زووم، ئاژانسەکان
شەوی رابردوو بەڕێوەبەراتی پۆلیسی شاری مێمفیس لە ویلایەتی تێنەسی ئەمریکا گرتەیەکی ڤیدیۆیی بڵاوکردەوە کە تێیدا دەردەکەوێت بە پێنج کارمەندى پۆلیس گەنجێکی رەشپێست لە ترافیک لایتێکدا رادەگرن و بە سەختی لێی دەدەن. دوای سێ رۆژ مانەوەى لە نەخۆشخانە گەنجەکە بەهۆی خوێنبەربوون لەسەریدا، گیانى لەدەستدا. رووداوەکە شەپۆلێکى ناڕەزایەتى لێکەوتەوە.
رووداوەکە شەوی 7ی ئەم مانگە روویداوە، گەنجەکە ناوى تایرى نێکڵسە و 29 ساڵ بوو، ئەو باوکی منداڵێکی چوار ساڵانە. لە گرتە ڤیدیۆیەکەدا دەردەکەوێت لە ترافیک لایتێکدا پۆلیس راسدەگرێت و لە ئۆتۆمبێلەکەی دایدەبەزێنن و داوای لێ دەکەن لەسەر زەوی خۆى راکشێت.
ئەم پێنج کارمەندە تۆمەتبارن
سەرەڕای ئەوەی گەنجەکە لەسەر زەوی خۆى رادەکشێت و پێیان دەڵێت کە لێی نەدەن، بەڵام پۆلیسەکان بەتوندی مامەڵەی لەگەڵدا دەکەن. لە ئەنجامدا نێکس لەدەستیان رادەکات، بەڵام لەوکاتەدا پۆلیسەکان ناتوانن دەستگیری بکەنەوە. هەبۆیە پەیوەندی بە پۆلیسی دیکە دەکەن و دوای چەند خولەکێک دەستگیری دەکەن.
گرتەى ڤیدۆی دەستگیرکردنی دووەمجاری گەنجەکە ئەوە نیشاندەدات پۆلیسەکان زۆر بە توندی مامەڵەی لەگەڵدا دەکەن و بەجۆرێک بە شەق، بۆکس و گازی فرمێسکڕێژ روبەڕوی دەبنەوە.
شەپۆلی ناڕەزایەتى سەرامسەرى ئەمریکاى گرتووەتەوە
گەنجەکە چەند جارێک هاواری دایکی دەکات تاوەکو ئەوکاتەی توانای نامێنێت و بەهۆی ئەوەی بە دوو پۆلیس گرتوویانە و یەکێکیشیان چەند جارێک بە بۆکس لە سەری دەدات دەکەوێتە سەر زەوی و دواتر دەبرێت بۆ نەخۆشخانە، بەڵام دوای سێ رۆژ مانەوە لە ژێر چاودێریدا گیانى لەدەستدا.
دوای بڵاوبوونەوەی ڤیدۆکە شەوی رابردوو شەپۆلێکى ناڕەزایەتى سەرانسەری ئەمریکاى گرتەوە، لەدژی ئەو توندوتیژییانەی پۆلیسی ئەمریکا لەبەرامبەر رەشپێستەکانی وڵاتەکەى دەکات، بەهۆى ناڕەزایەتییەکانەوە لە نیویۆرک سێ خۆپیشاندەر دەستگیرکراون.
بایدان داواى دانبەخۆداگرتنى خەڵکى دەکات
بەهۆی ئەو مامەڵە توندەی کە لە ڤیدیۆکەدا دەردەکەوێت بەرپرسانی باڵای ئەمریکا لەوانەش جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا داوا دەکات خۆپیشاندەران دان بە خۆیاندا بگرن و ئارام بن.
دوای ئەوەی گرتە ڤیدیۆییەکان بڵاوکرانەوە، بایدن گوتی: “وەک زۆر کەس، منیش توڕە بووم و ئازارێکی قووڵم چەشت بە بینینی ڤیدیۆی لێدانەکە کە بووە هۆی مردنی تایری نێکڵس. ئەمەش بیرهێنانەوەیەکی دیکەی بە ئازارە بۆ ئەو ترس و زەبر و زەنگە قووڵە، ئەو ئازار و ماندوێتییەی کە ئەمریکییە رەشپێست و قاوەییەکان هەموو رۆژێک تووشی دەبن.”
پۆلیسی مێمفیس دەڵێت هەر پێنج کارمەندەکەى پۆلیسى لەکاردورخستووەتەوە و سەرجەمیان تۆمەتبارکراون بە کوشتنی گەنجەکە. هەر پێنج پۆلیسەکە کە سەرجەمیان رەش پێستن، بەتۆمەتی کوشتنی پلە دوو، دەستدرێژی قورس، رفاندنی قورس، هەڵسوکەوتی نادروستی فەرمی و چەوساندنەوەی فەرمی تۆمەتبار کراون.
