زووم، رۆیتەرز
لەژێر فشاری واشنتن بۆ رێگریکردن لە چوونە دەرەوەى دۆلار، محەمەد شیاع سودانى، سەرۆکوەزیرانی عێراق هێزێکی دژەتیرۆری نارد بۆ بۆرسەکانی بەغداد بۆ رێگریکردن لەو بازرگانانەی دۆلاریان بە قاچاخ بردووەتە دەرەوەى وڵات کە دەگوترێت یەکێکیان کۆماری ئیسلامی ئێرانە.
هەڵمەتەکانی سودانی رۆژی شەممە لە بەغداد دەستیپێکرد، دەبنە تاقیکردنەوەیەکی پێشوەختە بۆ سەرۆکوەزیرانی عێراق، دوای ئەوەی لە مانگی تشرینی یەکەمی ساڵی رابردوودا و دوای زیاتر لە ساڵێک لە چەقبەستوویی سیاسی، دەستبەکاربوو، بەڵام ئێستا بە دۆخێکی سیاسی ناسکدا تێدەپەڕێت.
یەدەگی فیدراڵی ئەمریکا کۆنترۆڵی توندتری لەسەر مامەڵەی دۆلار لەلایەن عێراقەوە خستە بواری جێبەجێکردنەوە
یەدەگی فیدراڵی ئەمریکا لە مانگی تشرینی دووەمى 2022دا کۆنترۆڵی توندتری لەسەر مامەڵەی دۆلاری نێودەوڵەتی لەلایەن بانکە بازرگانییەکانی عێراقەوە خستە بواری جێبەجێکردنەوە.
ئاژانسی رۆیتەرز دەڵێت، ئەم هەنگاوەی ئەمریکا بۆ وەستاندنی بەقاچاغبردنی دۆلاربووە بۆ ئێران، بۆ ئەوەی گوشارەکان بۆسەر ئێران زیاتر بن، لەکاتێکدا تاران لە هەوڵی زیاتردایە بۆ بەدەستهێنانی دۆلار.
عەقیل فەتلاوی، پەرلەمانتاری دەوڵەتى یایا، کە سەر بە مەزهەبی شیعەیە، واشنتن تۆمەتبار دەکات کە بە ئەنقەست رێکارە نوێیەکانی وەک چەکێکی سیاسی لە دژی عێراق بەکاردەهێنێت.
ئەو دەڵێت “ئەمریکییەکان رێکارە توندەکانی گواستنەوەی دۆلار وەک پەیامێکی هۆشداری بۆ سەرۆکوەزیرانی عێراق بەکاردەهێننن بۆ ئەوەی لەگەڵ بەرژەوەندییەکانی ئەمریکادا بمێنێتەوە.”
فەتلاوی گوتى، پەیامی ئەمریکا ئەمەیە “کارکردن لە دژی ئێمە دەبێتە هۆی روخاندنی حکومەتەکەت.”
بەرپرسێکی باڵای بانکی لە عێراق رایگەیاند، ئەمریکا پەیامێکی روونی بۆ بەرپرسانی عێراق ناردووە، تێیدا هاتووە: “پابەندبن بە رێکارە نوێیەکانەوە ئەگەرنا بانکی ناوەندی عێراق روبەڕوی سزا دەبێتەوە.”
سودانی بۆ دڵنیابوونى کە داهاتى نەوتی وڵاتەکەی روبەڕوی رەخنەی ئەمریکا نابێتەوە، پشت بە بەردەوامیی نیازپاکی واشنتن دەبەستێت، لەهەمانکاتدا پێویستی بە یارمەتیییەکانی واشنتن بۆ بەرەنگاربوونەوەی چەکدارانی داعش هەیە.
رۆیتەرز دەڵێت، سودانی توانای پشکردنە ئێرانی نییە
رۆیتەرز دەڵێت، سودانی کە بە پاڵپشتی میلیشیا زلهێزەکان و پشتیوانی تاران هاتە سەر دەسەڵات، بۆیە توانای پشکردنە ئێرانی نییە.
ئەحمەد یونس، شرۆڤەکاری سیاسی کە لە بەغداد دادەنیشێت بە رۆیتەرزى گوتووە، سودانی لەبەردەم ئاڵنگارییەکى پێکەوە گرێدراودایە سەبارەت چۆنیەتی سیاسەتکردن بۆ راگرتنی باڵانس لەنێوان واشنتن و تاراندا. هەربۆیە سودانی ئەرکێکی قورسی لەپێشە و بەسەر پەتدا رێدەکات.”
تۆڕەکانی بەقاچاغبردنی دۆلار
ئێران پێویستی بە دۆلارە بۆ سەقامگیرکردنی ئابورییەکەی کە بەهۆی سزاکانی ئەمریکاوە کە لە ساڵی 2018ەوە لە دۆخێکی خراپدایە و لەوکاتەوە زیانێکی زۆری بەرکەوتووە. ئەمەش دوای ئەوە هات دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەوکاتی ئەمریکا لەگەڵ شەش وڵاتی زلهێزی دیکە لەگەڵ ئێران لە رێککەوتنی ئەتۆمی تاران کشایەوە.
