زووم، ئاژانسەکان:
پاپا فرانسیس، پاپای ڤاتیکان و رێبەری ئاینی کریستیانەکانی جیهان رایگەیاند، “هاورەگەزخوازی تاوان نییە” رەخنەی لەو وڵاتانەش گرت کە بە تاوان ناساندوویانە. ئەو دەڵێت “خودا هەموو مرۆڤێکى بەوجۆرەی کە هەن، خۆش دەوێت.”
پاپا فرانسیس لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ ئاژانسی هەواڵی ئەسیۆشیەتد پرێس، داوای لە هەموو ئەو قەشە کاسۆلیکییانە کرد کە پشتیوانی لە یاساکان دەکەن، لە کڵێساکاندا پێشوازی لە هاوڕەگەزخوازى بکەن.
پاپا دەڵێت: پێموایە هاوەڕەگەزخوازى “گوناهـ”ە بەڵام قەشەکان لە چەند وڵاتێکی جیهاندا هاوڕەگەخوازى وەک تاوان دادەنێن و ئەنجامدەرانی روبەڕوی جیاکاریی دەکەنەوە، هۆکاری ئەمەش پەیوەندی بە پاشخانی کلتورییەوە هەیە و قەشەکان پێویستە بە پرۆسەیەکی گۆڕانکاریدا بڕۆن بۆ ئەوەی دان بە شکۆی هەر مرۆڤێکدا بنێن.
خودا وەک ئەوە خۆشى دەوێین کە هەین
پاپا فرانسیس، پاپاى فاتیکان
پاپا فرانسیس گوتی: “هەموومان مرۆڤین، خوداش وەک ئەوەی کە هەین و هەرییەکەمان بۆی دەجەنگین، خۆشی دەوێین.”
لێدوانەکانی پاپا فرانسیس لەلایەن داکۆکیکارانی مافی هاوڕەگەزخوازانەوە وەک پرسێکی گرنگ ستایش کران، چونکە یەکەمجارە پاپا باسی یاساکانى پەیوەست بە بابەتەکە بکات.
لە 67 وڵات هاوڕەگەزخوازى تاوانە
بەگوێرەى رێکخراوی زە هیومان دگنتى ترەست، کە کاردەکات بۆ کۆتاییهێنان بەو یاسایانەی کە هاوڕەگەزخوازى بە تاوان دادەنێن، نزیکەی 67 وڵات و دەسەڵاتی دادوەری لە سەرانسەری جیهاندا چالاکیی هاوڕەگەزخوازى بە تاوان دەزانن، کە 11 وڵاتیان دەتوانن سزای لەسێدارەدان بسەپێنن.
لە ئەمریکا زیاتر لە دەیان ویلایەت هێشتا یاسای دژی هاوڕگەزخوازى هەیە، سەرەڕای ئەوەی لە ساڵی 2003دا بڕیارێکی دادگای باڵا یاساکەی بە نادەستووری ناساندبوو.
داکۆکیکارانی مافی هاوڕەگەزبازیی دەڵێن، یاسا کۆنەکان وەک پاساوێک بۆ هەراسانکردنی هاوڕەگەزخوازان بەکاردەهێنرێن، هەروەها ئاماژە بەو یاسا نوێیانەش دەکەن کە هاوڕەگەزخوازى قەدەغە دەکەن، وەک یاسای “مەڵێ هاوڕەگەزخواز”.
نەتەوەیەکگرتووەکان چەندینجار داوای وەستاندنی ئەو یاسایانەی کردووە کە بەشێوەیەکی راشکاوانە هاوڕەگەزخوازى بە تاوان دەزانن و رایگەیاندووە، ئەو یاسایانە پێشێلکردنی مافی کەسیی و ئازادییەکانی تاکن.
لە ساڵی 2008دا ڤاتیکان رەتیکردەوە واژۆ لەسەر راگەیەندراوێکى نەتەوەیەکگرتووەکان بکات کە داوای لابردنی بە تاوانبارکردنی هاوڕەگەزخوازى دەکرد، بیانووی کلێسا ئەوەبوو کە دەقەکە لە بازنەی خۆی تێپەڕیوە.
ئەوکات ڤاتیکان لە راگەیەندراوێکدا داوای لە وڵاتان کرد خۆیان لە “جیاکاریی ناڕەوا” لە دژی هاوڕەگەزخوازان بەدوور بگرن و کۆتایی بە سزاکان بهێنن.