زووم:
نەتەوەیەکگرتووەکان لە رۆژی جیهانیی پەروەردە و فێرکردندا راگەیاند، عێراق لە خوارەوەی لیستى وڵاتانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستە لەبواری پەروەردەدا و دەبێت هەموو منداڵێک بخرێتە قوتابخانە و مافی پەروەردە فێرکردنی بۆ دەستەبەر بکرێت.
لە راپۆرتێکدا رێکخراوی یونسێفی سەر بە نەتەوەیەکگرتووەکان باس لەچەند ئاڵەنگارییەک دەکات کە کەرتی پەروەردەی عێراق پێیەوە دەناڵێنێت.
دەستڕاگەیشتن بە خوێندن
دەیان ساڵە ململانێ و کەمی وەبەرهێنان لە عێراقدا، کە پێشتر باشترین سیستمی پەروەردەی هەبووە لە ناوچەکەدا، لەناوبردووە و دەستڕاگەیشتنی منداڵانی عێراقی بە فێربوونی کوالیتی زۆر سنوردارکردووە. ئێستا نزیکەی 3.2 ملیۆن منداڵی عێراقی کە تەمەنیان لە قۆناغەکانی خوێندندایە، لە قوتابخانە هاتوونەتە دەرەوە.
لە سەلاحەدین و دیالە 355 هەزار منداڵ لە قوتابخانە دابڕوان
دۆخەکە بەتایبەتی لەو پارێزگایانەی کە ناکۆکی و کێشەی تێدایە، وەک سەڵاحەدین و دیالە جێگەی نیگەرانییە، بە هەردوو پارێزگاکە 90%ى ئەو منداڵانە پێکدەهێنن کە لە عێراقدا لە خوێندن بێبەشن.
لەو دوو پارێزگایەدا نزیکەی نیوەی هەموو منداڵانی بێبەش کە دەکاتە 355 هەزار منداڵ لە قوتابخانە دابڕاون. دۆخەکە بۆ کچان خراپترە، کە لە هەردوو خوێندنی سەرەتایی و ناوەندیدا بەشداریییەکی کەمیان هەیە لە ناوەندەکانی خوێندندا.
منداڵانی دەرەوەی قوتابخانە زیاتر روبەڕوی ئیستغلال و دەستدرێژی دەبنەوە وەک لە منداڵانی نێو قوتابخانەکان، لەوانەش کارکردنی بەزۆر، کردن بە چەکدار و هاوسەرگیری پێشوەختە.
كوالیتی فێربوون
منداڵان و مامۆستایانی عێراق بەهۆی جەنگ و ململانێکانەوە تووشی زەبر و زەنگی دەروونی ململانێ، ئاوارەبوون و لەدەستدانی ئازیزانیان بوونەتەوە. ئەم جۆرە زەبرە دەروونیە کاریگەری دەروونی درێژخایەنی هەیە لەسەر پرۆسە و تواناکانی فێرکردن و فێربوونیان.
ژێرخانی عێراق لە زۆر شوێنی وڵاتەکەدا وێرانە؛ لە هەر دوو قوتابخانەیەک یەکێکیان زیانیان پێگەیشتووە و پێویستی بە نۆژەنکردنەوە هەیە. ژمارەیەک قوتابخانە لە رۆژێکدا چەندین شەفت دەوامی تێدا دەکرێت بۆ ئەوەی زۆرترین خوێندکار لەخۆبگرن، بەمەش کاتی فێربوون بۆ منداڵان کەمدەکاتەوە.
بەڵگەکان دەریدەخەن جیاوازییەکی بەرچاو هەیە لە رێژەی سەرکەوتنی خوێندنی سەرەتایی بەگوێرى جۆری قوتابخانەکان و ئایا قوتابخانەکە چەند شەفت دەوامی تێدایە. رێژەی دەرچوونی ئەو خوێندکارانەی کە لە دەوامی بەیانیاندا دەخوێنن 92% یە لەکاتێکدا رێژەی دەرچوون بۆ دەوامی ئێواران 72% یە.
وەبەرهێنان لە پەروەردەدا
بودجەی نیشتمانی عێراق لە ساڵانی رابردوودا کەمتر لە 6%ی بۆ کەرتی پەروەردە تەرخانکراوە، بەمەش عێراق لە پلەی خوارەوەی لیستى وڵاتانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە دێت لەبواری پەروەردە و فێرکردندا.
جەنگ و ململانێ توانای حکومەتی عێراقی لاواز کردووە بۆ گەیاندنی خزمەتگوزاری پەروەردەیی کوالیتی بەرز بۆ هەمووان. توندوتیژی، زیانگەیاندن بە ژێرخانی ئابوری و ئاوارەبوونی بەکۆمەڵی منداڵان و خێزانەکان، دابینکردنی خزمەتگوزارییەکانی پەروەردەی لەو وڵاتەدا پەکخستووە.
لە عێراقدا حکومەت ئەولەویەتى داوە بە دەسەڵاتی لامەرکەزیەت بۆ دابینکردنی خزمەتگوزارییەکان، لەوانەش کەرتی پەروەردە. پێویستە توانای بەڕێوەبەرایەتییەکانی پەروەردە لەسەر ئاستی پارێزگاکان بەرزبکرێتەوە بۆ ئەوەی سەرپەرشتی جێبەجێکردنی سیاسەت و پلانەکانی پەروەردە فەراهەم بکرێت و کارمەندی زیاتر دابمەزرێت بۆ بەڕێوەبردن و سەرپەرشتیکردنی قوتابخانەکان و بەڕێوەبردنی ژێرخانی پەروەردەیی لە وڵاتدا.