زووم، ئاژانسەکان:
کاتژمێر 08:30ى بەیانى ئەمڕۆ هەینى بە کاتى تاران، هێرشێکى چەکداریی کرایە سەر باڵیۆزخانەى ئازەربایجان لە تارانى پایتەختى ئێران و بەرپرسى پاسەوانەکانى باڵیۆزخانەکە کوژراو و دوو پاسەوانى دیکە برینداربوون.
بەڕێوەبەرى پۆلیسى تاران، دەستگیرکردنى ئەنجامدەرى هێرشەکە راگەیاند و ئاماژەى بەوەدا کە تۆمەتبارەکە دانى بەوەداناوە بە “پاڵنەرى شەخسى” هێرشەکەى کردووە.
تائێستا ناسنامەى هێرشکارەکە ئاشکرانەکراوە، بەڵام میدیاکانى ئێران دەڵێن، کەسێکى “ئەرمەنى” بووە، لەکاتێکدا هیچ لایەنێکى بەرپرس بە فەرمى ئەو زانیارییەى پشتڕاست نەکردووەتەوە.
سەرۆکى ئازەربایجان: هێرشەکە کارێکى “تیرۆریستى” بووە
ئیلهام عەلیێڤ- سەرۆکى ئازەربایجان
لە یەکەم لێدوانیشیدا پاش هێرشەکەى ئەمڕۆ بۆسەر باڵیۆزخانەى وڵاتەکەى لە تارانى پایتەختى ئێران، ئیلهام عەلیێڤ سەرۆکى ئازەربایجان رایگەیاند، هێرشەکە کارێکى “تیرۆریستى” بووە.
عەلیێڤ داواشى لە دەسەڵاتدارانى ئێران کرد، لێکۆڵینەوە لە هێرشەکە بکەن و بەرپرسانى روبەڕوى سزا بکەنەوە.
لەلایەکى دیکەوە وەزارەتى دەرەوەى ئازەربایجان پاش هێرشەکەى ئەمڕۆ بڕیارى دا بەمنزیکانە باڵیۆزخانەى وڵاتەکەى لە تاران چۆڵ بکات و کارمەندەکانى بکشێنێتەوە، هاوکات بەرپرسانى ئێرانى بە کەمتەرخەمى لە پاراستنى ئاسایشى باڵیۆزخانەکەیان تۆمەتبارکرد.
لەسەر هێرشەکە ئازەربایجان رەخنە لە ئێران دەگرێت
وەزارەتى دەرەوەى ئازەربایجان لە راگەیەندراوێگى گوتى: “تاران دەبێت بەرپرسارێتى پشتگوێخستنى داواکارییەکانمان بۆ بەهێزکردنى ئاسایشى باڵیۆزخانەکەمان لەئەستۆبگرێت”.
راشیگەیاند، ئەو هەڵمەتەى لە ئێران لە دژمان بەڕێوەدەچێت، هۆکاربووە بۆ هێرشکردنە سەر باڵیۆزخانەکەمان لە تاران.
ئازەربایجان و ئەرمینیا ناکۆکى مێژوویی و قوڵیان لەسەر سنورى وڵاتەکانیان لە نێواندایە و تائێستا چەندینجار جەنگى خوێناویی لە نێوانیاندا روویداوە، لە ململانێى نێوان ئەم دوو دەوڵەتەدا ئێران زیاتر مەیلى بەلاى ئەرمینیادایە و تاران دژایەتى خۆى بۆ دەستکاریکردنى سنورى نێوان ئازەربایجان و ئەرمینیا نەشاردووەتەوە.