زووم، ئاژانسەکان:
لە 18ى ئەم مانگەدا رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆمارى تورکیا رایگەیاند، هەڵبژاردنەکانى سەرۆکایەتیى و پەرلەمانیى وڵاتەکە لە 14ى ئایارى داهاتوودا بەڕێوەدەچن.
هەڵبژاردنەکانى تورکیا چەندین پرسیارى بەدواى خۆیدا هێناوە: چۆن بڕیارى ئەنجامدانى هەڵبژاردن دەدرێت و کاتەکەى دیارى دەکرێت، پرۆسەى هەڵبژاردنەکە چۆن بەڕێوەدەچێت و کەى ئەو گۆڕانکارییانەى لە یاساى هەڵبژاردندا کراون جێبەجێ دەکرێن.
ئاژانسى ئانادۆڵو، وەڵامى 10 پرسیارى سەبارەت بە هەڵبژاردنەکانى داهاتووى تورکیا داوەتەوە کە ئێستا لە ناوخۆ و دەرەوەى وڵاتەکە گفتوگۆى زۆریان لەبارەوە دەکرێت.
1- چۆن بڕیارى ئەنجامدانى هەڵبژاردن دەدرێت؟
بەگوێرەى مادەى 116ى دەستوورى تورکیا پەرلەمان دەتوانێت بڕیار لەبارەى ئەنجامدانى هەڵبژاردن بدات بە دەنگى “سێ لەسەر پێنج”ى ئەندامەکانى، واتە لە کۆى 600 ئەندامى پەرلەمانى تورکیا (360 ئەندام بە بەڵێ) دەنگ بدەن.
هەروەها سەرۆکى وڵات مافى ئەوەى هەیە بڕیارى ئەنجامدانى هەڵبژاردن بدات، بەڵام لەم حاڵەتەدا دەبێت هەڵبژاردنەکانى سەرۆکاتیی و پەرلەمانیی پێکەوە و لە هەمان رۆژدا بەڕێوەبچن.
2- ماوەى نێوان بڕیارى ئەنجامدانى هەڵبژاردن و رۆژى بەڕێوەچوونى چەندە؟
بەگوێرەى مادەى 3 لە یاساى هەڵبژاردنەکانى سەرۆکایەتیى تورکیا، پاشئەوەى بڕیارى ئەنجامدانى هەڵبژاردن دەدرێت، لەماوەى 48 کاتژمێردا بڕیارەکە لە رۆژنامەى فەرمى بڵاودەکرێتەوە، لە یەکەم یەکشەممەى پاش تێپەڕبوونى 60 رۆژ بەسەر بڕیارەکەدا، هەڵبژاردنەکانى سەرۆکاتیى و پەرلەمانیى تورکیا بەڕێوەدەچن.
3- ئەگەر بڕیارى ئەنجامدانى هەڵبژاردن درا، سەرۆکى ئێستا لە ئەرکەکانى بەردەوام دەبێت؟
لە بڕگەى چوارەمى مادەى 4ى یاساى هەڵبژاردنەکانى سەرۆکایەتى تورکیا هاتووە، ئەگەر ویلایەتى سەرۆک کۆتایی هات یاخود ئەگەر هەڵبژاردن ئەنجامدرا یان ئەگەر نەتوانرا هەڵبژاردن بکرێت، سەرۆکى ئێستا لە ئەرکەکانى بەردەوام دەبێت تاوەکو سەرۆکى تازە لە پۆستەکەى دەستبەکاردەبێت.
4- ئەو گۆڕانکارییانەى لە یاساى هەڵبژاردن کراون کەى جێبەجێدەکرێن؟
بڕگەى کۆتایی مادەى 67ى دەستوور دەڵێت، “هەر گۆڕانکارییەک کە لە یاساى هەڵبژاردندا دەکرێت جێبەجێ ناکرێت تاوەکو ساڵێکى تەواو بەسەر مێژووى چوونە بوارى جێبەجێکردنییەوە تێپەڕدەبێت”.
واتە ئەو گۆڕانکارییانەى رۆژى 6ى نیسانى 2022 لە رۆژنامەى فەرمى بڵاوکرایەوە و دەڵێت ” بەربەستى هەڵبژاردن لە 10%ەوە کەمدەکرێتەوە بۆ 7%”، لە هەڵبژاردنەکانى پاش 6ى نیسانى 2023 جێبەجێ دەکرێت، واتە لە هەڵبژاردنەکانى چەند مانگى داهاتوودا ئەم گۆڕانکارییە جێبەجێ دەکرێت.
