وەزارەتى دەرەوەى ئێران رایگەیاند، گەمارۆ نوێیەکانی یەکێتی ئەوروپا و بەریتانیا، پێشێلکردنی ئاشکرای مافەکانی مرۆڤە و بە “توندی” ئیدانەى دەکەن.
ناسر کەنعانی، گوتەبێژى وەزارەتى دەرەوەى ئێران لە کۆنفڕانسێکی رۆژنامەنووسیدا وڵامی گەمارۆ نوێیەکانی یەکێتی ئەوروپا و بەریتانیان لەسەر ژمارەیەک رێکخراو و کەسایەتی ئێرانی دایەوە و گوتی “ئەو هەنگاوەی بەریتانیا و یەکێتی ئەوروپا، نیشانەی ئەوەیە کە ناتوانن درک بە راستیەکانی ئێران بکەن و دیارە کە لە بەرامبەر کۆماری ئیسلامی ئێران شڵەژاون.”
ئێرانیش گەمارۆ دەخاتە سەر ژمارەیەک ناوەند و کەسایەتی رۆژئاوایی
کەنعانی دەڵێت، یەکێتی ئەوروپا و بەریتانیا ژمارەیەک کەسایەتی، رێکخراوی ئێران خستووەتە لیستی گەمارۆکانیەوە، بەڵام ئەو هەنگاوە ناتوانێت کاریگەری لەسەر ئیرادەیان دروست بکات.
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران لە کۆتایی قسەکانیدا ئەوەی خستەڕوو، ” کۆمارى ئیسلامی مافی خۆی بۆ وڵامدانەوەی ئەو گەمارۆیانە بەکاردەهێنێت و لە ماوەیەکی کورتدا، ژمارەیەک کەس و ناوەندی سەر بە رۆژئاواییەکان لە لیستی گەمارۆکانیەوە زیاد دەکات.”
دوێنێ دووشەممە 23ی کانونی دووەمی 2023، یەکێتی ئەوروپا راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و 18 کەسایەتی و 19 رێکخراوی ناوەندی سەر بە کۆماری ئیسلامی ئێرانی خستە لیستی گەمارۆکانیەوە.
هەروەها وەزارەتی دەرەوەی بەریتانیاش هەمان رۆژ رایگەیاند، چەند کەسایەتی، ناوەند و رێکخراوی ئێرانیان لە لیستی گەمارۆکانیان زیاد کردووە.
یەکێتی ئەوروپا بەنیاز نییە بەمنزیکانە سوپای پاسداران وەک رێکخراوی تیرۆریستی بناسێنێت
چوارشەممەی رابردوو پەرلەمانی ئەوروپا داوای لە یەکێتی ئەوروپا کرد، سوپای پاسدارانی ئێران بخاتە لیستی رێکخراوە “تیرۆریستیەکان” بەهۆی توندوتیژییەکانی بەرامبەر بە خۆپیشاندەرانى ئێران و پێدانى درۆن بە روسیا.
دوو رۆژ پێش ئەو داواکارییەی پەرلەمانی ئەوروپا، نزیکەی 12 هەزار کەس لە ستراسبۆرگ و لەبەردەم پەرلەمانی ئەوروپا گردبوونەوە، داوایان کرد وڵاتانی ئەوروپاش هاوشێوەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، سوپای پاسداران بخەنە نێو لیستی رێکخراوە “تیرۆریستیەکان”.
رۆبێرتا میتسۆلا، سەرۆکی پەرلەمانی ئەوروپا چووە دیداریان و پشتگیری لێکردن.
بۆریل جۆزێف، بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتی ئەوروپا پێش دەستپێکردنی کۆبوونەوەی وەزیرانی دەرەوەی یەکێتی ئەوروپا لە برۆکسل، بە رۆژنامەنووسانی راگەیاند، ئەم کارە پێویستی بە بڕیاری دادگایە “ناتوانیت بڵێیت تۆ بە تیرۆریست ئەزانم چونکە بەدڵم نیت”.
جۆزێب بۆریل، بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتی ئەوروپا رایگەیاند، ناتوانن سوپای پاسدارانی ئێران بخرێتە لیستی رێکخراوە “تیرۆریستیەکان” ئەگەر بڕیارێک لە دادگای یەکێتیەکە دەرنەچێت لەبارەی ئەو بابەتە.
رۆژئاوا بەهۆی نزیکبوونەوەی ئێران لە دروستکردنی کڵاوەی ئەتۆمی “ترسی” هەیە
رۆژنامەی زە ئێکسپرێسی بەریتانی لە زاری چەند سەرچاوەیەکی باوەڕپێکراوى خۆى بڵاویکردەوە، ئێران چەند هەفتەیەکی ماوە بۆ ئەوەی ئاستی پیتاندنی یۆرانیۆم بگەیەنێتە رێژەی 90%، ئەمەش رێژەی پێویستە بۆ بەرهەمهێنانی کڵاوەی جەنگی کە لە موشەکی بالیستی بەکاردەهێنرێت.
دکتۆر بەهرام گیاسی، پسپۆری ئەتۆمی بە رۆژنامەکەی راگەیاندووە، ئێستا ئێران 75 کیلۆگرام یۆرانیۆمی پیتاندوە و رێژەکەی 60%ە و لە چەند هەفتەی داهاتوودا ئاستی پیتاندنەکە دەگاتە %90.
سەرچاوەیەکی باڵای ئیسرائیل بە رۆژنامەکەی راگەیاندووە، هەرچەندە چین کێشەیەکی گەورە و درێژخایەنە بەو پێیەی بەهۆی پێدانی داهاتی نەوت بە ئێران سزاکانی سەر ئێران سوک دەکات، بەڵام زیاتر سەرقاڵین بە هاریکاریەکانی نێوان ئێران و روسیا.
رۆژنامەکە دەڵێت، ئیسترائیل هەڕەشەی ئەوە دەکات کە وەک دواچارەسەر، کردەی سەربازی ئەنجامدەدات بۆ سنوردارکردنی توانا ئەتۆمیەکانی ئێران، هەرچەندە ئومێدی هەیە کە پشتگیری لە دەوڵەتانی رۆژئاوا و دەوڵەتە ئیقلیمیەکان بەدەستبهێنێت، بەڵام ئامادەشە بەتەنها خۆی ئەو کارە ئەنجام بکات.