کۆمیتەی پاراستنی رۆژنامەنوسان CPJ، لە راپۆرتێکدا کە رۆژی سێشەممە لە ئەمریکا بڵاویکردەوە رایگەیاند بەراورد بە ساڵی 2021 رێژەی کوشتنی رۆژنامەنوسان لە ساڵی 2022 بە رێژەی لەسەدا پەنجا زیادی کردووە، ئەمەش بەرزترین رێژەیە لە ساڵی 2018وە
بە پێی راپۆرتەکە، ئەمریکای لاتین کوشندەترین ناوچەیە بۆ رۆژنامەنوسان بەو پێیەی 30 رۆژنامەنوس لەوێ کوژراون، ئەمەش نزیکەی نیوەی ژمارەی رۆژنامەنوسانی کوژراوی ئەمساڵە لە جیهاندا، کە 67 کەسن
ئەمریکای لاتین کوشندەترین ناوچەیە بۆ رۆژنامەنوسان
زیاد لە نیوەی حاڵەتەکانی کوژرانی رۆژنامەنوسان لە سێ وڵات بووە، ئۆکراین 15، مەکسیک 13 و هایتی 7
روماڵی هەواڵی سیاسی و گەندەڵی و تاوانکاری، لە جەنگ مەترسیدارترە بۆ رۆژنامەنوس
جودی گینسبێرگ، سەرۆکی کۆمیتەی پاراستمی رۆژنامەنوسان رایگەیاند، ئەم ئامارە ئاماژەیە بۆ پاشەکشێی ئازادی رۆژنامەنوسی، روماڵی هەواڵی سیاسی و گەندەڵی و تاوانکاریەکان، لە شەرە وێرانکەرەکان مەترسیدارترن بۆ رۆژنامەنوس.
بە پێی راپۆرتەکە 41 رۆژنامەنوس لە کۆی 67کەسەکە، راستەوخۆ بە هۆی کارەکانیانەوە کوژراون، لێکۆڵینەوە لە هۆکاری سەرەکی کوژرانی 26 رۆژنامەنوسەکەی دیکەش دەکرێت، رۆژنامەنوسە کوژراوەکان زۆرینەیان لە ناوخۆی وڵاتەکەیان کاریانکردوە و هەواڵی ناوخۆیان روماڵ کردوە.
لە مەکسیک بە هۆی روماڵی دۆسیەی گەندەڵی و توند و تیژی میلیشیاکان، 13 رۆژنامەنوس کوژراون کە بەرزترین رێژەیە لەو وڵاتە تا ئێستا.
لە فلیپین لەدوای هەڵبژاردنی سەرۆکی نوێی وڵات، کە بەڵێنی دابوو داکۆکی لە ئازادی رۆژنامەنوسان بکات، چوار رۆژنامەنوسی ناوخۆ کوژران کە روماڵی هەواڵی سیاسیان کردووە.