زووم:
عالیە تاڵیب گوتەبێژی سەرۆککۆماری عێراق، هەڵوێستی خۆی لەبارەی بڕیارەکەی دادگای فیدراڵییەوە بۆ زووم ئاشکراکرد و گوتیشی، ناکرێت خەڵکی کوردستان باجی ناکۆکییەکانی نێوان هەولێر و بەغداد بدەن و مەترسی بکەوێتە سەر ژیان و بژێوییان.
بەبڕوای گوتەبێژەکەی سەرۆککۆمار، بڕیارەکەی دوێنێی دادگای فیدراڵیی عێراق لەسەر بنەمای دەستوور و یاسا بووە.
دادگای باڵای فیدراڵیی عێراق دوێنێ چوارشەممە سەرجەم ئەو بڕیارانەی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراقی بە “نادروست” دانا، کە تایبەت بوون بە ناردنی پارە بۆ هەرێمی کوردستان.
پێویستە هەردوو حکومەتی هەرێم و عێراق لەسەر مێزی گفتوگۆ کێشەکانیان چارەسەر بکەن
عالیە تاڵیب بە زوومی گوت، پێویستە هەردوو حکومەتی هەرێم و عێراق لەسەر مێزی گفتوگۆ کێشەکانیان چارەسەر بکەن و بگەنە رێککەوتنێکی یەکلاکەرەوە تاوەکو ناردنی شایستە داراییەکان بۆ هەرێمی کوردستان بەردەوامبێت.
بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی، ناڕەزایی سێ سەرۆکایەتییەکەی هەرێمی کوردستانی بەدوای خۆیدا هێنا، تەنانەت مەسعود بارزانی سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان دادگاکەی بە “مەحکەمەی شۆڕش”ـی سەردەمی بەعس چوواند، حکومەتی هەرێمی کوردستانیش رایگەیاند، دادگای فیدراڵی دادگایەکی “نادەستوورییە”.
گوتەبێژەکەی سەرۆککۆمار، گوتی، ناکرێت دادگای فیدراڵی بە دادگایەکی نادەستووریی ناوببرێت، “دووبارەی دەکەمەوە کێشەکان بە گفتوگۆ چارەسەر دەکرێن”.
ناکرێت خەڵکی کوردستان باجی ناکۆکییەکانی نێوان هەولێر و بەغداد بدەن
عالیە تاڵیب، کە ماوەیەکی کەمە پۆستی گوتەبێژی سەرۆککۆماری عێراقی وەرگرتووە، گوتی “ناکرێت خەڵکی کوردستان باجی ناکۆکییەکانی نێوان هەولێر و بەغداد بدەن و مەترسی بکەوێتە سەر ژیان و بژێوییان”.