زووم، ئاژانسەکان:
ئەڵمانیا دواى زیاتربوونى فشارەکان لەسەرى، رەزامەندی دەربڕی لەسەر ناردنی تانکى لیۆپارد2 بۆ ئۆکراین، لە هەمانکاتدا، ئەمریکاش رەزامەندى بۆ ناردنى تانکى ئەبرامز دەربڕی. بەریتانیاش پێشتر بڕیارى ناردنى تانکى چاڵنجەر2ى راگەیاند.
ئۆکراین لەمەودوا دەبێتە خاوەنى سێ لە سەرەکیترین تانکەکانى وڵاتانى رۆژئاوا بۆ روبەڕوبوونەوەى “دوژمنەکە”ـى، کە نزیکەى ساڵێکە هێرشی دەکاتە سەر و بەشێکى خاکەکەى کۆنترۆڵکردووە.
روسیا هەر هەوڵێک بۆ پێدانى تانک و چەکى قورس بە ئۆکراین وەک دەستپێکى شەڕى راستەوخۆى وڵاتانى رۆژئاوا لەگەڵ روسیا دەبینێت. هەرچەندە بەشێکى لێکدوانى بەرپرسانى روسیا زیاتر هەڕەشەن و باسى سوتاندنى تانکەکان دەکەن، بەڵام شرۆڤەکارانى سەربازى لەوبڕوایەدان تانکەکان لەپاڵ چەکە قورسەکانى دیکەى رۆژئاوا هاوسەنگى شەڕەکە دەگۆڕێت.
ئەو وڵاتانەى تانک بۆ ئۆکراین دەنێرن
▪️ئەڵمانیا رەزامەندی نیشاندا بۆ ناردنى تانکى لیۆپارد2 بۆ ئۆکراین.
لیۆپارد2 دروستکراوی ئەڵمانیایە و تۆپی 120 ملیمى لەسەرە، یەکێکە لە تانکە سەرەکییانى وڵاتانى رۆژئاوا.
▪️ئەمریکا: بەگوێرەى میدیاکانى ئەمریکا بایدن رەزامەندى نیشانداوە بۆ ناردنی دەیان تانکی ئەبرامز.
ئەبرامز بە تانکى سەرەکى سوپاى ئەمریکا دادەنرێت و تۆپی 120 ملیمى لەسەرە.
▪️بەریتانیا: سەرۆکوەزیرانى بەریتانیا لەم مانگەدا رایگەیاند، تانکی چاڵنجەر2 بۆ ئۆکراین دەنێرن.
چاڵنجەر2 تانکى سەرەکى بەریتانیایە و تۆپی 120 ملیمى لەسەرە.
▪️پۆڵەندا: وارشۆ چاوەڕوانى رەزامەندى ئەڵمانیاى دروستکەرى لیۆپارد دەکات بۆ ئەوەى بۆ ئۆکراینی بنێرێت.
▪️نەرویج: بەگوێرەى میدیاکانى وڵاتەکە حکومەتى نەرویج لە گفتوگۆدایە بۆ رەوانەکردنى تانکى لیۆپارد بۆ ئۆکراین.
▪️فینلاند: وەزیری بەرگری فینلاند رایگەیاند، دەچێنە نێو گروپی ئەو وڵاتانەی تانکی لیۆپارد2 بۆ ئۆکراین دەنێرن.
▪️هۆڵەندا: سەرۆکوەزیرانی هۆڵەندا رایگەیاند، وڵاتەکەی ئامادەیە تانکی شەڕکەر بۆ ئۆکراین دابین بکات.
▪️ئیسپانیا: وەزیرى بەرگرى ئیسپانیا رایگەیاند، وڵاتەکەى هیچ کێشەیەکى نییە بۆ ناردنى لیۆپارد2 بۆ ئۆکراین.
▪️فەرەنسا: حکومەتی فەرەنسا بیر لە ناردنی تانکی لێکلێرک بۆ ئۆکراین دەکاتەوە.
لێکلێرک تانکى سەرەکى فەرنسایە و تۆپی 120 ملمی لەسەرە.