زووم، ئاژانسەکان:
بەگوێرەى راپرسییەک نزیکەی نیوەی ئەو پەنابەرانەى بڕیارە لە بەریتانیاوە بنێردرێن بۆ رواندا، هاوسەرگیریان کردووە، خێزاندارن و پێنجەیەکیان منداڵیان هەیە، رێنماییەکانیش تەنها ئەو پەنابەرانە دەگرێتەوە کە سەڵتن.
ئەنجامەکانی راپرسییەکەى لە لایەن هاوپەیمانێتی هەڵمەتی بانگەشەی ‘پێکەوە لەگەڵ پەنابەران’ بڵاوکرایەوە کە هاوپەیمانی زیاتر لە 500 رێکخراوی نیشتمانی و ناوخۆییە و نوێنەرایەتی پەنابەرانی بەریتانیا دەکەن. لەدوای راپرسییەکە، رێکخراوی خێرخوازی Care4Calais شیکارییەکەی ئەنجامداوە.
لە ئەنجامی راپرسییەکەدا دەرکەوتووە کە زۆربەی ئەو پەنابەرانەى هەڕەشەی دیپۆرتکردنەوەیان بۆ رواندا لێدەکرێت، زیاتر لە 80%ی خەڵکی ئەو وڵاتانەن کە دۆخی پەنابەرییان لەلایەن بەریتانیاوە دانپێدانراوە.
سێ لە پەنابەرانی نێو ئەو نمونەی کە لە راپرسییەکەدا وەرگیراون خۆیان بە هاوڕەگەزخواز ناساندووە، سەرەڕای ئەوەی رواندا وڵاتێکە خەڵکی هاوڕەگەزخواز لێی رادەکەن و دەتوانن داوای مافی پەنابەری بکەن لە بەریتانیا.
ئەنجامەکانی توێژینەوە نوێیەکە پێچەوانەی ئەو بانگەشەیەیە کە پریتی پاتال، وەزیری پێشووی ناوخۆی بەریتانیا کردوویەتی، کە هەر ئەویش بوو پلانی رێگریکردن لە کۆچبەرانی کەناڵی ئینگلیزی راگەیاند و گوتی ئەوان “پەنابەرى راستەقینە نین” و “مافی ئەو ژن و منداڵانەش دەخۆن کە مەترسییان لەسەرە و لە چەوساندنەوە و نادادی هەڵاتوون.”
نزیکەی سێ لەسەر چوار (72%)ی ئەو 213 کەسەی کە لە راپرسییەکەدا بە نمونە وەرگیراون و لەلایەن وەزارەتی ناوخۆی بەریتانیاوە هۆشدارى ناردنیان بۆ رواندا پێدراوە؛ لە وڵاتانی ئەفغانستان، ئێریتریا، ئێران، سودان و سوریاوە هەڵاتوون و گەیشتوونەتە بەریتانیا. بەلایەنی کەمەوە 82%ی خەڵکی ئەم وڵاتانە لە بەریتانیا داواکاریی مانەوەیان قبوڵ دەکرێت.
هەموو ئەو کەسانەی کە بەشدارییان لە راپرسییەکەدا کردووە، لەنێوان مانگی ئابی 2022 و 17ی کانونی دووەمی 2023دا ئاگادارییان لە وەزارەتی ناوخۆوە پێگەیشتووە. هەرکەسێک ئاگادارییەکی لەو شێوەیەی وەرگرتبێت، مەترسی ئەوەی لەسەرە کە رەوانەی رواندا بکرێت.
کاتێک پاتێل وەزیری ناوخۆ بوو، گوتی: “70%ی ئەو کەسانەی کە بەشێوەیەکی نایاسایی لە رێگەی بەلەمی بچووکەوە لە 12 مانگی رابردوودا هاتوونەتە وڵاتەکەمان، سەڵتن و کۆچبەری ئابوورین.
ئەوان پەناخوازی راستەقینە نین. بەڵکو مافی ئەو ژن و منداڵانەش دەخۆن کە لە مەترسیدان و لە چەوساندنەوە و نادادی هەڵاتوون.”
