکرد، تاوەکو ئێستا بەردەوامن. بەگوێرەی دوایین ئاماری رێکخراوی مافەکانی مرۆڤی ئێران، تاوەکو ئێستا نزیکەی 490 کەس کوژراون و دەیان هەزار کەسیش دەستگیرکراون.