پارتی داد و گەشەپێدان (ئاکەپە) کە دەسەڵاتداری تورکیایە، گومانەکانی لەبارەی وادەی هەڵبژاردن رەواندەوە و یەکلایبوونەوەى رۆژى 14ى ئایارى بۆ ئەنجامدانى هەڵبژاردنەکانى تورکیا یەکلایکردەوە.
چەندین پرسی گرنگی وەک هەڵبژاردن، داخستنی هەدەپە، ئۆپراسیۆنی دەرەوەی سنور، پرسی ئەندامێتی سوید و فینلەندا لە ناتۆدا، گرژی نێوان تورکیا و یۆنان، قەیرانی ئابوری و هەڵاوسان و گرانی بازار لە تورکیا، وایکردووە، رۆژەڤی سیاسی، سەربازی، ئابوری و کۆمەڵایەتی بە خێرای گۆڕانکاری بەسەردا دێت.
ئەمڕۆ دوو پرسی گرنگ جارێکی دیکە ورۆژێنران کە پرسی هەڵبژاردن و داخستنی هەدەپەیە.
عومەر چەلیک، گوتەبێژی ئاکەپە لە بەرنامەیەکی کەناڵی سی ئێن ئێن تورکدا، ئاماژەی بە وادەی هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی و پەرلەمانی تورکیادا و گوتى سەرۆککۆمار روونکردنەوەی پێویستی لەبارەی وادەی هەڵبژاردنەکانداوە، ئاماژەی بە 14ی ئایار کرد و داشەکانی لە شوێنی خۆیدانا و گوتی ” پرۆسەی هەڵبژاردن بە فەرمی لە 10ی ئازارەوە دەستپێدەکات، بەڵام یەکلایی بووەتەوە کە هەڵبژاردنەکان لە 14ی ئایاردا بەڕێوە دەچن.”
قسەکانی چەلیک دوای ئەوەوە دێن کە رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا چەند رۆژێک پێش ئێستا رایگەیاند، راستە باسی 14ی ئایار کراوە، بەڵام لە 10ی ئازاردا بە تەواوی بڕیار لەسەر وادەی هەڵبژاردن دەدرێت و ئەوەش لەنێوان شەقامی تورکیا و پارتە سیاسیەکاندا مشتومڕێکی دروستکردبوو.
لە لایەکی دیکەوە، ژمارەیەک ریپۆرتەری دادگای دەستوری تورکیا، راپۆرتێکیان بڵاوکردەوە و داوایان لە سەرۆکایەتی دادگای دەستووری تورکیا کرد، پێویستە دادگای دەستووری، داواکاری پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە) بۆ دواخستنی دانیشتنی دادگایی دۆسیەی داخستنی پارتەکە رەتبکاتەوە.
ئەوەش لە کاتێکدایە کە بڕیارە دادگای دەستووری تورکیا لەبارەی داواکاری هەدەپە بۆ دواخستنی دانیشتنی دادگایی دۆسیەی داخستنی پارتەکە سبەینێ 26ی کانونی دووەم کۆبێتەوە و داواکاریەکە هەڵبسەنگێنێت.
دوێنێش، دەوڵەت باخچەکی سەرۆکی پارتی بزوتنەوەی نەتەوەپەرست (مەهەپە) کە هاوبەشی دەسەڵاتە، رایگەیاند، نابێت لەمە زیاتر دادگای دەستووری تورکیا دوابکەوێت و پێویستە هەدەپە دابخات، کە پشتگیری لە “تیرۆر” دەکات.
میدحات سانجار، هاوسەرۆکی هەدەپەش وڵامی باخچەلی دایەوە و گوتی “ئەگەر بە تۆن قفڵ بۆ داخستنی هەدەپە بهێنن، ئێمە هەر دەیکەنەوە.”