زووم:
بە تۆمەتى تێکدانی ئاسایشی نەتەوەیی و سووکایەتیکردن بە دامەزرێنەر و رێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران، سزاى 17 ساڵ زیندانیکردن بەسەر مەلا سەیفوڵڵا حسێنى، مامۆستا ئاینییەکەى جوانڕۆ سەپێنرا، ئەمە بەگوێرەى زانیارییەکانى تۆڕى مافەکانى مرۆڤى کوردستان.
تۆڕەکە راشیگەیاندووە، جگە لە زیندانیکردن، دادگا سزاى لێدانى 74 قامچى و داماڵینی جلوبەرگی مامۆستایەتی و دوو ساڵ دوورخستنەوە بۆ ئەردەبیلى بەسەر مەلا سەیفوڵڵا حسێنی سەپاندووە. دەشڵێت، پرۆسەى دادگاییەکە، لە دادگای تایبەت بە مامۆستایانى ئاینی لە هەمەدان بەڕێوەچووە.
بەرەبەیانى 13ى مانگى رابردوو، هێزە ئەمنییەکانى ئێران لە شارى جوانڕۆ هەڵیانکوتایە سەر ماڵى مەلا سەیفوڵڵا حسێنى و دەستگیریان کرد، وەکو رێکخراوەکانى مرۆڤ لەوکاتەدا رایانگەیاند، هێزە ئەمنییەکان مامەڵەى توندیان لەگەڵ هاوسەرى مامۆستاکە کردووە و دەستێکیان شکاندووە.
هەر ئەوکات هەواڵى دەستگیرکردنى مەلا سەیفوڵڵا حسێنى، کاردانەوەى خێراى خەڵکى جوانڕۆى لێکەوتەوە و دەستبەجێ سەدان کەس لە ماڵەکانیان هاتنە دەرەوە و لە بەردەم فەرمانداریی شارەکە ناڕەزایەتییان نیشاندا، لەگەڵ وتنەوەى “ئەڵاهوئەکبەر” داواى ئازادکردنى مەلا سەیفوڵڵایان دەکرد.
مەلا سەیفوڵڵا، پێشنوێژ و گوتارخوێنى مزگەوتی “خاتەمولئەنبیا”یە لە جوانڕۆ
مەلا سەیفوڵڵا حسێنى، پێشنوێژ و گوتارخوێنى مزگەوتی “خاتەمولئەنبیای” شاری جوانڕۆ، کەسایەتییەکى دیارى شارەکەیە و ئەندامی “مەکتەب قورئانی کوردستان” بووە، پێشتریش بەهۆى هەڵوێستەکانییەوە دەستگیرکراوە و بەندکراوى سیاسیی بووە.
مانگى رابردووش کاتێک دەستگیرکرا، خەڵک لە تەواوى رۆژهەڵاتى کوردستان هاوسۆز بوون لەگەڵیدا، بەخێرایی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان پڕبوون لە هەواڵى دەستگیرکردنى مەلا سەیفوڵڵا و ئەویان بە کەسێکی “نیشتمانپەروەر و ئازادیخواز” وەسفدەکرد.