لەدوای گیانلەدەستدانی ژینا ئەمینی، کچە کوردی 22 ساڵ و سەرهەڵدانى خۆپیشاندانەکان، تومەنی ئێرانی زیاتر 30%ى بەهاکەی بەرامبەر بە دۆلاری ئەمریکی لەدەەستدا.
بەگوێرەى راپۆرتەکەى رۆیتەرز ساڵانێکە دامەزراوە مەزهەبییەکانی عێراق چەندین کۆمپانیایان لە عێراقەوە تاوەکو تورکیا بەکارهێناوە بۆ بەدەستهێنانی دۆلار کە پێویستیانە بۆ مامەڵە نێودەوڵەتییەکان و بۆ دابینکردنی بودجە بۆ گروپەکانیان لە سەرانسەری رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا.
دوو راوێژکاری بانکە ئەهلیەکانی عێراق کە بەردەوام بەشداری کۆبوونەوەکان لەگەڵ بانکی ناوەندی دەکەن، بەو مەرجەی ناویان ئاشکرا نەکرێت دەڵێن “ئێران مانگانە نزیکەی 100 ملیۆن دۆلار لە بازرگانانی عێراق وەردەگرێت”.
بەرپرسانی ئەمنی عێراق رایانگەیاند، بەڵگەی بەهێزیان لەبەردەستە کە قاچاخچییەکان بڕێکی زۆر دۆلار دەکڕن و بە قاچاخ دەیبەنە ئێران
بەرپرسانی ئەمنی عێراق بەسەرپەرشتی سەرۆکوەزیرانی عێراق رایانگەیاند، بەڵگەی بەهێزیان لەبەردەستە کە قاچاخچییەکان بڕێکی زۆر دۆلار لە بازاڕەکانی دراوی بەغداد دەکڕن و لە رێگەی دەروازە سنورییەکانەوە بە قاچاخ دەیبەنە ئێران، ئەم قاچاغییەش بەتایبەتی لە ناوەڕاستی مانگی کانوونی دووەمەوە دەستیپێکردووە. رۆیتەرز ئەمەى نوسیەوە.
عەقیدێکی پۆلیسی سنووریی عێراق کە بنکەکەی لە دەروازەی شەلەمچەیە لە نزیک بەسرەی باشوری عێراق رایگەیاند، دەیان قاچاخچی لە بازاڕەکانی دراوی بەغداد دۆلار دەکڕن و جانتای قوتابخانە بەکاردەهێنن بۆ گواستنەوەی پارەکان و لەرێگەی ئۆتۆمبێلەوە لەژێر پاسەوانیی چەکداردا لە شاری بەسرەوە بۆ ئەودیوى سنور دەگوازرێنەوە.
ئەو هێزانەی کە هەڵمەتەکەی رۆژی شەممەیان ئەنجامدا، لە لایەن چەندین چەکداری نەناسراوەوە بە دەمانچە بازاڕی کیفاح تەقەیان لێکراوە، کە یەکێکە لە سێ بازاڕە سەرەکییەکەی دراو لە بەغداد.
گران و دۆخى ئابورى
بەگوێرەى ئەو رێکارە نوێیانەی ئەمریکا، بانکە عێراقییەکان دەبێت سیستمی ئۆنلاین بەکاربهێنن بۆ ئاشکراکردنی مامەڵەکانیان و وردەکارییەکانی لایەنی نێرەر و سودمەندەکانیان ئاشکرا بکەن. هەر بەگوێرەى رێکارەکان بەرپرسانی ئەمریکا دەتوانن ناڕەزایەتی دەرببڕن بەرامبەر بەو داواکارییانەی گومانیان لەسەر هەیە.
نەبیل ئەلمەرسومی، مامۆستای ئابوری لە زانکۆی بەسرە رایگەیاند، سیستمە نوێیەکە مامەڵەی دۆلاری خاوکردووەتەوە.
رێوشوێنەکانی بەرەنگاربوونەوەی بەقاچاغبردنی دۆلار کەلینێکی گەورەی لە دارایی گشتیدا بەجێهێشتووە. بەرپرسانی بانکەکان دەڵێن، ئەو بانکانەی خۆیان لە بەکارهێنانی سیستمی ئۆنلاین بەدوور گرتووە، پەنایان بۆ بازاڕە ئازادەکانی بەغداد بردووە بۆ کڕینی دۆلار، بەمەش کورتهێنانی دۆلاری دروستکردووە و خواستی لەسەر زیاترکردووە.
هاوکات نرخی کاڵای رۆژانە بەرزبووەتەوە و بەهای دیناری عێراقی دابەزاندووە.
سودانی لە هەوڵێکدا بۆ دڵنیاکردنەوەی عێراقییەکان رۆژی دووشەممە لە بۆنەیەکدا رایگەیاند “کۆمەڵێک بڕیاری بوێرانەمان داوە بۆ بەهێزکردن و سەقامگیرکردنی دیناری عێراقی و هۆشداری دەدەینە هەرکەسێک کە هەوڵی ئیستغلالکردنی قەیرانەکە بدات.