زووم, ئاژانسەکان:
تەنگژەى دۆلار عێراق ناچار دەکات روو لە ئەمریکا بکاتەوە، محەمەد شیاع سودانى، سەرۆکوەزیران رێگە خۆش دەکات بۆ بینینى جۆ بایند، سەرۆکى ئەمریکا.
گۆڤارى فۆرین پۆلیسی ئەمریکى لە راپۆرتێکدا باسی پەیوەندى سەرۆکوەزیرانەکانى عێراق لەگەڵ ئەمریکا دەکات و دەڵێت، هەمیشە سەرۆکوەزیرانەکان لە پشتى پەردەوە پشتگیریان لە مانەوەى هێزەکانى ئەمریکا لە عێراق کردووە.
دواى تەنگژەى بەهاى دۆلار، رۆڵى ئەمریکا و کاریگەرى لەسەر عێراق زیاتر هاتووەتەوە بەرباس، لەم نێوەندەدا بابەتى مانەوەى هێزەکانى ئەمریکاش لە عێراق باس دەکرێتەوە.
سێ ساڵ پێش ئێستا عێراق لە لێواری دەرکردنی سەربازانى ئەمریکیدا بوو، چەند رۆژێک دواى کوشتنی قاسم سولەیمانی، هێرشی موشەکی پێچەوانە بۆ سەر سەربازانی ئەمریکا لە عێراق گەیشتە لوتکە، لەوکاتەدا پەرلەمانی عێراق بە پشتیوانی سەرۆکوەزیرانی ئەوکاتە، دەنگێکی زۆریان بۆ دەرکردنی هێزە بیانییەکان لە وڵاتدا کۆکردەوە.
گۆڤارە ئەمریکییەکە لە زارى بەرپرسانى ئەمریکاوە دەڵێت، بەرپرسانی حزبوڵای لوبنان چاودێری دەنگدانی نێو پارلەمانیان دەکرد
گۆڤارە ئەمریکییەکە لە زارى بەرپرسانى ئەمریکاوە دەڵێت، دیمەنی ئەوکاتی بەغداد دۆخێکی شێواو بوو. بەرپرسانی حزبوڵای لوبنان کە لەلایەن ئێرانەوە پشتیوانی دەکرێن، چاودێری دەنگدانی نێو پارلەمانیان دەکرد، بەوپێەش پاداشت یان سزا چاوەڕێی پەرلەمانتارانی دەکرد.
جۆناسان لۆرد، کە پێشتر بەرپرس بوو لە وەزارەتى بەرگری ئەمریکا و یاریدەدەری کۆنگرێسیش بووە، کە ئێستا بەڕێوەبەری پرۆگرامی ئاسایشی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستە لە سەنتەری ئاسایشی نوێی ئەمریکا دەڵێت “ئەندامانی کەتایبی حزبوڵا لە دەرەوەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق نامەیان بۆ پەرلەمانتاران دەنارد، هەڕەشەیان لێدەکردن یان بەرتیلیان پێدەدان بۆ ئەوەی لە بەرژەوەندی دەرکردنی هێزە بیانییەکان دەنگ بدەن.”
بەگوێرەى راپۆرتى گۆڤارەکە رەنگە مانەوەی هێزە ئەمریکییەکان بۆ ماوەیەکی نادیار بەردەوام بێت. ئەمەش دوای ئەوە دێت کە سودانی لە یەکەم چاوپێکەوتنیدا لەگەڵ میدیاکانی رۆژئاوا، هەفتەی رابردوو بە وۆڵ ستریت جۆرناڵی راگەیاند، دەیەوێت ئەو دوو هەزار هێزە ئەمریکییەی لە عێراقدان و مەشق و راهێنان بە سەربازە عێراقییەکان دەکەن، بەردەوام بن لە کارەکانیان.
سودانی گوتویەتی “ئێمە پێمان وایە کە پێویستمان بە هێزە بیانییەکانە. “کۆتایپێهێنانى داعش پێویستی بە کاتی زیاترە.”