5- ئایا مێژووى بڕیاردانى ئەنجامدانى هەڵبژاردن یان رۆژى دەنگدان دەکرێتە بنەما بۆ تێپەڕبوونى ساڵێک بەسەر چوونە بوارى جێبەجێکردنى گۆڕانکارییەکانەوە؟
بەگوێرەى بڕیارى ژمارە 40ى لیژنەى باڵاى هەڵبژاردنەکانى تورکیا کە لە 4ى ئازارى 2011 دەرچووە، رۆژى دەنگدان بنەمایەکە بۆ جێبەجێکردنى ئەو گۆڕانکارییانەى لە یاساى هەڵبژاردنەکاندا کراون.
6- پاش دەرچوونى بڕیارى ئەنجامدانى هەڵبژاردن، لیژنەى باڵاى هەڵبژاردنەکان چى دەکات؟
دواى راگەیاندنى بڕیارى ئەنجامدانى هەڵبژاردنەکانى سەرۆکاتیی و پەرلەمانیی تورکیا، لیژنەى باڵاى هەڵبژاردنەکان دەستبەکارەکانى دەکات و خشتەیەکى کاتى ئامادە دەکات کە وادەى وەرگرتنى داواکارییەکانى خۆکاندیدکردن و هەموو ئەوانەى پەیوەندییان بە بنکەکانى دەنگدان و کارتى دەنگدانەوە هەیە لەخۆدەگرێت.
7- ئەگەر لە خولى یەکەمى هەڵبژاردنەکانى سەرۆکایەتییدا هیچ کاندیدێک نەیتوانى زۆرینەى دەنگەکان بەدەستبهێنێت، کەى خولى دووەم بەڕێوەدەچێت؟
راستەوخۆ لە دووەم یەکشەممەى پاش دەنگدانى خولى یەکەم، دەنگدەرانى تورکیا جارێکى دیکە روو لە سندوقەکانى دەنگدان دەکەن، لەم خولەدا تەنها ئەو دوو کاندیدە بەشدارى دەکەن کە لە دەنگدانى خولى یەکەمدا زۆرترین ژمارەى دەنگیان بەدەستهێناوە، ئەو کاندیدەى لەم خولەدا زۆرینەى دەنگ بەدەستدەهێنێت، بە سەرۆکى وڵات هەڵدەبژێردرێت.
لەحاڵەتێکدا ئەگەر لە خولى دووەمى هەڵبژاردنەکانى سەرۆکایەتییدا تەنها یەک کاندید هەبوو، ئەوا هەڵبژاردنەکە بە شێوازى “راپرسى” بەڕێوەدەچێت و ئەگەر کاندیدەکە زۆرینەى رەهاى بەدەستهێنا، بە سەرۆکى وڵات هەڵدەبژێردرێت.
8- بەربەستى پارتە سیاسییەکان چۆن هەژماردەکرێت؟
ئەگەر هەر پارتێک بە تەنها چووە نێو هەڵبژاردنەوە بۆئەوەى کورسى پەرلەمانیی بەدەستبهێنێت، پێویستە بەربەستى هەڵبژاردن (7%ى دەنگەکان) تێپەڕێنێت، بەڵام ئەگەر لە چوارچێوەى هاوپەیمانێتیدا بوو، پێویستە کۆى دەنگى ئەو هاوپەیمانێتییە، بەربەستى هەڵبژاردن تێپەڕێنێت.
9- چەند پارت بەربەستى هەڵبژاردن تێدەپەڕێنن ئەگەر لە چوارچێوەى هاوپەیمانێتیدا بەشداریى هەڵبژاردنیان کرد؟
بەگوێرەى مادەى 2 لە یاساى ژمارە 7393 پێویست ناکات هەموو ئەو پارتانەى لە چوارچێوەى هاوپەیمانێتیدا بەشداریی هەڵبژاردن دەکەن بە “تاک” بەربەستى 7% تێپەڕێنن، بەڵکو ئەگەر کۆى دەنگى هاوپەیمانێتییەکە گەیشتە 7% ئەوا وا دادەنرێت کە هەموو پارتەکانى نێو هاوپەیمانێتییەکە بەربەستى هەڵبژاردنیان تێپەڕاندووە.
10- چۆن ژمارەى پەرلەمانتارانى هەر پارتێک هەژماردەکرێت کە لە چوارچێوەى هاوپەیمانێتیدا بەشداریى هەڵبژاردنیان کردووە؟
ئەگەر هاوپەیمانێتییەکە بەربەستى هەڵبژاردنى تێپەڕاند، کۆى ژمارەى ئەو کورسییانەى بەدەستیهێناوە بەسەر پارتە پێکهێنەرەکاندا دابەشدەکرێت، ئەویش بەگوێرەى رێژەى دەنگى هەر پارتێک لە هەڵبژاردنەکەدا.