زووم، فرانس 24
محەمەد شیاع سودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لەبارەى بڕیارەکەى دادگاى فیدراڵى بۆ نەناردنى پارە بۆ هەرێى کوردستان رایگەیاند، ئەرکى منە موچەى هەموو پارێزگاکان لە هەرێمى کوردستانەوە تاوەکو بەسرە دابین بکەم.
سودانى لەکاتى سەردانەکەى بۆ پاریس چاوپێکەوتنێکی لەگەڵ ئاژانسی هەواڵی فرانس 24 ئەنجامدا و رایگەیاند، هەر گرژییەک نێوان ئەمریکا و ئێران رەنگدانەوەی نەرێنی لەسەر عێراق دەبێت، هەر لەبەرئەوەشە عێراق هەوڵیداوە لە سیاسەتی دەرەوەدا هاوسەنگییەک لە پەیوەندییەکانیدا پەیرەو بکات. دەمانەوێت وڵاتان عێراق و ئێران رێز لە سەروەری عێراق بگرن و دەستێوەردان نەکەن لە کاروباری ناوخۆیی عێراق.
سودانى دەڵێت، عێراق نایەوێت ببێت بە مەیدانی یەکلاکردنەوەی ململانێکان، چونکە وڵاتەکەمان بەدوای ئاسایش، سەقامگیری و گەشەی ئابوریدا دەگەڕێت “چونکە پێمانوایە عێراق رۆڵی ئەرێنیی هەیە و کلیلی سەقامگیری و هەموو ناوچەکەیە”.
لەبارەی نێوەندگیری لە پەیوەندییەکانی نێوان ئێران و سعودیە، سودانی رایگەیاند، لە چەند هەفتەی داهاتوودا هەردوو وڵات بە ئامادەبوونی عێراق لە بەغداد کۆدەبنەوە و پەیوەندییەکانیان تاوتوێ دەکەن.
یاسای بودجە سەرجەم کێشەکانی پەیوەست بە مافە داراییەکانی هەرێم چارەسەر دەکات
گرژییەکانی نێوان هەولێر و بەغداد و بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی بۆ نە ناردنی 400 ملیارەکە بۆ هەرێم تەوەرێکی دیکەی چاوپێکەوتنەکە بوو، سودانی رایگەیاند، حکومەتی نوێ پابەند دەبێت بەو کارنامەی لە پلانی کابینەکەیدا هەیە، کە پەرلەمان دەنگی لەسەرداوە و زیاتر لە سێ مانگ پێشتر کارمان لەسەر کردووە.
راشیگەیاند، پێیانوایە یاسای بودجە سەرجەم کێشەکانی پەیوەست بە مافە داراییەکانی هەرێم بەگوێرەی یاسا و دەستور چارەسەر دەکات “من سەرۆکی حکومەتم و دەبێت داواکاری هەموو پارێزگاکان لە هەرێمی کوردستانەوە تاوەکو بەسرا بەهەند وەربگرم و موچەکانیان پێ بدەمم ئەمەش ئەرکێکی ئەخلاقی و پیشەیی منە.
لەبارەی هێرشەکانی ئێران و تورکیا بۆسەر خاکی کوردستان، سودانی رایگەیاند، هەر هێرشێک بۆسەر سەروەری خاکی عێراق رەتدەکەینەوە و هەڵوێستی فەرمیی خۆمان لەوبارەیەوە لە رێگەی راپۆرتی فەرمییەوە بە ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوەیەکگرتووەکان گەیاندووە.
گوتیشی، پێمانوایە ئەم پرسە تەنها لەرێگەی دایەلۆگەوە لەگەڵ ئێران و تورکیا چارەسەر دەکرێت.
لەبارەی سەردانەکەی بۆ فەرەنسا سودانی رایگەیاندن کە چەندین رێکەوتنی ستراتیژی لەگەڵ بەرپرسانی فەرەنسا و ئیمانوێل ماکرۆن واژۆ کردووە.
رێککەوتنێکمان لەگەڵ فەرەنسا واژۆ کردووە
رێککەوتننامە سەرەکییەکە 50 خاڵ لەخۆدەگرێت کە سەرجەم بوارەکانی ئاسایش، ئابوری، کۆمەڵایەتی، کلتوری و پەروەردەیی لەخۆدەگرێت. بەشێکی گەورەش لە رێککەوتننامەکە پەیوەستە بەو چەکانەی کە پیویستمانە بۆ پاراستنی ئاسایشی وڵاتەکەمان.
لەبارەی مانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق، سودانی رایگەیاند هەڵوێستیان روونە کە پێویستیان بە سەربازی بیانی نییە کە شەڕیان بۆ بکات. بەڵکو وڵاتەکەی پێویستی بە هەماهەنگیی نێودەوڵەتی هەیە کە لەلایەن ئەمریکاوە بەرێوەدەبرێت و چەندین وڵات تێیدا بەشدارن بۆ بەرەنگاربوونەوەی مەترسییەکانی داعش.
دەڵێت، پێویستمان بە هاوکاریی ئەوانە بۆ پێدانی مەشق و راهێنان بە هێزەکانمان بۆ ئەوەی مەترسی گروپەکانی داعش لەسەر ئاسایشی نەک تەنها عێراق بەڵکو لە هەموو ناوچەکە کەمبکەینەوە.