بەڵام 13 کەس لەو کۆچبەرانی نێو راپرسییەکە ژنن. نزیکەی نیوەی کۆی بەشداربووان (42%) هاوسەرگیریان کردووە یان دەستگیراندارن و 20%یان منداڵیان هەیە.
دوو لەسەر سێیان رایانگەیاندووە کە روبەڕوی کۆیلایەتی مۆدێرن یان ئەشکەنجەدان بوونەتەوە.
کاتێک بۆ یەکەمجار پلانەکە راگەیەندرا، وەزارەتی ناوخۆی بەریتانیا رایگەیاندبوو کە ناردنی پەنابەران بۆ رواندا تەنها ئەو کەسانە دەگرێتەوە کە سەڵتن.
یەکێک لە کۆچبەرەکان ژنێکی دووگیانی ئێریتریا بووە کە بووەتە قوربانی قاچاغچێتی مرۆڤ و دوای ئەوەی رۆژنامەی گاردیان لە وەزارەتی ناوخۆی بەریتانیا لێکۆڵینەوەی سەبارەت بە دۆسیەکەی کرد، ئاگادارییەکەی هەڵوەشایەوە.
راپرسییەکی ئەم دواییەی YouGov دەریخستووە کە تەنها 10%ی ئەوانەی بەشدارییان تێدا کردووە پێیانوابووە ناردنی خەڵک بۆ رواندا باشترین رێگەیە بۆ چارەسەرکردنی پرسی هاتنی کۆچبەرانی بەلەمی بچوک.
سەرەڕای ئەوەی لە مانگی کانوونی یەکەمی ساڵی رابردوودا ئەو پلانە بە یاسایی زانرابوو، دادگای باڵای بەریتانیا رەزامەندی دەربڕیوە کە دەکرێت بەشێک لەم بڕیارە تانەی لێبدرێت.
کەمپەینکاران رۆژی چوارشەممە لە لەندەن لە دەرەوەی ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەو وڵاتە ناڕەزایەتیان دەربڕی بەرامبەر بەو پلانەی حکومەت و داوایانکرد “پلانی دڕندانە رواندا هەڵبوەشێنێتەوە.”
بێث گاردینەر-سمیس، گوتەبێژی ‘پێکەوە لەگەڵ پەنابەران’ و بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیای سەیف پاساج گوتی: “ئەم پلانە تەنها لە رووی ئەخلاقییەوە هەڵە نییە، بەڵکو تێچووی زۆرە و کارناکات. ئەگەر حکومەتەکەمان جدی بووایە لە روبەڕوبوونەوەی قاچاخچێتی و رزگارکردنی ژیانی خەڵک لە دەریادا، ئەوا ئەم پلانەیان هەڵدەوەشاندەوە و بەپەلە رێگە سەلامەتەکانیان بۆ پەنابەران فراوانتر دەکرد.”
کلێر مۆسێلی، دامەزرێنەری رێکخراوی Care4Calais دەڵێت: “ئەم سیاسەتە دڕندانەیە کۆتایی بە پەڕینەوەی بەلەمی بچووکی کۆچبەران ناهێنێت، قاچاخچییەکانی کۆچبەران راناگرێت و پەنابەران بە سەلامەتی ناهێڵێتەوە. بژاردەیەکی میهرەبانتر و کاریگەرتر هەیە کە رێگەیەکی سەلامەتتر بۆ پەنابەران لە کالاس دابینبکرێت.”
گوتەبێژی وەزارەتی ناوخۆ رایگەیاند: “هەموو ئەو کەسانەی کە توانای گواستنەوەیان بۆ رواندا هەیە بەشێوەی کەسی هەڵدەسەنگێندرێن، و کەس ناگوازرێتەوە ئەگەر لە سەلامەتی و دۆخی دڵینیا نەبین.”
“ئەگەر بارودۆخی تاکێک دوای وەرگرتنی ئاگادارییەکە گۆڕا، پێویستە لە زووترین کاتتدا پێمان رابگەیەنرێت بۆ ئەوەی پێداچوونەوە بە کەیسەکەیاندا بکەین.”