زووم, ئاژانسەکان:
جۆزێب بۆریل، بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتی ئەوروپا رایگەیاند، ناتوانن سوپای پاسدارانی ئێران بخرێتە لیستی رێکخراوە “تیرۆریستیەکان” ئەگەر بڕیارێک لە دادگای یەکێتیەکە دەرنەچێت لەبارەی ئەو بابەتە.
چوارشەممەی رابردوو پەرلەمانی ئەوروپا داوای لە یەکێتی ئەوروپا کرد، سوپای پاسدارانی ئێران بخاتە لیستی رێکخراوە “تیرۆریستیەکان” بەهۆی توندوتیژییەکانی بەرامبەر بە خۆپیشاندەرانى ئێران و پێدانى درۆن بە روسیا.
نزیکەی 12 هەزار کەس لەبەردەم پەرلەمانی ئەوروپا داوایانکرد سوپای پاسداران بخرێتە لیستی تیرۆرەوە
دوو رۆژ پێش ئەو داواکاریەی پەرلەمانی ئەوروپا، نزیکەی 12 هەزار کەس لە ستراسبۆرگ و لەبەردەم پەرلەمانی ئەوروپا گردبوونەوە، داوایان کرد وڵاتانی ئەوروپاش هاوشێوەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، سوپای پاسداران بخەنە نێو لیستی رێکخراوە “تیرۆریستیەکان”. رۆبێرتا میتسۆلا، سەرۆکی پەرلەمانی ئەوروپا چووە دیداریان و پشتگیری لێکردن.
بۆریل جۆزێف، بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتی ئەوروپا پێش دەستپێکردنی کۆبوونەوەی وەزیرانی دەرەوەی یەکێتی ئەوروپا لە برۆکسل، بە رۆژنامەنووسانی راگەیاند، ئەم کارە پێویستی بە بڕیاری دادگایە “ناتوانیت بڵێیت تۆ بە تیرۆریست ئەزانم چونکە بەدڵم نیت”.
بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتی ئەوروپا دەڵێت: دەبێت یەکێک لە ئەندامانی یەکێتی ئەوروپا سزایەکی کۆنکرێتی دەربکات
ئاماژەی بەوەشکرد، دادگایەک لە یەکێک لە وڵاتە ئەندامەکانی یەکێتی ئەوروپا دەبێت سزایەکی یاسایی کۆنکرێتی دەربکات پێش ئەوەی وڵاتەکە یان یەکێتیەکە خۆی بتوانێت کار لەسەر ئەو بابەتە بکات.
دواى گیانلەدەستدانى ژینا ئەمینى، کچە کوردى سەقزیى، لە رۆژى 16ى ئەیلولى 2021 خۆپیشاندان لە رۆژهەڵاتى کوردستانەوە دەستیپێکرد و زۆرینەى شار و ناوچەکانى رۆژهەڵاتى کوردستان و ئێرانى گرتەوە.
بەگوێرەى راپۆرتى رێکخراوەکان زیاتر لە 520 کەس لە خۆپیشاندانەکاندا کوژراون و نزیکەى 20 هەزار کەسیش دەستگیرکران و سزاى لەسێدارەدانیش بەسەر چەند خۆپیشاندەرێکدا جێبەجێکرا.