زووم:
“دورخستنەوەی پارێزگاری بانکی ناوەندی و دانانی کەسێکی دیکە لەلایەن سودانییەوە بڕیارێکی نایاساییە” ئەمە گوتەی سۆران عومەرە، کە ئەندامى لیژنەى دارایی پەرلەمانى عێراقە.
ئەم پەرلەمانتارە ئەمڕۆ نوسراوێکى فەرمى بۆ سەرۆکى پەرلەمان ناردووە و تێیدا داوا دەکات “جەخت بکرێتەوە لە جێبەجێکردنى یاساى بانکى ناوەندیی ژمارەى 56ى ساڵى 2004 لە پرسى دانانى پارێزگارى بانکى ناوەندیدا” دەشڵێت “نابێت پەرلەمان رێوشوێنە یاساییەکانى دانانى پارێزگاری بانکى ناوەندیی پشتگوێ بخات”.
ئەو داوایەى سۆران عومەر لەکاتێکدایە، دوێنێ دووشەممە سەرۆکوەزیرانی عێراق، مستەفا غالب- پارێزگاری بانکی ناوەندیی لە پۆستەکەی دورخستەوە و عەلی عەلاق-ی لە شوێنەکەی دانا “بە وەکالەت”.
بەگوێرەی یاساى بانکى ناوەندیی عێراق کە سۆران عومەر جەخت لە جێبەجێکردنى دەکاتەوە، لە مادەى 13دا رێوشوێنەکانى دانانى پارێزگارى بانکى ناوەندیی و دوو جێگرەکەى و ئەندامانى ئەنجومەنى بەڕێوەبردنى بانکەکەى روونکردووەتەوە.
بەگوێرەى ماددەى 13 ی یاسەکە، پارێزگارى بانکى ناوەندیى بە پلەى وەزیر دادەمەزرێنرێت بە پێشنیازکردنى لەلایەن سەرۆکوەزیرانەوە و پەسەندکردنى لەلایەن پەرلەمانى عێراقەوە.
ئەمە جارى یەکەم نییە کە یاساى بانکى ناوەندیی لە دانانى پارێزگارەکەیدا پشتگوێ دەخرێت، بەڵکو لە 11 ساڵى رابردوودا سەرۆکوەزیرانەکانى عێراق چوار پارێزگاریان بۆ بانکى ناوەندیی بە وەکالەت داناوە و هیچیان لە پەرلەمانەوە متمانەیان پێ نەبەخشراوە.
لە 11 ساڵى رابردوودا هیچ پارێزگارێکى بانکى ناوەندیی لە پەرلەمانەوە متمانەى پێ نەبەخشراوە
مالیکى ساڵى 2012 سنان شەبيبى لە پۆستى پارێزگارى بانکى ناوەندیی دوورخستەوە کە یەکەم پارێزگار بوو لە پاش ساڵى 2003ەوە، عەبدولباست ترکی لە شوێنەکەی دانا “بە وەکالەت”.
لە کۆتاییەکانى کابینەى دووەمى مالیکیدا لە مانگى ئەیلولى ساڵى 2014 ئەنجومەنى وەزیران عەبدولباست ترکی رەوانەى خانەنشینى کرد و عەلی عەلاق بە وەکالەت بوو بە پارێزگارى بانکى ناوەندیی.
مستەفا کازمیش لەگەڵ وەرگرتنى پۆستى سەرۆکوەزیران یەکێک لەو گۆڕانکاریانەى لە پۆستەکاندا کردى، گۆڕینى پارێزگارى بانکى ناوەندیی بوو، لە مانگى ئەیلولى 2020دا عەلی عەلاقى لە پۆستەکەى دوورخستەوە و مستەفا غالبى بە وەکالەت لە شوێنەکەى دانا.
رەنگە مانەوەی ئەم پۆستە بەوەکالەت، لەبەرژەوەندی هەموو سەرۆکوەزیرانێک بووبێت، چونکە لەماوەی 11 ساڵی رابردودا هیچ سەرۆکوەزیرانێک هەنگاوی بۆ ئەوە نەناوە کەسێک بۆ پەرلەمان پێشنیاز بکات و لەوێوە متمانەی پارێزگاری بانکی ناوەندی پێبدرێت.
هەر ئەمەشە پەرلەمانتارە کوردەکەی هێناوەتە دەنگ کە داوابکات لە پەرلەمانەوە متمانە بدرێت بەپارێزگاری بانکی ناوەندی، بە بۆچوونی سۆران عومەر ئەگەر بەمشێوەیەبێت “پارێزگاری بانکەکە سەربەخۆ دەبێت لە کارەکەیداو لە بەردەم لێپرسینەوەی پەرلەماندا بەدروستی ئەرکەکانی بەجێ دەهێنێت”.
دەشڵێت: هەر پارێزگارێکی بانکی ناوەندی بەوەکالەت لەلایەن سەرۆکوەزیرانەوە دانرابێت، کەوتووەتە ژێر کۆنترۆڵی سەرۆکوەزیران و رێگە یاساییە دروستەکە نەگیراوەتەبەر.