زووم:
دادگاى لێکۆڵینەوەى کەرخى بەغداد رایگەیاند، “هەیسەم جبورى” تائێستا نۆ ملیار دینارى گەڕاندووەتەوە لە کۆى 17 ملیار دینار.
هەیسەم جبورى، راوێژکارى پێشووى مستەفا کازمى و سەرۆکى پێشووى لیژنەى دارایی پەرلەمانى عێراق، لە کۆتاییەکانى مانگى 11ى ساڵى رابردوو دەستگیرکرا، تۆمەتى زیادبوونى سەروەت و سامانەکەى و دەوڵەمەندبوونى لەسەر حیسابى ماڵى گشتى درایە پاڵ.
لەوکاتەدا دەستەى باڵاى بەرەنگاربوونەوەى گەندەڵیی لە عێراق ئاشکرایکرد، پاش لێکۆڵینەوە لە سەروەت و سامانى هەیسەم جبورى لە موڵک و ئۆتۆمبێل و زێڕ و ئەو قەرز و موچەیەى وەریگرتووە، دەرکەوتووە هەڵاوسانێکى زۆر لە سامانى ناوبراو روویداوە کە بە 16 ملیار و 157 ملیۆن و 291 هەزار دینار دەخەمڵێنرێت.
“نور زوهێر” تائێستا نزیکەى 400 ملیار دینارى گەڕاندووەتەوە
لە لایەکى دیکەوە دادگاى لێکۆڵینەوەى کەرخ ئاشکرایکرد، تۆمەتبار “نور زوهێر” تائێستا نزیکەى 400 ملیار دینارى گەڕاندووەتەوە.
نور زوهێر، یەکێکە لە تۆمەتبارانى دۆسیەى “دزى سەدە” و دزینى ترلیۆنێک و 600 ملیار دینارى پارەکانى دەستەى باجى دراوەتە پاڵ کە لە ناوەڕاستى مانگى تشرینى یەکەمى ساڵى رابردوو، دیارنەمانی دوو ملیار و 500 ملیۆن دۆلار (3.7 ترلیۆن دینار) لە بانکی رافیدەین وەکو بۆمبێکی گەورە تەقییەوە کە دواتر بە “دزیی سەدە” ناوی دەرکرد.
هاوکات دادگاى لێکۆڵینەوەى کەرخ رەتیکردووەتەوە قەدەغەى گەشتکردن لەسەر نور زوهێر هەڵگیرابێت و دەڵێت تائێستاش رێوشوێنەکان لە بەرامبەرى بەردەوامە و سامانى گواستراوە و نەگواستراوەى “حیجز”ى خراوەتە سەر.
دادگاى لێکۆڵینەوەى کەرخ دەشڵێت، رێوشوێنى یاسایی بەرامبەر میدیاکارێک و کەسێکى دیکە گیراوەتەبەر کە پەیوەندی بە دەزگایەکى راگەیاندنەوە هەیە و داواى سێ ملیۆن دۆلاریان لە یەکێک لە تۆمەتبارانى “دزى سەدە” کردووە.
ئاشکراشیکردووە، کە فەرمانى دەستگیرکردن بۆ دوو بەرپرسى باڵاى حکومەتى پێشوو دەرچووە.
دادگاى لێکۆڵینەوەى کەرخ باسى لەوەشکردووە، قەدەغەى گەشتکردن لە دژى بریکارى پێشووى دەزگاى هەواڵگریی دەرچووە و ماوەیەکى پێدراوە تاوەکو یاساییبوونى سەرچاوەى سەروەت و سامانەکەى بسەلمێنێت.