ستیڤ مولرۆی، پارێزەری ناوچەی شێلبی لە کۆنفرانسێکى رۆژنامەنووسیدا گوتی: “لەکاتێکدا هەریەک لە پێنج کەسەکە رۆڵێکی جیاوازیان هەبووە لەو رووداوەکە، بەڵام کردەوەکانی هەموویان بووە هۆی مردنی تایری نێکڵس و هەموویان بەرپرسیارن.”
دەیڤید راوش، بەڕێوەبەری نووسینگەی لێکۆڵینەوە لە ویلایەتی تێنەسی گوتی: “ئەوەی لێرە رویدا بەهیچ شێوەیەک، رەنگدانەوەی کاری پۆلیسیی دروست نییە.”
نێکڵس کێشى 65 کیلۆ بوو
نێکڵس کە گەنجێکی بە جەستە لاواز بووە و کێشی تەنها 65 کیلۆ بووە و ئەو پۆلیسانەی کە لێیانداوە یاریزانی تۆپیپێ بوونە و کێشیان لەسەروی 90 کیلۆوە بووە.
لە راپۆرتی پزیشکیدا هاتووە کە بەهۆی زەبری بەرکەوتنی لێدانەکانەوە توشی خوێنبەربوونێکی لە رادەبەدەر لە سەریدا بووە و هەر بەوهۆیەشەوە گیانی لەدەستداوە.
بەڕێوەبەری پۆلیسی شارەکە، سی جەی دەیڤس، رووداوە کوشندەکەی بە “قێزەون، بێباکانە و نامرۆڤانە” وەسف کردووە.
دەیڤس لە گرتەیەکی ڤیدیۆییدا ئاماژەی بەوەشکردووە، “جگە لەوەی سەرۆکی پۆلیسی ئێوەم، هاوڵاتییەکی ئەم کۆمەڵگەیەم کە پێکەوە دەژین. “من دایکم، مرۆڤێکی خەمخۆرم کە باشترینم بۆ هەموومان دەوێت.”
دەڵێت، “ئەم رووداوە تەنها شکستێکی پیشەیی نییە. ئەمە شکستی مرۆڤایەتی بنەڕەتییە بەرامبەر بە تاکێکی دیکە.”
دایکى نێکڵس: نەمتوانى سەریرى ڤیدیۆکە بکەم
بەهۆی هەستیاری ڤیدیۆکەوە دایکی نێکڵس نەیتوانیوە سەیری بکات و گوتویەتی ناتوانم سەیری هاواری کوڕەکەم بکەم کە بانگم دەکات و من ناتوانم هیچی بۆ بکەم. دەشپرسێت: “لەوکاتەدا مرۆڤایەتی لە کوێ بوو؟ خەڵکی هەرگیز لەوە تێناگەن کە ئەو پێنج پۆلیسە چییان بەسەر خێزانەکەماندا هێنا.”
رووداوەکەى تایرى نێکڵس هاوشێوەى جۆرج فڵۆیدى رەشپێتسە، کە ئەویش بەهۆى ئەشکەنجەى پۆلیس لە شاری مینیاپۆلس گیانى لەدەستدا.
رووداوەکە بەوشێوەیە بوو؛ سەرلەبەیانى رۆژى 25ى ئایارى 2020 جۆرج فڵۆید دەچێتە دوکانێک و پاکەتێک جگەرە بە 20 دۆلار دەکرێت، خاوەنى دوکانەکە دەڵێت، پارەکە ساختەیە، پۆلیس ئاگاداردەکاتەوە.
چیرۆکى تایرى نێکس هاوشێوەى جۆرج فڵۆیدە
پاش کەمێک تیمێکى پۆلیس دەگەنە شوێنەکە و لەنێو ئۆتۆمبێلەکەی دەیهێننە خوارەوە. دواتر یەکێک لە پۆلیسەکان بەناوى درەین شۆفین جۆرج فڵۆیدى 45 ساڵ دەخاتە سەر زەوی و ئەژنۆى دەخاتە سەر ملی، هەرچەند هاوار دەکات و دەڵێت، ناتوانم هەناسەبدەم، بەڵام درەین شۆفین وازی لێناهێنێت، تاوەکو دەبوورێتەوە؛ دواتر و لە نەخۆشخانە گیان لەدەستدەدا.
ئەو رووداوەش ناڕەزایەتى زۆرى لێکەوتەوە؛ لەگەڵ هەر رووداوێکى لەوشێوەیە برینى سەردەمى کۆیلایەتى و توندوتیژی بەرامبەر بە رەشپێستەکان دەکولێتەوە و شەپۆلی ناڕەزایەتى وڵاتەکە دەهەژێنێتەوە.