پشتیوانی ئاشکرای سودانی بۆ مانەوەی ئەمریکا لە عێراق، وەک خاڵێکی وەرچەرخان و کتوپڕی هەڵوێستی بەغداد دەبینرێت، بەڵام رەنگدانەوەی جوڵەیەکی بەردەوامی ساڵانی رابردووە بە ئاراستەی واشنتن.
سەرۆکوەزیرانەکانی عێراق هەمیشە لە پشتی پەردەوە پشتگیرییان لە مانەوەی سەربازانی ئەمریکا کردووە
بەرپرسانی پێشووی ئەمریکا بە فۆرن پۆلیسییان راگەیاندووە، سەرۆکوەزیرانەکانی عێراق هەمیشە لە پشتی پەردەوە پشتگیرییان لە گرنگی مانەوەی سەربازانی ئەمریکا کردووە، تەنانەت لەسەردەمی عادل عەبدولمەهدیشدا ئەم پشتگیرییە هەبووە، ئەوکاتەی لە ساڵی 2020دا گرژییەکانی نێوان ئەمریکا و ئێران گەیشتنە لوتکە، بەهۆى کوژرانی قاسم سولەیمانی و ئەبو مەهدى موهەندیس.
بەرپرسێکی باڵای پێشووی ئیدارەی ترەمپ کە بە مەرجی ئەوەی ناوی بڵاونەکرێتەوە قسەی بۆ فۆرن پۆلیسی کردووە و دەڵێت، لە گفتوگۆکاندا بەرپرسانی باڵای عێراق لەپشتی پەردەکانەوە پێان دەگوتین “ئێمە 100% پشتیوانی مانەوەی سەربازانی ئەمریکا دەکەین، هەم بۆ تێکشکاندنی داعش هەمیش بۆ کەمکردنەوەی هەژموونی ئێران بەسەر عێراقدا.
بەرپرسەکە گوتویەتی: “هەر کە پەردەکان لادەبران، گۆڕانکاری لە قسەى بەرپرسانى عێراقدا دەبیسترا. چونکە ئەوان دەبوو بەو شێوەیە مامەڵە بکەن.”
هەرچەندە سودانی، بە پشتیوانى بەشێکى ئەوانە بوو بە سەرۆکوەزیران کە بەوە ناسراون نزیکن لە ئێران، بەڵام لە دوایین هەوڵیدا هێزی دژە تیرۆری بەکارهێنا بۆ سەرکوتکردنی بە قاچاخبردنى دۆلار بۆ ئێران، ئەمەش بەلاى واشنتنەوە وەک هەنگاوێکی دڵخۆشکەر بۆ داڕشتنى سیاسەت دەبینرێت.
گۆڤارەکە دەڵێتن هەر ئەمەش بووە هۆی ئەوەی برێت مەکگۆرک، رێکخەرى کۆشکى سپی بۆ کاروبارى رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئەفریقیا چەند رۆژێک دوای لێدوانەکانی سودانی لەبارەی هێزەکانی ئەمریکاوە بگاتە بەغداد.
بەرپرسە باڵاکەی پێشووی ئیدارەی ترەمپ دەڵێت “راستە دەبێت بەرپرسانی عێراق هاوسەنگییان هەبێت، بەڵام پێویستیان بە پشتیوانی بەردەوامی ئەمریکاش هەیە.”
بەگوێرەى راپۆرتەکەى فۆرین پۆلیسی، ئەگەری زیاتر هاوکاریکردنی عێراق و ناردنەوەی دۆلاری زیاترى ئەمریکی بۆ وڵاتەکە و بوونی پەیوەندییەکی هاوسەنگترى واشنتن و بەغداد هاوشێوەی پەیوەندییەکانی واشنتن لەگەڵ وڵاتانی کەنداو، پاڵنەرێکی سەرەکین بۆ گۆڕینی ئاراستەی پەیوەنیدییەکەی نێوان عێراق و ئەمریکا.