ئەمساڵ خەڵاتی نۆبڵی فیسیۆلۆژی یان پزیشکی بەخشرایە زانای سویدی سڤانتی پابۆ بەهۆی دۆزینەوەکانی لەسەر پەرەسەندنی مرۆڤ.
پابۆ سەپەرشتی توێژینەوەیەکی کردووە کە تێیدا جیناتەکانی مرۆڤی مۆدێرن و نزیکترین جۆری مرۆڤە لەناوچووەکانی نیاندەرتاڵ و دێنیسۆڤانەکان بەراورد کراون.
ئەنجامی توێژینەوەکە دەریخستووە کە تێکەڵبوون و پەیوندییەک لە نێوان جۆرەکانی مرۆڤدا هەیە.
هەروەها بۆیان دەرکەوتووە کە گواستنەوەی جینەکان لەو مرۆڤانەی کە لەناوچوون، دوای کۆچکردنیان لە ئەفریقاوە نزیکەی 70 هەزار ساڵ لەمەوبەر، بۆ مرۆڤی ئێستا ڕوویداوە.
“ئەم گواستنەوەی جیناتە لە مرۆڤی کۆنەوە بۆ مرۆڤی ئێستا لەمڕۆدا پەیوەندییەکی فیسیۆلۆژی هەیە، بۆ نموونە کاریگەری لەسەر چۆنیەتی کاردانەوەی سیستەمی بەرگریمان هەیە بەرامبەر بە هەوکردنەکان.”
ئەنجامەکانی ئەم توێژینەوەیە یارمەتیدەر دەبن لە گەڕان بەدوای مێژووی پەرەسەندنی مرۆڤ و چۆنێتی بڵاوبوونەوەی مرۆڤەکان بە دەوری هەسارەی زەویدا.
کارەکانی ئەو زانا سویدییە دەگاتە دڵی هەندێک لە بنەڕەتیترین پرسیارەکان؛ ئێمە لە کوێوە هاتووین؟ چی وایکرد ئێمەی مرۆڤی مۆدێرن (هۆمۆ ساپیێنس) سەرکەوتوو بین و بمێنینەوە لە کاتێکدا جۆرەکانی پێش خۆمان لەناوچوون؟
لە ساڵانی نەوەدەکاندا توێژینەوەکان لەسەر کۆدی بۆماوەیی مرۆڤ بە خێرایی ئەنجام دەدرا. بەڵام ئەو توێژینەوانە پشتیان بە نمونەی تازەی دی ئێن ئەی دەبەست.
پڕۆفیسۆر پابۆ خولیای ئەوەبوو کە لە جیناتییە کۆن و تێکچووەکانی باوباپیرانمان بکۆڵێتەوە. بۆ یەکەمجار توانی توێژینەوە لە DNA پارچە ئێسکێکی تەمەن 40 هەزار ساڵ ئەنجام بدات.
ئەنجامی توێژینەوەکانی دەریانخست نیاندەرتاڵەکان، کە زۆربەیان لە ئەوروپا و ڕۆژئاوای ئاسیا دەژیان، جیاوازن لە هەردوو مرۆڤی مۆدێرن و شامپانزی.
ئەمەش پێمان دەڵێت کە جۆری هۆمۆ ساپیێنس (مرۆڤی مۆدێرن) سێکسی لەگەڵ نیاندەرتاڵەکان کردووە و وەچەیان خستووەتەوە، دوای ئەوەی نزیکەی 70 هەزار ساڵ لەمەوبەر لە ئەفریقاوە کۆچیان کردووە بۆ ناوچەکانی تری سەر زەوی.
تا ئەمڕۆش دەتوانن میراتی ئەو تێکەڵاوی کۆمەڵایەتییە بە ئاشکرا دەردەکەوێت. لە نێوان 1-4%ی DNA ی مرۆڤی مۆدێرن لە کەسوکاری نیاندەرتاڵەکانمانەوە دێت و تەنانەت ئەمەش کاریگەری لەسەر توانای جەستەمان هەیە بۆ وەڵامدانەوەی هەوکردن.