حزبی شیوعی چین یاخود پارتی کۆمۆنیستی چین لە رێی 20ەمین کۆنگرەی نیشتمانییەوە، خۆی نوێدەکاتەوە.
رۆژی یەکشەممە، یەکەم رۆژی کۆنگرە بەرفراوانەکەی حزبی شیوعی چین دەستیپێکرد و دەیەوێت لە ماوەی شەش رۆژدا پێداچونەوە بە پێنج ساڵی رابردوودا بکات و پلانی ستراتیژی بۆ پێنج ساڵی داھاتووش دابنێت.
بەگوێرەی داتاکان، حزبی شیوعی چین نزیکەی 97 ملیۆن ئەندامی ھەیە، بەڵام دوو ھەزار و 296 ئەندام لە کۆنگرەدا بەشدارن، کە ھەموویان لە ناوچە جیاجیاکانی چین-ەوە روویان لە ھۆڵی گەورەی “گەل” لە پەکین کردووە.
کۆنگرە، بە گوتارێکى (شی جین بینگ)ى سکرتێرى حزب کە لە هەمانکاتدا سەرۆکى چینە دەستیپێکرد، بینگ رایگەیاند پەکین توانیویەتی دەست بەسەر هۆنگ کۆنگدا بگرێتەوە و بە توندیش روبەڕوى هەوڵى جیابوونەوەى تایوان بووەتەوە، بینگ هەڕەشەى بەکارهێنانى هێزى کرد لە دژى تایوان و گوتى ئەگەر هیچ چارەسەرێکی دیکە نەما، چین واز لە مافی خۆی ناهێنێت بۆ بەکارهێنانی هێز بەرامبەر تایوان.
(سون یە لی) وتەبێژی بیستەمین کۆنگرەی حزبی شیوعی چین-ەو دەڵێت: ھەمواری پەیڕەوی ناوخۆی حزب، ھەڵبژاردنی ئەندامانی بیستەمین لیژنەی مەرکەزی و چەند پرسێکی دیکەش لە کارەکانی کۆنگرە دەبێت.
لەنێو حزبی شیوعی چین-دا، دیسپلینێکی توند، داخراوییەکی زۆر، مەرکەزییەتێکی قوڵ پەیڕەو دەکرێت، بۆیە کەس نازانێت لە پشت پەردەی مەتبەخی کۆنگرەوە چی دەگوزەرێت.
ئەوەی ھەیە و دیارە تائێستا، پێگەی سەرکردەی حزبە، کە ھەموو ئاراستەکان دەچنەوە سەر ھەڵبژاردنەوەی (شی جین بینگ) بۆ سێیەم ویلایەتی یەک لەدوای یەک و بۆ پێنج ساڵی داھاتوو بە سکرتێری حزبەکە دەمێنێتەوە. کە لە سەرەتای ویلایەتی دووەمیدا بەڵێنی دا، روبەڕوی (پڵنگەکان) و (مێشولەکان) ببێتەوە، کە یەکەمیان ئاماژەیە بۆ سەرکردە گەندەڵەکانی حزب و دووەمیشیان بۆ ئەو کادرە بچوکانەی دەستیان لە سپیکردنەوەی پارەدا ھەیە.
شی تەمەنی 69 ساڵەو لە 15ى نۆڤێمبەری 2012وە سکرتێری گشتیی لیژنەی مەرکەزیی پارتی کۆمۆنیستی چین-ە و ئەگەر ھیچ سوپرایزێک رونەدات، ئەوا تا 2027 لە پۆستەکەیدا دەمێنێتەوە و ئۆتۆماتیکیش لە پۆستی سەرۆکی وڵاتدا بەردەوام دەبێت.
پارتی کۆمۆنیستی چین مێژوویەکی 101 ساڵەی ھەیە.سەرەتا لە 23ى تەمموزی 1921 لە پاش 10 ساڵ لە دروستبونی کۆماری چین، لە رەوشێکی پڕ نھێنیدا لەدایکبوە.
حزبەکە لەلایەن 13 دامەزرێنەرەوە بنەماکەی داڕێژراوە، کە ھەرە دیارترینیان (ماو تسی تۆنگ)ە.
ھەر خودی (ماو) لە یەکى ئۆکتۆبەری 1949، دامەزراندنی کۆماری گەلی چینی راگەیاند.
ھەرچەندە (چین) یەکەم وڵاتی جیھانە لەرووی ژمارەی دانیشتوانەوە، بەڵام پارتی (بەھاراتیا جاناتا)ی ھیندستان گەورەترین حزبی جیھانە و 180 ملیۆن ئەندامی ھەیە.