زووم:
بڕیارە سبەی پێنجشەممە محەمەد سودانی سەرۆکوەزیرانی عێراق سەردانی فەرەنسا بکات، بە گوێرەی زانیارییەکان سودانی چاوی بە ئیمانوێل ماکرۆکی سەرۆکی وڵاتەکە دەکەوێت و تاوتوێی سێ دۆسیە دەکەن: ئاسایش، ئابووری و وەبەرهێنان.
سودانی لە گوتارێکیدا، کە لە رۆژنامەی لۆمۆندی فەرەنسی لە ژێر ناونیشانی “عێراق و فەرەنسا لە پەیوەندییە دوو قۆڵییەکانیاندا هەنگاو بەرەو داهاتوویەکی پرشنگدار دەنێن” بڵاویکردووەتەوە، نووسیویەتی، پاریس و بەغداد لە زۆر رووەوە هاوکاریی و هەماهەنگی لەنێوانیاندا هەیە، هەر لە سێکتەرەکانی تەندروستی و پەروەردەوە تاوەکو دەگات بە پەیوەندییە کەلتوری و بابەتەکانی پەیوەست بە کەشوهەوا.
سودانی دۆسیەکانی ئاسایش، ئابووری و وەبەرهێنان لەگەڵ سەرۆکی فەرەنسادا تاوتوێدەکات
ئەمە حەوتەمین گەشتی سودانییە بۆ دەرەوەی وڵات لەوکاتەوەی پۆستی سەرۆکوەزیرانی عێراقی وەرگرتووە، پێشتر سەردانی هەریەک لە عومان، ئێران، سعودیە، کوەیت، ئەڵمانیا و قەتەری کردووە.
لە دوای 2003ەوە سودانی حەوتەمین سەرۆکوەزیرانی عێراقە کە سەردانی فەرەنسا دەکات.
سودانی لە گوتارەکەی لۆمۆند دا، ئاماژەی بەوەداوە، عێراق پێشوازیی لە گەورە کۆمپانیاکانی بواری وزە دەکات لەنێویاندا تۆتاڵ ئینێرجی کە بێنە عێراق و دەست بە وەبەرهێنان بکەن، “لەکاتێکدا عێراق دووەم گەورەترین بەرهەمهێنەری نەوتە لە رێکخراوی ئۆپیک، هەروەها یەکێکە لەو وڵاتانەی زۆرترین یەدەگی نەوت و غازی هەیە لەسەر ئاستی جیهان”.
سەرۆکوەزیرانی عێراق، ئاماژەی بەوەداوە، چیدیکە عێراق پێویستی بە هێزی شەڕکەری بیانی نەماوە. هەروەها نووسیویەتی “هاوکارییەکانی نێوان پاریس و بەغداد ئاماژەن بۆ هەبوونی پەیوەندییەکی ستراتیژیی درێژخایەن لەنێوان هەردوولادا”.