خەڵاتی نۆبڵی فیزیای ساڵی 2022 بە سێ زانا بەخشرا کە توێژینەوەیان لە بواری میکانیکی کوانتەم ئەنجامداوە.
هەریەکە لە ئالاین ئاسپێکت و جۆن کلاوزەر و ئەنتۆن زەیلینگەر دۆزینەوەیان لە بواری میکانیکی کوانتەم لەسەر هەڵسوکەوتی تەنۆلکە ژێر ئەتۆمییەکان کردووە.
ئەکادیمیای شاهانەی زانستەکانی سوید وتی خەڵاتکراوەکان – ئاسپێکتی فەرەنسیی، کلۆزەری ئەمریکی و زەیلینگەری نەمسایی – توانیان لێکۆڵینەوەی بنەڕەتی زیاتر بکەن و هەروەها بە ئەگەرێکی زۆرەوە ڕێگەیان بۆ تەکنەلۆژیای پراکتیکی نوێ پاککردەوە.
زاناکان تاقیکردنەوەیان لەسەر تێکەڵبوونی کوانتەم ئەنجامداوە، کە دوو تەنۆلکە بەیەکەوە گرێدراون بەبێ گوێدانە بۆشایی نێوانیان، بوارێک کە ئەلبێرت ئەنیشتاین خۆی تێیدا بە ئەنجام نەگەیشتبوو، کە جارێک لە نامەیەکدا بەیەکەوە بەستنی دوو تەنۆلکە لە دوورەوە بە “کارێکی قورس” ئاماژە کردووە.
زەیلینگەر لە چاوپێکەوتنێکدا ئەمساڵ دوای ئەوەی دکتۆرای فەخری پێبەخشرا وتی کە پەیوەندی پارێزراوی کوانتەم لە دووری هەزاران کیلۆمەتر لەرێگەی کێبڵ یان مانگی دەستکرد بەم زووانە بەردەست دەبێت.
خاوەن خەڵاتەکان لە تاقیکردنەوە پێشکەوتووەکاندا لێکۆڵینەوەیان لەوە کردووە کە چۆن دوو فۆتۆن یان زیاتر، یان تەنۆلکەکانی ڕووناکی، کە لە هەمان تیشکی لەیزەرەوە دێن، بەیەکەوە دەبەسترێنەوە تەنانەت کاتێک لە دوورییەکی زۆر لە یەکتریشەوە دابنرێن.
ئەم دۆزینەوەیە لە داهاتوویەکی نزیکدا دەبێتە هۆی ئەوەی پەیوەندی کوانتەمی لە هەموو جیهاندا درووست بکرێت، شتێک کە پێشتر لە زانستی فیزیادا مەحاڵ بووە.